١١ نیسان ٢٠٢٦ - ١٣:٥١
Source: Mehrnews
ئیسڕائیل بەردەوامە لە پێشێل کردنی ئاگربڕ؛مەرجەکانی دانوستان نەهاتە دی

ڕژێمی زایۆنی لە درێژەدان بە سیاسەتی فراوانخوازی و دەستدرێژی سەربازی، جارێکی دیکە بە هێرشی ئاسمانی بەرفراوان ناوچەکانی شوێنی نیشتەجێبوونی لوبنانی کردە ئامانج.

 ڕژێمی زایۆنی بۆردومانی شارەکانی "عەین قەنا" و "زوتر غەربیە"ی کردووە کە دەکەونە باشووری لوبنان.

ڕاپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هێرشانە زیانێکی زۆریان بە ژێرخانی مەدەنی و ماڵە نیشتەجێبووەکان گەیاندووە.

جگە لەوەش فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی بە شکاندنی بەربەستی دەنگی بەسەر بەیرووتی پایتەختی لوبنان و چەند ناوچەیەکی دیکەدا هەوڵ دەدەن کەشێکی ترس و تیرۆر لە نێو خەڵکی لوبنان دروست بکەن.

لە هێرشی دڕندانەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی داگیرکەرانی زایۆنیستی بۆ سەر ناوچەی "میفدۆن" لە جەرگەی شاری نەباتیە (باشووری لوبنان)، لانیکەم سێ هاووڵاتی کە هەموویان خەڵکی مەدەنی بوون، شەهید بوون.

سەرچاوەکانی نەخۆشخانەکانی شاری نەباتیە ڕایانگەیاند کە تەرمی چەند کەسێکی دیکە لە ژێر داروپەردووەکە ڕاکێشراون و ڕەوشی بەشێک لە بریندارەکان بە سەخت دەزانرێت. دەسدرێژکاری بەردەوامی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر لوبنان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووەوە بووەتە هۆی شەهیدبوونی سەدان کەس و برینداربوونی هەزاران کەس لە خەڵکی ستەملێکراوی ئەم وڵاتە.

زۆرێک لە قوربانییەکان ژن و منداڵن، ئەمەش پێشێلکارییەکی گەورەی مافەکانی مرۆڤە.

شایانی باسە ئەگەرچی دامەزراندنی ئاگربەستی دەستبەجێ و بەردەوام لە هەموو بەرەکان بە بەرەی لوبنانیشەوە بە یەکێک لە مەرجەکانی ئێران بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد دادەنرا، بەڵام ڕژێمی زایۆنی نەک هەر ڕەتی کردۆتەوە ئەم مەرجە قبووڵ بکات، بەڵکوو بەردەوام بووە لە کوشتنی گەلی لوبنان و وێرانکردنی ژێرخانی وڵات بە چڕییەکی زیاتر.

کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوان سەرۆککۆمار و سەرۆکی مەجلیس، چەندین جار جەختیان لە سەر پێویستی بەدیهێنانی ئاگربەست لە لوبنان کردووەتەوە و بە مەرجی پێشوەختە بۆ دەستپێکردنی هەر جۆرە وتووێژێکی جیددی لە چوارچێوەی وتووێژەکانی ئیسلام ئاباد ناویان بردووە.

بەڵام ئەم بابەتە گرنگە بە هۆی بەردەوامی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی و تێکدانی دیپلۆماسی لە لایەن هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانییەوە تا ئێستا بەدی نەهاتووە. شارەزایانی سیاسی پێیان وایە تا ئەو کاتەی کە گوشاری نێودەوڵەتی کاریگەر بۆ سەر ڕژێمی ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییە نەخرێتە سەر، هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ئاگربەست لە لوبنان نییە و خەڵکی بێتاوانی ئەم وڵاتەش بەردەوام دەبن لە قوربانیی زیادەڕەوییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی.

Your Comment

You are replying to: .
captcha