ئەمریكا و ئیسرائیل رەخنەی تووند لە یەكدی دەگرن
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هۆشداری دەداتە ئیسرائیل لە مەترسییەكانی جێبەجێنەكردنی چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل-یش دەڵێت، بەڵگەیان هەیە ئەمریكا لەپشت بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش بووە لەبارەی كۆمەڵگە جوونشینەكان.
به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا:لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی پرسی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەی باراک ئۆباما بە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ئیسرائیلەوە پابەندبووە و بە هەموو شێوەیەکیش یارمەتی ئەو وڵاتەی داوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە واشنتن روونیکردەوە، باشترین چارەسەر بۆ کێشەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل هەبوونی دوو دەوڵەتە لە تەنیشت یەکدیدا.
جۆن کێری دەشڵێت، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەمریکا هەوڵی زۆری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە داوە، بەڵام "تووندوتیژی و تیرۆر و بەرفراوانبوونی کۆمەڵگە جوونشینەکان" خەریکە ئومێدی گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە لەنێودەبات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاند، بە ئاشكرا و نهێنی رەخنەیان لە بەرپرسانی دەسەڵاتی فەڵەستین گرتووە بۆ ئیدانەنەكردنی "كردەوە تیرۆریستییەكان" له بەرامبەر ئیسرائیلییەكان.
ئەم گوتارەی جۆن کێری دواى ئەوە هات، لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی ئیسرائیل رەخنەی تووندیان لە ئەمریکا گرت، لە بەرامبەر رێگەدان بە دەرچوونی پرۆژەبڕیارەکەی رۆژی هەینی رابردووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ئیدانەكردنی دروستكردنی كۆمەڵگە جوونشینەكان لەسەر خاكی فەڵەستین.
لە وەڵامی گوتەكانی جۆن كێری، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا هێرشی تووندی كردە سەر ئیدارەی ئۆباما و رایگەیاند "بەڵگەمان لەبەردەستە ئەمریکا لەپشت بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش بووە لەبارەی کۆمەڵگە جوونشینەکان".
نەتانیاهۆ راشیگەیاند، لەگەڵ ئیدارە ترەمپ کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەن.
هاوكات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لە تویتێكدا لەسەر ئەو پرسە داوای لە ئیسرائیل كرد "بە بەهێزی بمێنێتەوە تاوەكو ئەو كاتەی مانگی داهاتوو دەچێتە كۆشكی سپی".
زیاتر لە 500 هەزار جوو لە 140 كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون دەژین، كە لە ساڵی 1967ـەوە دەستكراوە بە دروستكردنیان لە كەناری رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی قودس.
بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان دروستكردنی ئەو كۆمەڵگە جوونشینانە نایاسایین و داگیركارین، بەڵام ئیسرائیل پابەندی ئەو یاسایە نەبووە.
٢٩ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ١٩:١٦
News ID: 801590
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هۆشداری دەداتە ئیسرائیل لە مەترسییەكانی جێبەجێنەكردنی چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل-یش دەڵێت، بەڵگەیان هەیە ئەمریكا لەپشت بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش بووە لەبارەی كۆمەڵگە جوونشینەكان.