١٢ تشرینی یەکەم ٢٠١٦ - ٠٧:٤٠
عاشورای حسێنی و ئێران لە شینگێڕی شەهیدانی کەربەلادا

لە رۆژی عاشورای حوسێنی و ساڵڕۆژی شەهیدبوونی حەزرەتی ئیمام حوسێن(ع)، ئیمامی سێیەمی شیعەکان- ئێران، ڕەشپۆشەو لەماتەم و خەمی شەهیدانی کەربەلا دایە.

ئەمڕۆ چوارشەممە دەیەمین ڕۆژی مانگی موحەڕەمی١٤٣٨ی کۆچی مانگی(١٢ی ئۆکتۆبری٢٠١٦) ، ڕۆژی عاشورای حسێنییە.

ڕۆژی دەی موحەڕەم، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی سالاری شەهیدان-حەزرەتی ئیمام حوسێن(ع)ـە کە لە دەیەمی موحەڕەمی ساڵی٦١ی کۆچی لە کەربەلا لە تەمەنی٥٧ساڵاندا شەهید کران.

حەزرەتی ئیمام حوسێن(ع) لەبارەی رۆژی ڕووداوەکەی کەربەلاو لەڕێی مەککە بۆ کەربەلا، هەتا کاتی شەهیدبوون، بەئاشکرا فەرمووی: "ئامانجی من لە حەرەکەت کردن، ریسوا کردنی حکومەتی دژە ئیسلامیی یەزید و بەڕێوەبردنی ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکەر و خۆڕاگریی لەهەمبەر زوڵم و ستەم و چەوساندنەوەیە و جگە لە داکۆکی قورئانی پیرۆز و زیندوو ڕاگرتنی دینی ئیسلامی پاکی موحەممەدی، هیچ ئامانجێکی دیکەم نییە".

ئەوە، ئەو فەرمانبەرێتییە بوو کە خوداوەند بە حەزرەتی ئیمام حوسێن(ع)ی سپاردبوو و لەپێناو جێ بەجێ کردنی ئەو فەرمانبەرێتییە نیوەڕۆی ڕۆژی عاشورا لەگەڵ حەزرەتی "ابوالفضل عباس" ، برای بەڕێز و یارانی بەوەفای پاش خوێندنی نوێژی نیوەڕۆ، بەدەست یەزیدییەکان شەهید کران.

خەڵکی خواپەرست و بەبڕوای ئێرانی ئیسلامی لە ڕۆژانی مانگی موحەڕەمدا بەتایبەت لە شەو و ڕۆژی تاسوعاو عاشورای حوسێنی بەئامادەبوون لە حوسێنییەکان، مزگەوتەکان و گڵکۆی حەزرەتی ئیمام ڕەزا(ع) -ئیمامی هەشتەمی شیعەکانی جیهان- لە مەشهەد و گڵکۆی پاکی حەزرەتی مەعسومە(س) لە شاری پیرۆزی قوم ، تازیەداری دەکەن.

سەداوسیمای کۆماری ئیسلامیی ئێران ، بەبۆنەی ڕۆژانی شەهیدبوونی حەزرەتی"ابوالفضل عباس" و حەزرەتی ئیمام حوسێن(ع) لە گشت موسڵمانان بەتایبەت شیعەکانی جیهان و ڕزگاریخوازانی دیکەی جیهان، سەرەخۆشی دەکات....

کۆتایی کورتە نامە/310