وێڕای ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران دژایەتی وڵاتەكەی بۆ بەشداریكردنی ئەمریكا لە كۆبوونەوەی ئەستانا رادەگەیێنێت، سەرۆكکۆماری ئێران دەڵێت بەبایەخەوە دەڕواننە کۆبوونەوەکە و بەپێویستیشی دەزانێت لەپێناو دەستەبەرکردنی ئاگربەست و ئاشتی یەکجارەکی لە سووریا، حكومەت و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە لە ئەنجامدانی كۆبوونەوە بەردەوام بن.
به پێی هەواڵ دەریی ئەهلی بەیت(ع) ، ابنا: حهسهن رۆحانی، سەرۆككۆماری ئێران، بەبۆنەی ساڵیادی رێککەوتنی ناوەکی ئێران، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لە تاران سازکرد و رایگهیاند، داعش و نووسرە ئاگربەستەکەی سووریایان تێکداوە و ئەوانی دیکەش بە ئاگربەستەکە پابەندن. گوتیشی "لەپێناو دەستەبەرکردنی ئاگربەست و ئاشتی یەکجارەکی لە سووریا، پێویستە کۆبوونەوەکان بەردەوام بن".
رۆحانی لەبارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان حكومهت و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە شاری ئەستانای پایتەختی كازاخستان گوتی "ھەرسێ وڵاتی ئێران، رووسیا و تورکیا ھەوڵێکی زۆریان دا بۆ رێكخستنی دانیشتنی ئەستانا، پرسی سووریا لە تاکە بابەتێک پێکنایەت، بابەتی زۆر ھەن پەیوەندییان بەیەکەوە ھەیە و رەنگە لە کۆبوونەوەکاندا چارەسەر بکرێن، بایەخ بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی ئەستانا دەدەین، ئەمە ھەنگاوی یەکەمە و پێویستە کۆبوونەوەکان بەردەوام بن".
هاوكات محەممەد جهواد زهریف، وهزیری دهرهوهی ئێران رایگهیاند، دژی بەشداریکردنی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکانی ئاستانە دەوەستن و، لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا ھەڵوێستی ئێران لهبارهی بەشداریکردنی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکانی ئەستانا چییە؟" زەریف گوتی "ئێمە ئەمریکامان بانگھێشت نەکردووە و دژی بەشداریکردنی ئەوانین".
تاوەكو رووسیا و توركیا نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكایان بۆ گفتوگۆكانی ئەستانا بانگهێشت نەكردوون، بەڵام پێشتر بەتایبەت توركیا جەختی لەسەر گرنگی رۆڵی ئەمریكا و بەشداریكردنی ئەو وڵاتە لە كۆبوونەوەكەی ئەستانا كردبووەوە.
رۆژی 23 ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی ئەستانا بەنێوەندگیری رووسیا، توركیا و ئێران لەنێوان حكومەت و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانی سووریا لە شاری ئەستانای پایتەختی كازاخستان بەڕێوەدەچێت و، تایبەتە بە گفتوگۆكردن لەبارەی داهاتووی سووریا و دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان.
تاوەكو ئێستا تەنیا سێ كورد بۆ كۆبوونەوەكە بانگهێشتكراون، ئەوانیش: ئیبراهیم برۆ، سەرۆکی ئەنەکەسە، عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی سووریا و ئەندامی سەرکردایەتی ئەنەكەسە، پارێزەر دەروێش میرکان.
لەبارەی بەشداری پەیەدە تاوەكو ئێستا مۆسكۆ و تاران بێدەنگن، بەڵام ئەنقەرە لەڕێگەی وەزیری دەرەوە بەشداری پەیەدەی بەهەموو شێوەیەك رەتكردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەو گرووپە هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ پەكەكەدا نییە، بەگوتەی بەرپرسانی توركیا، پەیەدە و یەپەگە هەوڵی پارچەکردنی سووریا دەدەن، ئەنقەرەش دەیەوێت یەکپارچەیی خاکی سووریا بپارێزێ.
٢٢ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ٠٠:٠٢
News ID: 806473
سەرۆكکۆماری ئێران دەڵێت بەبایەخەوە دەڕواننە کۆبوونەوەکە و بەپێویستیشی دەزانێت لەپێناو دەستەبەرکردنی ئاگربەست و ئاشتی یەکجارەکی لە سووریا، حكومەت و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە لە ئەنجامدانی كۆبوونەوە بەردەوام بن.