لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە کورد و بانگەشەی ناردنی چەک شەپۆلێکی کاردانەوەی لە نێو چالاکوانان و کەسایەتییە سیاسییەکانی کورددا لێکەوتەوە.
پۆلادجان، فەرماندەی پێشووی هێزە کوردییەکانی سووریا و نووسەر و سیاسەتمەداری کورد، لە لێدوانێکدا ڕێبازی واشنتۆنی لە بەرامبەر کورد خستە ژێر پرسیارەوە و جەختی لەوە کردەوە کە کورد لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا لە شەڕ و ململانێکانی ناوچەکەدا باجی قورسی داوە.
وتیشی: کورد بەبێ ئەوەی بەهرەمەند بێت لە مافە سیاسییە بەردەوامەکان یان گەرەنتی ڕاستەقینە باجی داوە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە دەیان ساڵ شەڕ و سەرکوت و ئۆپراسیۆنی سەربازی دژ بە کورد، نووسیویەتی کە هەزاران کورد لە شەڕەکاندا کوژراون، بریندار بوون، یان ئاوارە بوون، بە تایبەت لە شەڕی تیرۆردا، بەڵام لە بەرامبەردا هیچ پشتیوانییەکیان لە ڕۆژئاوا وەرنەگرتووە.
پۆڵاد جان هەروەها ئاماژەی بە جۆری ئەو پشتیوانییەی ڕۆژئاوا کردوویەتی بە هێزە کوردییەکان و ڕایگەیاند، بەپێچەوانەی باوەڕی جەماوەرییەوە، ئەم پشتیوانییە تاڕادەیەکی زۆر سنووردار بووە بە چەکی سووک و تەقەمەنی و هەماهەنگی سەربازی سنووردار و هاوکاری دارایی و هیچ کاتێک کورد لە گەرەنتی ستراتیژی و درێژخایەن یان کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوو بەهرەمەند نەبووە.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە چەند ڕووداوێکی گرنگ کرد لە ساڵانی ڕابردوودا، لەوانە ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ بۆ سەربەخۆیی بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، کە پاڵپشتی سیاسی جددی ڕۆژئاوای لەگەڵدا نەبوو، دواتر ناوچە جێناکۆکەکان کرانە ئامانجی هێزە عێراقییەکان.
ئەو کەسایەتییە سیاسییە کوردە هەروەها ئاماژەی بە ئۆپراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨ و پاشان هێرشی سەر ناوچەی سێریکانییە و گریسپی لە باکووری سووریا لە ساڵی ٢٠١٩ کرد و وتی: ئەم پێشهاتانە دوای گۆڕینی ڕێبازەکەی ئەمریکا و کشانەوەی پشتیوانییەکانی ڕوویاندا؛ پرسێک کە لە چاوی زۆرێک لە کوردەکاندا نیشانەی گۆڕانی یەکمایەتییەکانی ڕۆژئاوا بوو لە دوای شکستی داعش.
پولادجان دووپاتی کردەوە کە هێزە کوردییەکان لە سووریا ڕۆڵێکی سەرەکییان لە شەڕی داعشدا هەبووە و هەزاران هێزەکانیان لەم شەڕەدا کوژراون، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی سەرەکی شەڕەکە، نیگەرانی و داخوازییەکانی کورد پەراوێز خران.
لە بەشێکی دیکەی یاداشتەکەدا، بەبێ پشتڕاستکردنەوە و ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی کە سەبارەت بە گواستنەوەی چەک خراونەتەڕوو، داوای شەفافیەت لە ئەمریکاوە دەکات و دەڵێت، ئەگەر بەڕاستی ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە هەبووە، پێویستە واشنتۆن دیاری بکات کە ئەو چەکانە بۆ چ کەس یان گرووپێک نێردراوە و نابێ بە دەیان ملیۆن کورد بە لێدوانی گشتی و نەسەلمێنراو تۆمەتبار بکرێن.
فەرماندەی پێشووی کوردی سووریا لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە کورد دژایەتی هاوکاری نێودەوڵەتی نییە و لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، بەڵام هەر هاوکارییەکی داهاتوو دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و لێکتێگەیشتنی سیاسی ڕوون و گەرەنتی ڕاستەقینە بێت بۆ داهاتوو و ئاسایشی خۆیان.
Your Comment