٢٥ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ٢١:٣٢
ساڵی2017 گرژترین ژینگەی سیاسی دەبێت لەپاش جەنگی دووەمی جیهانی

گرووپی ئۆڕاسیا كە گەورەترین كۆمپانیای راوێژكارییە بۆ ریسكی سیاسی، راپۆرتێكی لەبارەی پێشبینییەكانی بۆ ساڵی 2017 بڵاوكردەوە،

گرووپی ئۆڕاسیا كە گەورەترین كۆمپانیای راوێژكارییە بۆ ریسكی سیاسی، راپۆرتێكی لەبارەی پێشبینییەكانی بۆ ساڵی 2017 بڵاوكردەوە،

گرووپی ئۆڕاسیا(Eurasia)  لە راپۆرتێكدا هۆشداری دەدات لەوەی ساڵی 2017 رەنگە گرژترین ژینگەی سیاسی لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە بێتە ئارا. هۆكاری سەرەكیی ئەمەش بەبڕوای ئەو گرووپە ئەمریكییە، شێوەگرتنی جیهانێكی بێ "سەركردەی جیهانی"یە كە ئەوە بۆ شەش ساڵ دەچێ لە پێگەیشتندایە، ئەمەش جیهانێكە ئەمریكا تێیدا خۆی لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی سەركردایەتیكردنی دەدزێتەوە و رووسیا (لەڕووی سەربازییەوە) و چین (لەڕووی ئابوورییەوە) خەریكن بۆشاییەكانی پڕدەكەنەوە.

گرووپی ئۆڕاسیا گەورەترین كۆمپانیای راوێژكارییە بۆ ریسكی سیاسی، لە ساڵی 1998 دامەزراوە و ئۆفیسی سەرەكی لە شاری نیویۆركی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە.

ئەو گرووپە راپۆرتێكی لەبارەی پێشبینییەكانی بۆ ساڵی 2017 لە ماڵپەڕی گرووپەكە بڵاوكردووەتەوە. تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە كۆمەڵێك رووداو یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی زیاتر هەست بە كاریگەرییەكانی نەمانی سەركردەیەكی جیهانی بكرێ، لەوانەش "سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم لە دژی گڵۆبالیزم"، "لاوازبوونی پەیماننامەی ترەنس ئەتڵانتیك"، "دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا"، "شكستی گشتپرسییەكەی ئیتاڵیا بۆ چاكسازی لە حكومەت و سێنای ئەو وڵاتە"، "سەركەوتنی رووسیا لە سووریا"، "نەمانی فۆكەسی ئەمریكا لەسەر ئاسیا و فەشەلی پەیماننامەی ترەنس پاسیفیك".

ئەمریكای سەربەخۆ

دروشمی سەرەكیی ترەمپ "ئەمریكا پێش هەموو شتێك"ە، بەڵێنیشی داوە جارێكی دیكە ئەمریكا بكاتەوە بە "هێزێكی مەزن". بەپێی راپۆرتەكە ئەم دوو دروشمە لەسەر سەرەكیترین بەهای ئەمریكییەكان دامەزراوە: سەربەخۆیی ئەمریكا كە ئەمە جیهان و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان رووبەڕووی كۆمەڵێك هەڕەشە دەكاتەوە، لەوانە:

- بەكارهێنانی هێز بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا: واشنتن لە پێناوی بەرژەوەندیی هاوپەیمانەكانی هێز بەكارناهێنێ، بەڵكو بەكارهێنانی هێز پەیوەندی راستەوخۆی بە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاوە دەبێ.

- پشتكردنە بەها گەردوونییەكان: سەربەخۆیی ئەمریكا هەروەها وادەكات كە واشنتن چیدی خۆی وەكوو تاكە پارێزەری دیموكراسی، مافەكانی مرۆڤ و دەسەڵاتی یاسا لە جیهاندا نەبینێ، مەرج نییە ئەمریكا خۆیشی چیدی پابەندی ئەو بەهایانە بێت.

- هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنە بازرگانییە نێودەوڵەتییەكان: ئەمریكا زیاتر بایەخ بە باشتركردنی بژێویی كرێكارە ئەمریكییەكان دەدات، ئەمەش خۆی لە "بێ متمانەیی بە كۆمپانیا و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان" و "رازیكردنی كۆمپانیاكان بۆ هێشتنەوەی هەلەكانی كار لە ئەمریكا". دەبینێتەوە.

