٣ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ١٥:١٧
دوایین گورزی ئۆباما لە نەتەنیاهۆ

چەند دەیەیە ئیسرائیل سیاسەتی نیشتەجێكردنی ئیسرائیللەكان لەو ناوچانە پەیڕەو دەكات كە لە ساڵی 1967 و لە دوای جەنگی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دەستی بەسەردا گرتن

دوایین گورزی ئۆباما لە نەتەنیاهۆ

چەند دەیەیە ئیسرائیل سیاسەتی نیشتەجێكردنی ئیسرائیللەكان لەو ناوچانە پەیڕەو دەكات كە لە ساڵی 1967 و لە دوای جەنگی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دەستی بەسەردا گرتن


رۆژی 23/12/2016، ئەمریكا بە دەنگدانی سپی رێگەی بە نەتەوە یەكگرتووەكان دا بڕیارنامەیەك لە دژی پرۆژەكانی نیشتەجێكردنی جوو لە ناوچە داگیركراوەكانی فەلەستین دەربكات. ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەمریكی و ئیسرائیلی ئاشكرایان كردووە ئەم بڕیارەی ئۆباما پەیوەندی بە سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكاوە هەبووە لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەمریكادا.

ئەم هەنگاوەی واشنتن لە كاتێكدایە كە ئۆباما تەنیا چوار هەفتەی لە كۆشكی سپی ماوە. رەنگە ئەمە دوایین گورزی سەختی ئیدارەی ئۆباما بێت لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل كە لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا بە دەگمەن هەنگاوە سیاسییەكانیان پێكەوە تەبا بووە. ئەم بڕیارەی ئیدارەی ئۆباما لە مێژووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا نەریتشكێنی بوو.

به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا: بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز، جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكای بەوە تۆمەتبار كرد كە لە پشت ئەم "هەنگاوە شەرمەزاركەرەن". بەرپرسە ئیسرائیلییەكە كە نەیویستووە نای ئاشكرا بكرێ، راشیگەیاند "ئیدارەی ئەمریكی بە نهێنی لەگەڵ فەلەستینییەكان پلانیان بۆ تێپەڕاندنی ئەم بڕیارنامە دژە ـ ئیسرائیلییە داناوە".

بەدواداچوونێكی تایبەتی وۆڵ ستریت جورناڵ پەردە لەسەر لایەنی شاراوەتری ئەو هەنگاوەی واشنتن هەڵدەداتەوە. بەگوێرەی راپۆرتێكی ئەم رۆژنامەیە، بڕیارنامەی تایبەت بە پرۆژەكانی نیشتەجێكردنی جوو لە كەناری رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئورشەلیم، ماوەی یەك ساڵ لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەستاودەستی پێكراوە. ژمارەیەك بەرپرسی ئەمریكیش بۆ رۆژنامە ئەمریكییەكەیان ئاشكرا كردووە كە ئاكامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، بژارەكانی بەردەم ئیدارەی ئۆبامای ئاڵۆزتر كردووە.

بەگوتەی ژمارەیەك بەرپرسی ئەمریكی، بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ئیدارەی كۆشكی سپی بە نیاز نەبووە هەنگاوێك بنێت كە دواتر كێشە بۆ هیلاری كلینتن دروست بكات، لەبەر ئەوەی كلینتن هەموو كات وەكوو پاڵپشتیكارێكی گەورەی ئیسرائیلییەكان سەیركراوە، بەڵام كلینتن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا دۆڕا. پلانی ئیدارەی ئۆباما بۆ چارەسەری كێشەی ئیسرائیل و فەلەستینییەكان لەسەر بنەمای دروستكردنی دەوڵەتی فەلەستین دامەزرابوو، ئەم رێگەچارەیە بە "رێگەچارەی دوو دەوڵەت" ناوی دەركردبوو، بەڵام پرۆژەكانی ئیسرائیل شكستی بە هەوڵەكانی ئیدارەی ئۆباما هێنا.

ژمارەیەك بەرپرسی ئیسرائیلیش ئاشكرایان كردووە حكومەتی وڵاتەكەیان چاوەڕێی ئەوەیان دەكرد كۆشكی سپی پاش سەركەوتنی ترەمپ كۆمەڵێك هەنگاو بنێت كە لە بەرژەوەندی سیاسەتی حكومەتی ئیسرائیل نین.

رۆژی 12ی كانوونی یەكەم جۆن كێری لە واشنتن لەگەڵ دانوستانكاری فەڵەستینییەكان كۆببووەوە. بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیل لەمبارەیەوە بە رۆژنامە ئەمریكییەكەی راگەیاندووە  لەو كۆبوونەوەیەدا "كێری لەگەڵ فەڵەستینییەكان پیلانی ئەوەیان داناوە بڕیارنامەكە تێپەڕێنن". بۆ ئەم مەبەستەش ئەمریكا ئامادەیە دەنگی سپی یان بێلایەن بە بڕیارنامەكەی كۆمەڵگای نێودەوڵەت بدات.

