لە کاتێکدا سووریا دەچێتە قۆناغێکی نوێی داڕشتنەوەی سیاسی دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، پێشبینی دەکرێت بەم زووانە هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆی پەرلەمانی لە دوا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجام بدرێت.
بەڵام وردەکارییەکانی دابەشکردنی کورسی و ڕێککەوتنەکانی پشت پەردەی نێوان ئەکتەرە سیاسییەکان لە ئێستاوە شەپۆلێکی ڕەخنە و ناڕازیەتی توندی لایەنە کوردییەکانی سووریای لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، لە کۆی 15 کورسی پارێزگای حەسەکە، 10 کورسی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دیاری دەکرێن، پێنج کورسیەکەی دیکەش ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سووریاوە دەستنیشان دەکرێن.
لە کۆی ١٠ کورسی هەڵبژێردراو، تەنیا چوار کورسی بۆ کورد تەرخانکراوە؛ دوو بۆ پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)، باڵی سیاسیی (هەسەدە) و دوو بۆ ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردانی سووریا (ENKS) کە هاوپەیمانی پارتە کوردییەکانە و لەلایەن مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پاڵپشتی دەکرێت.
ئەم دابەشبوونە لەگەڵ کاردانەوەی نەرێنی بەرچاو لە لایەن ڕەوتە سیاسییەکانی کوردەوە بەرەوڕوو بووەتەوە.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دە پارتی کوردی سووریا حکومەتی کاتی دیمەشقیان تۆمەتبار کرد بەوەی بە ئەنقەست هێزە کوردییەکانی دیکەی پشت گوێ و ڕایانگەیاندووە، ئەو پشکەی بۆ کورد دیاری کراوە زۆر کەمترە لە سەنگی ڕاستەقینەی دیمۆگرافی و سیاسی ئەوان لە سووریا.
ئەندازیاری سیاسی بۆ ڕێگریکردن لە زۆرینەی کورد
لێکدانەوەی دابەشکردنی کورسییەکان دەریدەخات کە پێکهاتەی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەک داڕێژراوە کە کورد ناتوانێت زۆرینەی سیاسی بەدەستبهێنێت تەنانەت لەو ناوچانەی کە زۆرینەی کوردیان تێدایە.
لە حەسەکە کە بە گرنگترین ناوچەی دانیشتووانی کورد لە سووریا لەباری ژمارەوە دادەنرێت، پشکی کورد تەنیا لە سەدا ٤٠ی کورسییەکانە؛ کێشەیەک کە زۆرێک لە چاودێران وەک بەشێک لە سیاسەتی حیسابکراوی حکومەتی ناوەند بۆ ڕێگریکردن لە پێکهێنانی دەسەڵاتێکی سەربەخۆی ناوچەیی کوردی دەبینن.
لە کۆبانی کە ڕەنگە کورد دوو کورسی پەرلەمانی بەدەست بێنێت، پێشبینی دەکرێت دابەشکردنی کورسییەکان لەسەر بنەمای هاوسەنگی نەتەوەیی بێت، واتە کورسییەک بۆ نوێنەرێکی عەرەب و کورسیەکەی دیکە بۆ نوێنەری کورد.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێکهاتەی دیمۆگرافیای ناوچە دەڤەرییەکانی دەوروبەری کۆبانی بە جۆرێکە کە عەرەب لە هەندێک بواردا زۆرینەن و ئەمەش لە حیساباتی هەڵبژاردنەکاندا لەبەرچاو گیراوە.
لەبەرامبەردا عەفرین، کە پێشتر هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامدرا، سەرکەوتنێکی تەواو بۆ کاندیدە کوردەکان بوو، هەرسێ کورسییەکەی هەرێم بۆ کورد دەرچوو.
هەروەها یەکێک لەو نوێنەرانە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریایە، کە پارتێکی نزیک لە بزووتنەوەی بارزانییە.
بەڵام زۆرێک لە چالاکانی سیاسی کورد پێیان وایە سەرکەوتنی عەفرین زۆرتر ڕواڵەتیە و گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە هاوسەنگی هێزدا بەدی ناهێنێت.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە پێشتر شرۆڤەکاران هۆشدارییان دابوو کە کێشەی سەرەکی هەڵبژاردنەکانی سووریا تەنیا پەیوەندی بە شەفافیەت یان شێوازی بەڕێوەچوونی ئەو وڵاتە نییە، بەڵکوو ڕەگ و ڕیشەی لە پێکهاتەی سیاسی نوێی وڵاتەکەدا هەیە.
بەپێی لێکدانەوەکانی ئێستا، گرووپە کوردییەکان - چ نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بێت یان سەربەخۆ - لە باشترین حاڵەتدا دەتوانن نزیکەی ١٥ بۆ ١٧ کورسی لە کۆی ٢١٠ کورسی پەرلەمانی سووریا بەدەستبهێنن، واتە نزیکەی لەسەدا ٧ی کۆی کورسییەکان.
هەروەها پارێزگای سویدە کە ناوەندی سەرەکی دانیشتوانی درۆزەکانی سووریایە، تەنها سێ کورسی پەرلەمانی دەبێت، کە یەکسانە بە نزیکەی لەسەدا 1.5ی کۆی کورسی.
لە پێکهاتەیەکی وادا کورد و درۆز بە شێوەیەکی کاریگەر دەبوونە کەمینەیەکی بێ بایەخ لە پەرلەماندا؛ و ئەوەش لە دۆخێکدایە کە لە ئێستادا پەرلەمان خۆی دەسەڵاتی سنوورداری لە بەرامبەر سەرۆکایەتیدا هەیە و ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی نییە لە بڕیاردانی سەرەکی وڵاتدا.
بە لەبەرچاو گرتنی هەموو نیشانەکان دەردەکەوێت کە حکوومەتی ئەحمەد شەرع دەیەوێت ڕۆڵی کورد سنووردار بێت و وردە وردە لەناو دەسەڵاتدا ڕیشەکێش و بێدەست بکرێن.
Your Comment