- لاوازبوونی پەیماننامە و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان: فەلسەفەی ترەمپ كاریگەری لەسەر ئەو رێككەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییانەش دەبێ كە لە درێژخایەندا بەرژەوەندییە جیهانییەكانی ئەمریكا دەپارێزن: لەوانەش ناتۆ، رێككەوتنی ژینگەپارێزیی پاریس و رێككەوتنی بازرگانیی ئازادی ئەمریكای باكوور. ئەمە جگە لەوەی سیاسەتی "سەربەخۆیی ئەمریكا" دەشێت گوشارێكی دارایی زۆر لەسەر رێكخراوی وەكوو نەتەوە یەكگرتووەكان و بانكی جیهانییش دروست بكات.

- جێهێشتنی بۆشایی بۆ رووسیا: دەسەڵاتدارانی مۆسكۆ وەك چۆن دەستیان وەردایە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا، لە هەڵبژاردنەكانی ئەوروپاشدا هەمان كار دەكەن. ترەمپ زۆر گوێی لەم مەترسییە نییە، ئەوروپاش توانا و مەیلی سەپاندنی سزای نوێی بەسەر رووسیادا نییە. ئەمە جگە لەوەی سەركەوتنەكانی ئەمدواییەی ئەسەد لە سووریا دەستی رووسیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست واڵاتر دەكات.

ئەوروپایەكی لاواز

بەگوێرەی راپۆرتی گرووپە ئەمریكییەكە، ساڵی 2017 ساڵێكی قورس دەبێ بۆ ئەوروپییەكانیش، لەبەر ئەوەی لە لایەكەوە مشتومڕی چۆنێتی دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا بێ متمانەییەكی قووڵ لە نێوان بەریتانیا و ئەوروپییەكان دروست دەكات. لەلایەكی دیكەوە، دوور نییە حیزبی راستڕەوی "بەرەی نیشتمانی" لە هەڵبژاردنی فەرەنسادا دەسەڵات بگرێتە دەست.

هەروەها حكومەتی توركیاش بەرەو بوون بە دەسەڵاتێكی پاوانخواز هەنگاو دەنێ و "رێككەوتنی كۆچبەران لە نێوان توركیا و یەكێتیی ئەوروپا دەكرێ بە ئاسانی هەڵوەشێتەوە". ئەمە جگە لەوەی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی هێرشە تیرۆریستییەكان و پۆپۆلیزم لە ئەوروپا هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر ئەم كێشوەرە دروست دەكات.

لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا ئەنگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا و پارتەكەی رووبەڕووی رەخنەی توند بوونەتەوە. لە كاتێكدا سیاسەتی كۆچبەریی مێركڵ (بە تایبەتیش دوای هێرشە چەكدارییەكان) رەخنەی زۆری لێدەگیرێ، سەرهەڵدانی پارتی "ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا" و پەرەسەندنی پۆپۆلیستەكان لە ئەڵمانیا وادەكات مێركڵ نەتوانێ خەونی "ئەوروپایەكی بەهێز" كرداری بكاتەوە.

رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.. تەكنۆلۆژیا و تیرۆر

بەگوێرەی راپۆرتەكەی ئۆڕاسیا، زۆربەی سنوورەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەلایەن ئەوروپییەكانەوە دانراون و هیچكات ئامانجی خوازراوی خۆیان نەپێكاوە. شەرعیەتی دەوڵەتەكانیش یان لە دەرەوە پارێزراوە یان بە پارەی سەرچاوەكانی وزە. پێشتر ئەمریكا پاراستنی ئاسایشی ئەم ناوچەیەی لە ئەستۆ گرتبوو، بەڵام ئێستا هەموو ئەم پاڵپشتییانە روویان لە كەمبوونەوە ناوە، جگە لەمە تەكنۆلۆژیاش "ناسەقامگیریی سیاسی ئەم ناوچەیەی زیاتر كردووە". گرووپە ئەمریكییەكە پێیوایە كۆمەڵێك هۆكاری هەنووكەیی رۆڵیان هەیە لەوەی ناسەقامگیریی ناوچەكە پەرەبستێنێ.