هەڵبەت دیپلۆماتە فەڵەستینییەكان لە تشرینی یەكەمی ئەمساڵەوە بیریان لەوە كردبووەەوە هەوڵ بۆ ئامادەكردنی بڕیارنامەیەكی ئەنجوومەنی ئاسایش بدەن. بۆ ئەم مەبەستەش دوو رەشنووسیان ئامادەكردبوو. یەكەمیان ئیدانەی پڕۆژەی نیشتەجێكردنی ئیسرائیل دەكات، دووەمیان داوا دەكات دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستیندا بنرێت كە دواتر وازیان لێی هێنا، چونكە گومانیان هەبووە ئەمریكا بتوانێ پشتیوانی لێبكات. بۆیەش هەوڵەكانیان لەسەر رەشنووسی یەكەم چڕكردووەتەوە.

لە كۆتایی مانگی پێشوو، كۆبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە بەڕێوەچوو، لەو كۆبوونەوەیەدا داوا كرا میسر، وەكوو تاكە وڵاتی عەرەبی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش، سەرپەرشتی هەوڵی فەڵەستینییەكان بكات. میسر ئەم بەرپرسیارێتییەی قەبووڵكرد، بەڵام پاش پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ترەمپ و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر، قاهیرە رەشنووسەكەی خۆی كێشایەوە.

هەمان شەو ئۆباما كۆنفرانسێكی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆن كێری، جۆزێف بایدن، جێگری ئۆباما و سامانسا پاوەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان سازدابوو. پەیامی ئۆباما روون بوو، واتە سەرۆك ئامادەیە دەنگی سپی بە بڕیارنامەكە بدات، لە هەمانكاتیشدا داوای كردبوو لە دوایین گۆڕانكارییەكان لە رەشنووسی پڕۆژە بڕیارەكە ئاگادار بكرێتەوە.

رەشنووسی بڕیارنامەكە لە لایەن نیوزیلاند، مالیزیا، ڤەنزوێلا و سنیگال ئامادەكرابوو و داوای راگرتنی پرۆژەكانی نیشتەجێكردن لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ناوچە داگیركراوەكان دەكات. رۆژی پێشتر میسر پێشنیازێكی هاوشێوەی ئامادەكردبوو، بەڵام لە ژێر گوشاری ئیسرائیل و ترەمپ رەشنووسەكەی خۆی كێشایەوە.

هەنگاوەكەی ئیدارەی ئۆباما ناڕەزایەتی كۆمارییەكان و دیموكراتەكانی لێكەوتووەتەوە، هەردوو لایەنیش جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە ئەمریكا دەبوایە وەكوو نەریتی هەمیشەیی خۆی ئەم جۆرە بڕیارنامانە كە لە دژی ئیسرائیلن، ڤیتۆ بكات، هەڵبەت سەرۆكە یەك لە دوای یەكەكانی ئەمریكا بەردەوام دژایەتی خۆیان لەگەڵ پڕۆژەی نیشتەجێكردن لە ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دەربڕیوە، بەڵام هیچكات ئەم دژایەتییە خۆی لە چوارچێوەی بڕیارێكی یاسایی و سیاسیدا نەبینیبووەوە.

دوایین هەفتەكانی دەسەڵاتی ئۆباما بە "زۆن یان ماوەی كوشتن" ناوی دەكردووە كە تێیدا ئیدارەی ئێستای كۆشكی سپی كۆمەڵێك هەنگاو دەنێت یان بڕیار دەدات كە هەڵوەشاندنەوەیان بۆ ئیدارەی داهاتووی كۆشكی سپی ئاسان نابێت. سەرەڕای ئەمە ترەمپ دوای تێپەڕینی بڕیارنامەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە تویتێكدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە "لە پەیوەندی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكاندا، لە دوای 20ی كانوونی دووەم شتەكان جیاواز دەبن". بێن رۆدز، جێگری راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا، لە وەڵامی ئەو تویتەی ترەمپ گوتبووی "حاڵی حازر ئەمریكا تەنیا یەك سەرۆكی هەیە".

ئیسرائیل پابەند نابێت

چەند دەیەیە ئیسرائیل سیاسەتی نیشتەجێكردنی ئیسرائیللەكان لەو ناوچانە پەیڕەو دەكات كە لە ساڵی 1967 و لە دوای جەنگی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دەستی بەسەردا گرتن. زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل  بە نایاسایی دەزانن و پێیانوایە بەربەستێكی سەرەكییە لە بەردەم ئاشتیدا.

بەپێی بڕیارنامەیەكی نەتەوە یەكگرتووەكان كە رۆژی 23/12/2016 دەنگی لەسەر دراوە، داوا لە حكومەتی ئیسرائیل دەكرێ "دەمودەست و بە تەواوەتی چالاكییەكانی نیشتەجێكردن لە ناوچەی داگیركراوی فەڵەستین رابگرێت. چونكە ئەو چالاكیانە هیچ ئیعتیبارێكی یاسایی نییە و پێشێلكردنێكی زەقی یاسای نێودەوڵەتییە". بەڵام بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند "ئیسرائیل پابەندی بڕیارنامەكە نابێت".