به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا : بە گێڕانەوە لە خەبەر ئانلاین، عەلی ئەکبەر وەلایەتی سەرۆکی ناوەندی توێژینەوە ستراتژیکەکانی ناوەندی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام لە دیداری سەرۆکی مەجلیسی فەرانسە لە نووسینگەی ئەو ناوەندە، ڕایگەیاند: پەیوەندی ئێمە و فەرەنسە پەیوەندییەکی لەمێژینەیە و هەوراز و نشێوی بووە بەڵام هیچ بیرەوەرییەکی خراپ و دڵگرانکەر نێوان دوو وڵاتەکەدا نەبینراوە.
ناوبراو درێژەی دا: خەڵکی ئێران هیچ پێشینەیەکی کۆلۆنیالی و داگیرکەرانەیان لە فەرەنسە وەبیر نایەتەوە، بەڵکوو لە ڕاستیدا پەیوەندییەکی ئەرێنی و فەرهەنگیان لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە، بۆیەش چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییە فەرهەنگییەکانی دوو لایەن لە ئاستێکی بەرزدا دامەزرێن.
ڕاوێژاکاری کاروباری نێونەتەوەیی ڕێبەری باڵای شۆڕش زیادی کرد: جارجارە نێوان ئێران و فەرەنسە ناکۆکیش پێش هاتووە بەڵام ئێمە هەمیشە فەرەنسەمان بە وڵاتێکی فەرهەنگی و بە پێشینەی مێژوویی دوور و درێژەوە ناسیوە.
ناوبراو ئاشکرای کرد: خەڵکی ئێمە لە شێواز و ڕەوشتی سەربەخۆیی خوازانەی ژەنراڵ دۆگۆڵ لە پێناو پاراستنی سەربەخۆیی فەرهەنگی وڵاتەکەی ڕێز دەگرن.
وەلایەتی بە وتنی ئەوەی کە کەمتر ئێرانییەک دەدۆزرێتەوە کە کتێبی "لێقەوماوان"ی ڤیکتۆر هۆگۆی نەخوێندبێتەوە، زیادی کرد: هەروەهاش کەمتر فرەنسییەک دەدۆزرێتەوە کە ناوی حافزی نەبیستبێت.
سەرۆکی ناوەندی توێژینەوە ستراتژیکەکانی ناوەندی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام دەریبڕی: لەم دۆخەدا کە ڕووبەڕووی تێرۆریزم بووینەتەوە هەر دوو وڵات دژ بەم دیاردەیەن و ئەگەر سەردانی لەم چەشنە درێژەیان هەبێت، خویندنەوەی هەردوو لایەن سەبارەت بە تێرۆریزم لێک نزیک دەبێتەوە.
ناوبراو زیادی کرد: ئێمە بێگومان ئەو شتەی وەکوو تێرۆریزم لە فەرەنسە و دیکەی شوێنەکان ڕوویداوە، ئیدانە دەکەین و هیوادارین هاوکاری نێوان ئێران و فەرەنسە و دیکەی دژبەرانی تێرۆریزم ببێتە هۆکاری کۆتایی هاتنی ئەم دیاردەیە لە ڕۆژئاوای ئاسیا و هەموو جیهاندا.
وەلایەتی بە وتنی ئەوەی کە هیوادارین بگەینە ئەو خاڵەی کە لەم ناوچەیەدا کۆتایی بە شەڕی عەشیرەتی و ئایینی بهێنرێت، زیادی کرد: هیوادارین وڵاتانێک وەکوو سووریا، عێراق و یەمەن هەرچی زووتر ئاشتی و ئاسوودەیی وەدەست بێننەوە.
سەرۆکی ناوەندی توێژینەوە ستراتژیکەکانی ناوەندی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام وتی: فەرەنسە پێشینەیەکی لەمیژینەی لە لوبنان و سووریادا هەیە و ئێرانیش بڕشتێکی باشی لەم ناوچانە هەیە، هەر بۆیەش دوو وڵات دەتوانن بە هاوکاری یەکتری بەم شەڕە ماڵوێرانکەرانە کۆتایی بێنن.
ناوبراو ئاشکرای کرد: ئێمە بڕوامان وایە کە پێویستە فەرەنسە سیاسەتی سەربەخۆی لە ناوچەکەدا هەبێت و ئێمەش یارمەتیان دەدەین، هەڵبەت لەسەربنەمای ڕاگرتنی یەکپارچەیی دیکەی وڵاتان.
وەلایەتی جەختی کرد: ئێمە لەگەڵ هەموو جۆرێکی جیایی خوازی دژایەتی دەکەین چونکە دەبێتە هۆکاری درێژەداربوونی شەڕەکان و ئەمەش بە زیانی ئاشتی لە تێکڕای جیهانە...
کۆتایی کورتە نامە/310