وتەبێژی دەوڵەتی عێراق ڕایگەیاند: دەستوەردانی سەربازییانەی تورکیا لەو وڵاتە بە پێشێل کردنی یاساو ڕێسا نێونەتەوەییەکان و سەروەریی عێراق دێتە ئەژمار.
سەعد ئەلحەدیسی وتەبێژی دەوڵەتی عێراق ڕۆژی یەکشەممە لە وتووێژ لەگەڵ تەلەفزیۆنی سەعودیی ئەلحەدس ڕایگەیاند: پێداگریی دەوڵەتی تورکیا لە مەڕ دەستوەردانی سەربازی لە باکووری عێراق کاریگەریی نەرێنیی لە سەر داهاتووی پەیوەندییەکانی هەردووک وڵات دەبێت.
ئەلحەدیسی وێڕای ئاماژە کردن بۆ نەیارەتیی دەوڵەتی عێراق لەمەڕ دەستوەردانی سەربازییانەی تورکیا لە تێکهەڵچونەکانی موسڵ وتیشی: دەوڵەتی عێراق لە بارەی دەوڵەت و یان گەلی تورکیا پێش داوەری ناکات، بەڵام لە دەوڵەتی تورکیای دەوێ هەڵوێستێکی ڕوون لە بارەی هۆکاری ئامادە بوونی هێزەکانی لە خاکی عێراق ئاراستە بکات.
وتەبێژی دەوڵەتی عێراق پێی داگرت: دەوڵەتی عێراق پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی و ڕۆشنبیریی باشی لەگەڵ تورکیادا هەیەو بەنیازی پاراستنی ئەم پەیوەندییانەشە، بەڵام دیارە ناتوانێ لە هەمبەر پێشێلکرانی سەروەریی عێراقیش کەمتەرخەم بێت.
تورکیا لە کۆتایی ساڵی 2015 وە سەدان چەکداری خۆی بە شێوەیەکی نایاسایی لە بنکەی باشیکی موسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا بە بیانووی ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگەی کورد و بەربەرەکانێی دژی تیرۆریستان مۆڵ داوە.
.......
300