١٠ حوزەیران ٢٠٢٦ - ١٢:٥٣
Source: Mehrnews
ئەشکەنجەدانی سەدان پەنابەری کورد لە لیبیا؛ ئەندامانی جەستەیان بڕدراوە

ڕاپۆرتێکی بی بی سی باس لەوە دەکات کە سەدان کۆچبەری کوردی عێراقی کە لە ڕێگای ئەوروپادا بوون، دوای ڕفاندنیان لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە ئەشکەنجە دراون و ڕەنگە هەندێکیان ئەندامەکانیان لەدەستدابێت.

 ڕفاندنی زیاتر لە 300 کۆچبەری کوردی عێراقی لە لیبیا، یەکێک لە شۆکهێنەرترین حاڵەتەکانی ئەم دواییەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ڕێگەی ئەورووپای ئاشکرا کردووە؛ کەیسێک کە ڕەهەندەکانی لە زەوتکردن و ئەشکەنجەدان تێپەڕیوە و گەیشتوونەتە هەڕەشەی بەزۆر بڕینەوەی ئەندامەکانی جەستە.

بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کە بی بی سی بڵاویکردۆتەوە، ئەو کۆچبەرانە کە زیاتر گەنجی کوردی هەرێمی کوردستان بوون، لە هاوینی 2025 لەکاتی پەڕینەوە لە لیبیا بۆ گەیشتن بە بەریتانیا لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە لە لیبیا ڕفێندراون. قاچاخچییەکان بۆ ئازادکردنی هەر کەسێک داوای پێنج هەزار دۆلاریان لە کەسوکارەکانیان کردووە و هەڕەشەشیان کردووە کە ئەگەر پارەکە نەدرێت هەموو بارمتەکان دەکوژن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، قاچاخچییەکان وێنە و ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی بارمتەکانیان بۆ کەسوکارەکانیان ناردووە. بەشێک لە قوربانییەکان دوای ئازادکردنیان بە ڕۆژنامەنووسان ڕاگەیاندووە کە نزیکەی ١٨٠ کەس لە خانەیەکی بچووکدا لە دۆخێکی نامرۆڤانەدا ڕاگیراون.

لانیکەم بارمتەیەک گیانی لەدەست داوە و هێشتا نازانرێت چەندیان تا ئێستا دەستبەسەرن.

لە چەقی دۆسیەکەدا نوح ئارۆن قاچاخچییەکی کوردە لە شاری ڕانیە لە هەرێمی کوردستان کە کۆچبەرانی بە قاچاخ لە ڕێگەی باکوری ئەفریقا و پاشان دەریای ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا دەگواستەوە.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی بی بی سی ناکۆکی لەنێوان قاچاخچییەکە و چەکدارە لیبیاییەکان لەسەر پارەدان دروستبووە، ئەمەش بووە هۆی ڕفاندنی کۆچبەران بەکۆمەڵ.

ئێستا ئارۆن لە فەرەنسا بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.

هەروەها لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بە پەیوەندییەکەی بە قاچاخچییەکی دیکەوە دەکات بە ناوی کاردۆ جاف کە بەم دواییە دەستگیرکرا.

هەردووکیان خەڵکی ڕانیەن، ناوچەیەک کە بەپێی ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی بیرکردنەوەی چاتام هاوس، بووەتە یەکێک لە ناوەندە کاراکانی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان.

بەشە ترسناکەکەی چیرۆکەکە کاتێک هاتە ئاراوە کە بنەماڵەی بارمتەکان وێنەی ئەو شوێنەواری نەشتەرگەرییەی لەسەر جەستەی منداڵەکانیان پیشانی پەیامنێران دا. هەندێک لە خێزانەکان پێیان وایە کە منداڵەکانیان بۆ ئەوەی ئازاد بکرێن، ناچار بوون دەستبەرداری ئەندامەکانیان بن. هەروەها بی بی سی بڵاویکردەوە، بەڵگەی بینراو و شایەتحاڵی هەندێک لە کەسە ئازادکراوەکان ئەگەری لابردنی ئەندامەکانی جەستە بە زۆر ، بەهێز دەکات.

لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٦ زیاتر لە ١١٠ لە بارمتە ئازادکراوەکان بە گەشتێک کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ڕێکخرابوو، گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان. بەڵام دەسەڵاتدارانی کوردستان پێیان وایە کە دەیان کەسی دیکە هێشتا بێسەروشوێنن یان ڕەنگە ببنە قوربانی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی جەستە.

Your Comment

You are replying to: .
captcha