وزە: پەیمانی كۆمەڵایەتی لە بەشی هەرە زۆری ناوچەكەدا لەسەر بنەمای زۆر و زەوەندیی پارەی نەوت و غاز بووە، بەڵام ئەو شۆڕشەی لە بواری دەرهێنان و بەرهەمهێنانی وزەدا روویداوە، بووە هۆی ئەوەی نرخەكانی نەوت دابەزێ و ئۆپێك لاواز ببێت، ئەمەش وادەكات زۆربەی حكومەتەكانی ناوچەكە شەرعیەتی خۆیان لەدەست بدەن.

پەیوەندییەكان: رێگە نوێیەكانی پەیوەندی دەرفەتی ئەوەی بۆ گرووپە ئەتنیكی، ئاینی، تایفییەكان خۆش كردووە بتوانن لە نێوان خۆیاندا گرووپ پێكبهێنن و خەم و ئازارە هاوبەشەكانیان بخەنەڕوو. ئەمە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی هەر گرووپێك جیهانبینی تایبەت بەخۆی هەبێ‌ كە جیاواز بێت لە جیهانبینی گرووپەكانی دیكە. ئەمەش مەترسی بۆ سەر حكومەتەكانی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت.

هێرشی سایبیری: ئێران یەكێك لە گەورەترین بەكارهێنەرانی هێرشی سایبیرییە و زۆر كەمتر لە جاران بەربەستی بۆ دروست دەكرێت. نموونەی ئەمەش ئەو هێرشانەیە كە لە ماوەی رابردوودا كراوەتە سەر سیستەمەكانی سعودیە كە نە سعودیە و نە ئەمریكا هیچ كاردانەوەیەكی ئەوتۆیان لەبەرامبەریاندا نەبووە. جگە لەمە گرووپە توندڕەوەكانی ناوچەكەش خەریكە شارەزایی لە بواری هێرشی سایبیریدا پەیدا دەكەن و ئەمەش كێشەی گەورە بۆ سیستەم و حكومەتەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەنێتەوە.

گەنجی ناشارەزا و نەبوونی هەلی كار: بە گوێرەی راپۆرتەكە، یەكێك لە سامانە سەرەكییەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ژمارەی زۆری دانیشتووە گەنجەكانیەتی، بەگوێرەی تیۆرە ئابوورییەكان هەرچی ژمارەی دانیشتووە گەنجەكانی وڵات و ناوچەیەك زیاتر بێت، حكومەت قازانجێكی زیاتر دەكات. بەڵام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە لایەكەوە تەكنۆلۆژیا خەریكە هەلی كار لە گەنجەكان بڕفێنێت و گەنجەكانیش خۆیان شارەزایی پێویستیان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ پێویستییەكانی كار لە سەردەمی نوێدا نییە.

شەفافیەتی بەناچاری: ویكیلیكس، بەرپرسی كۆمیتەی نیشتمانیی پارتی دیموكراتەكانی ئەمریكا (DNC) ی ناچار كرد دەست لە كار بكێشێتەوە، هەروەها كاریگەریشی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا هەبوو. لاپەڕەكانی پەنەما سەرۆكوەزیرانی ئایسلەندای ناچار بە دەست لەكار كێشانەوە كرد، دوای ئەوەی دەركەوت سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە لە رێگەی كۆمەڵێك كۆمپانیای كەنارنشین و نهێنییەوە خۆی لە دانی باج دزیوەتەوە.

بەڵام كاردانەوەی خەڵكی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چی دەبێ كاتێك لەڕێی ئەم ئامرازانەی شەفافییەتەوە (وەكوو ویكیلیكس) بۆیان دەردەكەوێ سەركردەكانیان پارەكانی خۆیان لە ئەمریكا یان لەندەن خەواندووە؟ بەگوێرەی راپۆرتەكە "حكومەتە سەركوتكەر و لەرزۆكەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ پارێزگاری لە دەسەڵاتی خۆیان پێویستیان بە پاراستنی نهێنییەكانیانە، بۆ ئەوەی بتوانن سەقامگیری نێوخۆیی وڵاتەكانیان بپارێزن. بەڵام ئەم حكومەتانە (لەم سەردەمەی ئێستا) ئەم ئیمتیازەیان دەستناكەوێت".

گرووپەكە پێیوایە مەرج نییە جەنگی نێوان حكومەتەكان یان رووخانی حكومەتێك لە 2017دا رووبدات، بەڵام لاوازبوونی ئاسایشی جیهانی و سستبوونی ئابووریی جیهان و دروستبوونی بێ متمانەیی لە نێوان زلهێزەكانی جیهان وا دەكەن، ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ و پێكدادان لەم ساڵەدا زۆرتر بێت.