١٤ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ١٩:٣٦
موسڵ چی بەسەر هاتوە

شەڕ و پێکادانەکانى موسڵ گەیشتنە گەڕەکانى سەر ڕۆخى ڕوبارى دیجلە کە ڕێگەى پەڕینەوەن بۆ بەرى ڕۆژئاواى شارەک.

شەڕ و پێکادانەکانى موسڵ گەیشتنە گەڕەکانى سەر ڕۆخى ڕوبارى دیجلە کە ڕێگەى پەڕینەوەن بۆ بەرى ڕۆژئاواى شارەک.
 چەکدارانى داعش بەردەوامن لە ڕووبەڕوبوونەوەى هێزە عێراقییەکان و چەندین شێواز بۆ بەرگریکردن لەخۆیان بەکاردەهێنن، دواترینیان تەقاندنەوەى سێ پرد بوو لەسەر ڕووبارى دیجلە، کە بە وتە بەرپرس و فەرماندە سەربازییەکان تەنیا ئەو سێ پردە بە ساغى مابوونەوە.
لە ئێستادا ڕووباری دیجلە بووەتە سەنگەری پێشەوەی ڕەوبەڕووبوونەوەی داعش و هێزە عێراقییەکان و پلانی داهاتووی شەڕەکەش کە خۆی لە دەرکردنی داعش لە بەری ڕۆژئاوای شارەکەدا دەبینێتەوە، پێدەچێت بەمزوانە جێبەجێ بکرێت.


ڕۆژى هەینى هێزە عێراقییەکان پێشڕەویى خێرایان کرد و توانیان چەندین گەڕەک و ناوچە و دامەزراوەى حکومەت لە بەرى چەپى شارى موسڵ کۆنتڕۆڵبکەنەوە.


سەباح نوعمان، وتەبێژی هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق ڕایگەیاند، هێزەکانیان باڵەخانەی کۆمەڵگەی فەرمانگە حکومییەکان و باڵەخانەی پارێزگا و ئەنجومەنی پارێزگای موسڵیان کۆنترۆڵکردووەتەوە.
 ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانى دژە تیرۆر چوونەتە ناو زانکۆی موسڵەوە کە گرنگترین پێگەى داعش بووە لە ڕۆژهەڵاتى شارەکە و توانیویانە کۆمەڵگەى کەفائات و چەند بینایەکى ناو زانکۆکەکە کۆنتڕۆڵبکەنەوە.


لە ئێستاشدا مەترسی ئەوە لە ئارادایە چەکدارانی داعش ئەو ماددە تیشکدەر و ئەتۆمیانەیان کەوتبێتە دەست کە لە زانکۆى موسڵدا بۆ مەبەستى توێژنەوە سوودیان لێوەردەگیرا.


 هاوکات فەرماندەى ئۆپراسیۆنەکانى کۆنتڕۆڵکردنەوەى موسڵ، کۆنتڕۆڵکردنەوەى هەردوو گەڕەکی نەسر و فەیسەڵییەی لە بەرى چەپی موسڵ و لە ڕۆخى ڕوبارى دیجلە ڕاگەیاند، لەلایەکى ترەوە دواى ئەوەى لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا هێزە عێراقییەکان پردى چوارەمی موسڵیان کۆنتڕۆڵکردەوە، ڕۆژى هەینیش هێزەکانی دژە تیرۆر کۆنتڕۆڵکردنەوەى هەر دوو پردى حوڕییە و حەدیدیان ڕاگەیاند، بەوەش ئێستا لە کۆى پێنج پردەکەى موسڵ کە هەر دوو بەرى چەپ و ڕاستى شارەکە بەیەکەوە دەبەستنەوە، داعش تەنها دوو پردى بەدەستەوە ماوە.


ئەو پێشڕەوییانە لەکاتێکدان تەنیا لە ٥ ڕۆژی ڕابردوودا هێزە عێراقییەکان توانیویانە ٨ گەڕەک لە ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ کۆنتڕۆڵبکەنەوە و پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژێکی کەمدا تەواوی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی موسڵ کۆنتڕۆڵ بکرێنەوە و قۆناغی سێیەم و کۆتایی ئۆپراسیۆنەکە کە ئەویش کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی شاری موسڵە دەستپێبکات.


لەلایەکی ترەوە هێزەکانی حەشدی شەعبی گوندێکیان لە باشوری ناحیەی (تەل عەبتە) لە باشوری ڕۆژئاوای موسڵ کۆنتڕۆڵکردەوە کە دەکەوێتە نێوان هەردوو قەزای حەزەر و تەلەعفەرەوە.


بەپێی چەند وێنەیەکیش کە لەلایەن مانگە دەستکردەکانیەوە بڵاوکراونەتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لە پیسبوونی ژینگەى شارەکە بەهۆی سوتاندنی بیرە نەوتییەکانی گەیارە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازیی موسڵەوە.


بەوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ئێستا توانراوە ئاگری ١١ بیرە نەوت بکوژێنرێتەوە، بەڵام هێشتا ٢٩ بیرە نەوتی دیکە دەسووتێن و دووکەڵی ڕەشی ئاگرەکانیشیان هەوری ڕەشی لە ئاسمانی ناوچەکەدا دروستکردووە.