پاش شکستی ئاگربڕی تەوافوقی ڕووسیا و ئەمریکا لە سوریا، ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی حەڵەب ، پەرەی سەندووە. مەیدانی شەڕ لە حەڵەب تەنگی هەڵچنیوە بە تیرۆریستان و نەیارانی چەکداری بەناو میانەڕەو. سەرکەوتنی سوپای سووریا بەیارمەتی هێزەجه ما وه رییه کان لە ناوچە جیاجیاکانی حەڵەب، هاوکێشەکانی گۆڕیوەو شەڕ لەو ناوچە ستراتژیکییە، بووەتە شەڕی مان ونەمان بۆ نەیارانی چەکدار و تیرۆریست.
سوپای سووریاو هێزە هاوپەیمانەکانی دوێنێ یەکشەممە لەدرێژەی پێشڕەوییەکانی لەباکووری ڕۆژهەڵاتی حەڵەب توانیان زاڵ بن بەسەر نەخۆشخانەی ئەلکەندی و ناوچەی بەقارە و شەقیف لەو ناوچەیەو بەرەوڕووی شەڕێکی قورس بوونەوە لەگەڵ تیرۆریستاندا لە ناوچەکانی بوستان باشاو شێخ خزر لە ڕۆژهەڵاتی حەڵەب.
بەقسەی یەکێک لە سەربازانی سوری، نەخۆشخانەی ئەلکەندی پاش سێ ڕۆژ بەیارمەتی سوپاو هێزە خۆڕاگرە جەماوەرییەکان ئازاد کرا. جگە لەوەش، سوپای سووریا توانی کۆنترۆڵی دوو ناوچەی ستراتژیکی"الجندول" و "العویجه"بگرێتەدەست و ئەو سەرکەوتنە، تیرۆریستان و نەیارانی چەکداری لە ناوچە ڕۆژهەڵاتییەکانی حەڵەب خستووەتە ژێر گەمارۆی زیاتر. هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنی هێزەکانی سوری لە بەرەی حەڵەبدا، ئەرکانی گشتی سوپای سوریا دوێشەو داوای لە هەموو چەکدارانی سەر بە گرووپە بەرهەڵستکار و تیرۆریستییەکان کرد، لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەڵەب بچنەدەر.
ئەرکانی گشتی سوپای سووریا ڕایگەیاند، ناوەندەکانی سەرکردایەتی سوپای سوریاو ڕووسیا دەستەبەری ئەوە دەکەن کە چەکداران بەئاسایشی تۆکمەوە لەناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی حەڵەب بچنەدەر و لەهەمان کاتدا، یارمەتیی پێویست بخەنە بەردەست ئەوان.
سوپای سوریا هاوتەریب لەگەڵ شەڕ لە بەرەی حەڵەبدا، بەهاوکاری ڕووسیا هەڵمەتی ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ شاری حەڵەبی لەبەرنامەی کاردایە. ناوچە ڕۆژهەڵاتییەکانی حەڵەب لەدەست نەیارانی چەکداری سوری بە بۆچوونی ئەمریکا چەکدارانی میانەڕەو دایەو نزیک بە٢٥٠هەزار سوری لەو ناوچانە لەگەمارۆی ئەوان دان.
لەبەر پڕحەشیمەت بوونی ناوچە ڕۆژهەڵاتییەکانی حەڵەب، ڕۆژاواو جاڕدەرانی مافی مرۆڤ بە تۆمەت دان لە سوریاو ڕووسیا، هێرشەکان لەو ناوچانە ئیدانەو شەرمەزار دەکەن. ئەوە لەکاتێکدایە کە سووریاو ڕووسیا ، ڕێگاگەلێکی دیاریکراویان واڵاکردووە بۆ چوونەدەری شارومەندانی سوری، کەسانی چەکدار و ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناوچە ڕۆژهەڵاتییەکانی حەڵەب و چاودێری بەسەردا دەکەن.
جم و جۆڵی بەرفراوانی نەیارانی چەکدار و تیرۆریست لە حەڵەب ، دۆخی تەندروستی وپاکپارێزی و نەخۆشخانەیی بۆ گەمارۆدراوان دژوار کردووەو هاتووچۆی ئەوان لەئاستی شاردا، پەکی بە کارو پیشەی خەڵک خستووە. لە وەها بارودۆخێکدا، چەواشەکاریی ڕۆژاوا بەبیانووی یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی حەڵەب، بووەتە ئامرازێک بۆ شەرمەزارکردنی کردەوهەنگاوەکانی سوریاو ڕووسیا لە حەڵەبدا.
هەرلەو چوارچێوەدا، فەرانسەو ئیسپانیا خوازیاری سازدرانی دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان بوون بۆ تاووتوێی گەڵاڵەی بڕیارنامەی ڕاگرتنی شەڕ وپێکدادانەکان لە حەڵەب. ئەو گەڵاڵەیە، خوازیاری ناردنی خێرای یارمەتییە مرۆییەکان بۆ حەڵەبە. هەوڵ و شرۆڤەی یەکلایەنە بۆ ڕاگرتنی شەڕ وپێکدادان لە حەڵەب، بەپێچەوانەی دروشمی ڕۆژاوا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمە چونکە ئەوەی ئێستا لە حەڵەب بەرچاو دەکەوێ، مەیدانی ڕاستەقینەی شەڕ لەدژ تیرۆریزمە.
ڕوانگەی ڕۆژاوا بەتایبەت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی سوریا، پاراستنی سەنگەری حەڵەب بۆ بەرهەڵستکارانی بەناو میانەڕەوە هەتا ئامانجە درێژخایەنەکانیان لە سووریادا بێننەدی.....
کۆتایی کورتە نامە/310
٣ تشرینی یەکەم ٢٠١٦ - ١٦:٣٩
News ID: 783113
گۆڕانکارییەکانی شاری ستراتژیکی حەڵەب لەباکووری سووریا لەهەر دووک بواری سیاسی وسەربازیدا، لەسەرووی هەواڵ و ڕاپۆری میدیاکانی جیهان دایە.