سارا گلین، شرۆڤەکاری پرسی کورد لە ئوسترالیا، لە دوایین ڕاپۆرتیدا، لەبری ئەوەی سەرنجی لەسەر پێشهاتە ئاشکراکان بێت، سەرنجی لەسەر ئەوەیە کە ڕوونادات؛؛ واتە ڕاگرتنی ئەو پڕۆسەیەی کە بڕیار بوو ببێتە هۆی ئاشتی لە تورکیا، هەروەها ئەو بەربەستە بەرفراوانانەی کە لە ڕێگای تێکەڵبوونی ناوچە کوردنشینەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە پێکهاتە نوێیەکەی ئەم وڵاتەدا دانراون.
پرۆسەی ئاشتی لە وەستاندایە
بە وتەی گلین، دانوستانەکان سەبارەت بە پرۆسەی بەناو ئاشتی لە تورکیا بە شێوەیەکی جیدی لە وەستاندایە. حکومەتی پارتی داد و گەشەپێدان هەوڵدەدات ئەو ڕاگرتنە بخاتە ئەستۆی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو گرووپە دوای کردەوەیەکی ڕەمزی واتا سووتاندنی چەک هەنگاوی زیاتری بۆ داماڵینی چەک نەناوە.
بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن هیچ هێزێک چەک دانانێت بەبێ وەرگرتنی گەرەنتی سەبارەت بە داهاتووی سیاسی و ئەمنیی خۆی.
لە ڕوانگەی ئەوانەوە، ئەگەر ئامانجی ڕاستەقینە کۆتاییهێنان بە توندوتیژییە، پێویستە حکومەتی تورکیا گەرەنتی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسی ئەو هێزانەی تێوەگلاون و مافە سیاسییەکانی کورد و چاکسازی یاسایی دابین بکات.
پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (DEM Parti) هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە جێبەجێکردنی مافە سەرەتاییەکان، بەپێی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، نابێت مەرجدار بێت بە کردەوەکانی پەکەکە.
گەلین پێی وایە حکومەتی تورکیا هەوڵ دەدات بە دانی کەمترین ئیمتیازات پرۆسەکە بشێوێنێت. بە وتەی ناوبراو، ئەنقەرە نیگەرانە لەوەی هەر ئاشتییەکی بەردەوام، ڕێکخستنی کۆمەڵگەی کوردی بەهێزتر بکات و قورسایی سیاسییەکەی زیاتر بکات.
بۆیە درێژکردنەوەی پرۆسەکە دەتوانێت ئامرازێک بێت بۆ لاوازکردنی دینامیکی کۆمەڵایەتی کورد.
هاوکات گوشارەکان لەسەر ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ بەردەوامە و هەفتەی ڕابردوو دوو سەرۆکی شارەوانی دیکەی پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) دەستگیرکران. بە وتەی ئەو شرۆڤەکارە، ئەگەر لە داهاتوودا هەندێک زیندانی سیاسی کورد ئازاد بکرێن، ڕەنگە ئەمە نیشانەی دیموکراتیزەبوون نەبێت، بەڵکوو بەشێکە لە هەوڵێک بۆ دروستکردنی درز لە نێوان کورد و جەهەپە.
هەروەها حکومەتی تورکیا نووسینگەیەکی نوێی بۆ بەدواداچوونی "دۆسیەی کوشتنی چارەسەرنەکراو" دامەزراندووە، بەڵام وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاندووە، ئەو نووسینگە تەنیا بەدواداچوون بۆ "هەندێک" لە دۆسیەکانی ڕابردوو دەکات، ئەمەش هەنگاوێکە کە هیواکانی بۆ چارەنووسی کوردەکان کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا دیارنەماون، کەمکردووەتەوە.
سوریا؛ تێکدانی دەستکەوتەکانی کورد
گەلین لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا دەنووسێت کە دۆخی کوردەکانی سووریا ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پێشهاتەکانی تورکیاوە. بە وتەی ناوبراو، حکومەتی تورکیا دژی هەر جۆرە ئۆتۆنۆمییەکی کوردە لە ناوچەکەدا و ئەم بابەتەش سێبەری بەسەر پرۆسەی پێکهێنانی سووریای نوێدا خستووە.
بە وتەی ناوبراو، پشتیوانی تورکیا و ئەمریکا و بەشێک لە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئەحمەد ئەلشەرا، سەرۆکی کاتی سوریا، هیوای کوردەکانی بۆ پاراستنی هەیکەلی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و مۆدێلی سیاسی لەسەر بنەمای بەشداری ژنان و پێکەوە ژیانی فرە نەتەوەیی لاواز کردووە.
لە ئەنجامدا هێزە کوردییەکان ناچاربوون ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی ئینتقالی سووریا واژۆ بکەن و بەپێی ئەو ڕێککەوتنە پێکهاتەی ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی حکوومەتی ناوەندیدا یەکدەخرێت. بەڵام گولەن جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕێککەوتنی ٢٩ی ڕێبەندان کۆتایی چیرۆکەکە نەبووە، بەڵکوو سەرەتای قۆناغێکی نوێ بووە کە تیایدا دیمەشق و لایەنگرانی هەوڵدەدەن تا دەتوانن کەمترین پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردی سووریا بەجێبهێڵن.
نموونەی ئەم پرۆسەیە دەهێنێتەوە:
ئەو ژنانەی کە بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت کاندید کراون، بۆ ئەو پۆستانە دانانرێن کە بڕیار بوو؛
ئەو قوتابخانانەی کە بە ناوی کوژراوانی کوردەوە ناویان لێنراوە، ناویان دەگۆڕدرێت؛
دەیان گەنجی کورد دەستبەسەر و گواستراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار؛
هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی دادوەرە بەعسییەکان بۆ جێگرتنەوەی دادوەرە کوردەکان لە قامیشلۆ دراوە؛
زۆرێک لەو خێزانانەی کە گەڕاونەتەوە عەفرین تا ئێستا نەیانتوانیوە ماڵ و حاڵی خۆیان لە هێزە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا وەربگرنەوە؛
هەروەها نوێنەرانی ناوچەی جزیرە لە پەرلەمانی داهاتووی سووریاش لە ڕێگەی میکانیزمێکی دیکە جگە لە هەڵبژاردنەوە دیاری دەکرێن.
ئەوروپا؛ بێدەنگی لە بەرامبەر پێشهاتەکان
گلین دەنووسێت کە یەکێتیی ئەورووپاش بە بێباکی لەم پێشهاتانە ماوەتەوە و بەشێوەیەکی کاریگەر پاڵپشتی حکوومەتی ئینتقالی کردووە بە پێشنیاری دەستپێکردنەوەی ڕێککەوتنی هاوکاری لەگەڵ سووریا بە تەواوی.
بە وتەی ناوبراو یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم ڕێبازە هەوڵەکانی وڵاتانی ئەوروپایە بۆ کەمکردنەوەی شەپۆلی کۆچ. ئێستا کە دۆخی سووریا لە چاوی هەندێک لە حکومەتەکاندا بە "باشتر" دادەنرێت، کەمتر لە هاووڵاتیانی سووریا مافی پەنابەری لە ئەوروپا وەردەگرن.
هەروەها پێی وایە نیگەرانییەکان سەبارەت بە کۆچکردن لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئابووری و ئەمنی، وایکردووە ئەوروپا کەمتر مەیلی ڕەخنەگرتن لە تورکیا هەبێت. بەڵام ئاماژەکردنی ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین بە تورکیا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەوروپا، شانبەشانی چین و ڕووسیا، کاردانەوەی لێکەوتەوە؛ کاردانەوەکان کە تا ڕادەیەک بەهۆی هەڵوێستی چارڵز میشێلەوە بۆ پشتگیریکردن لە ڕۆڵی ستراتیژی تورکیە هێورکرانەوە.
لە کۆتاییدا گەلین هەروەها ڕەخنە لە بەکارهێنانی فەرمی نازناوی "دەستپێشخەریی بێ تیرۆری تورکیا" لە لایەن بەشێک لە دامودەزگاکانی ئەوروپیەوە دەگرێت و دەڵێ، ئەم جۆرە دەستەواژانە گێڕانەوەی حکومەتی تورکیا قبوڵ دەکەن و پرسی کورد بۆ تەنیا پرسێکی تیرۆر کورت دەکەنەوە، لە کاتێکدا پرسی ناوەکی مافە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردە.
Your Comment