بڕیاری پەکەکە بۆ دانانی چەک ئەگەرچی بە ڕواڵەت هەنگاوێکە بۆ ئاشتی بەڵام ئەزموونی تاڵی شکستی مێژوویی مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵەکانی 1974 و 1975 دەخاتەوە بیر. مێژوو بە ڕوونی نیشانی داوە کە هەر کات بزووتنەوەی کوردیەکان بێ وەرگرتنی دەستەبەری یاسایی و سیاسی چەکیان داناوە، ئەنجامێکی جگە لە خەیانەت و شکستی بەدواوە نەبووە. ئەزموونی کوردەکان لە سەد ساڵی ڕابردوو، پڕە لە نموونەگەلێک کە تێیدا هیوا بە ئاشتی، بە بێ پشتیوانی بەرچاو، بووەتە هۆی کارەسات.
ڕیشە مێژووییەکانی ستەم لە کوردەکان
بە ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە ساڵەکانی 1922 و دامەزراندنی کۆماری تورکیا لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە لە ساڵی 1923، سیستەمی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناڤین تووشی گۆڕانێکی قووڵ بوو. ڕێککەوتنە چەوسێنەرییەکان لەوانە سایکس پیکۆ و پەیمانی سێڤێر بووە بەستێنی ئەزموونی تاڵ بۆ کوردەکان.
پەیمانی سێڤێر بۆ یەکەم جار بەڵێنی خۆبەڕێوەبەری کوردەکانی هێنایە ئاراوە، بەڵام هیچکات جێبەجێ نەکرا. سێ ساڵ دوای ئەوە پەیمانی لۆزان واژۆ کرا و وێڕای بە فەرمی ناساندی سنوورە نوێیەکانی تورکیا، بە شێوەی فەرمی نکۆڵی لە هەر جۆرە مافی سەربەخۆیی بۆ کوردەکانی تورکیا کرد.
دوای ئەوە، کوردەکانی تورکیا بەرەوڕووی چەندین دەیە سەرکوت، هەڵاواردن و لەناوبردنی سیستەماتیک بوونەوە. لە ئاوەها دۆخێکدا، گرووپێک لە خوێندکارانی کورد و تورک لە زانکۆی ئەنقەرە، لە کاردانەوە بە ئەو دۆخە، لە ساڵی 1978 پەکەکەیان بە ڕێبەرایەتی عەبدوڵڵا ئۆجالان پێک هێنا. ئۆجالان دواتر لە ژێر کاریگەری ڕوانگەی چەپ و بەتایبەتی بیری ماری بوکچین، چەمکی کۆنفیدرالیسمی دیمۆکراتیکی هێنایە ئاراوە تا پەکەکە لە چوارچێوەی ناسیۆناڵیسمەوە بەرەو مۆدێلی کۆمەڵایەتی تر و دیمۆکراتیک تر بڕوات.
لە ئەزموونەکانی بارزانیەوە تا بڕیاری ئەمڕۆی پەکەکە
ئێستا، دوای زیاتر لە چل ساڵ شەڕی چەکدارانە، بڕیاری پەکەکە بۆ دانانی چەک شەپۆلێکی بێ هیوایی و دڵەوەرێزیی هاوکات لە دڵی کوردەکان هێناوەتە ئاراوە. لە هەرێمی کوردستان، ئەو بڕیارە وەبیر هێنەرەوەی شکستی تاڵی 1975 ە، کاتێک کە مەلا مستەفا بارزانی دوای وەرگرتنی بەڵێنی پشتیوانی لەلایەن ڕەزای شای گۆڕبەگۆڕی ئێران و ئەمریکاوە، هێزەکانی خۆیی ناچار بە دانانی چەک کرد، بەڵام ئەو بەڵێنانە خێرا پێشێل کران و سەرهەڵدانی کوردەکانی سەرکوت کرا. ئەو ڕووداوە هێشتا وەکوو نمانەیەک لە متمانەی بێ دەستەبەر لە بیری مێژوویی کوردەکاندا ماوەتەوە.
ئەمڕۆش ترسی ئەوە هەیە کە بڕیارەکەی ئۆجالان بۆ ئاشتی، بێ دەستەبەر کردن و وەرگرتنی گەرەنتی ڕاستەقینە لەلایەن حکومەتی تورکیا یان ناوەندە نێودەوڵەتیەکانەوە، چارەنووسێکی هاوبەش پەیدا بکات. دەوڵەتی تورکیا لە ئەو بڕیارە هەڵە پێشوازی کردووە بەڵام هیچ خاڵێکی سیاسی، یاسایی یان مەدەنی دیاری کراوی بۆ کوردەکان لەبەرچاو نەگرتووە.
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەو هەوڵەی مێژوویی وەسف کردووە، بەڵام هاوکات هۆشداریی داوە کە دەوڵەت، هەنگاوە دواترەکانی پەکەکەی بە وردی خستووەتە ژێر چاوەدێریەوە، قسەیەک کە زیاتر ڕەنگ و بۆنی هەڕەشەی هەیە تا هاندان.
نازناوی تیرۆریزم و داخستنی سیاسی
لە حاڵێکدا کە ئۆجالان، ڕێبەری زیندانی کراوی پەکەکە لە ساڵی 1999 ەوە لە زیندانە و داهێنانی ئاشتی لە ناوخۆی زیندانی هێناوەتە ئاراوە، میدیاکانی تورکیا هێشتا ئەو وەکوو سەرکردەی گرووپی تیرۆریستی ناولێدەبەن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە پەکەکە لە لیستی گرووپە تیرۆریستەکانی تورکیا، ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپایە- نازناوێک کە حکومەتی تورکیا بۆ سەرکوتی هەر جۆرە چالاکیەکی سیاسی، فەرهەنگی و مەدەنی کوردەکان بەکاری دەهێنێت. سەدان سیاسەتوان و ڕۆژنامەڤانی کورد لە ساڵانی دوایی بە هەمان بیانوو زیندانی کراون.
بە ڕواڵەت، چەکدانان دەتوانێت بەستێنی هاوبەشی سیاسی ئازادتر بۆ کوردەکان لە تورکیا خۆش بکات، بەڵام بێ چاکسازی بنەڕەتی، پێدانی دەستەبەری یاسایی و چاوەدێری نێودەوڵەتی، ئە وهیوایە زیاتر وەکوو خەون نیشان دەدات تا ڕاستی.
مەترسی دووپات بوونەوەی مێژوو
ئەزموونێکی دیکەی بزووتنەوە چەکدارانەکان نیشانی دەدات کە چەکدانان بێ دەستەبەر کردن، کۆمەڵگا بەرەو کارەسات دەبات. لە سریلانکا بەبرەکانی تامیل دوای ئاگربڕ، بە هێرشێکی کۆتایی ئەرتەش لەناوچوون. لە کۆلۆمبیا گرووپیM-19 بە بەڵێنی ئاوێتە بوون لە سیاسەت دەستیان لە چەک هەڵگرت، بەڵام زۆربەی ئەندامەکانی دواتر تیرۆر کران. لە تورکیاش هیچ ڕێكارێکی چاوەدێری یان دەستەبەر کردنی جێبەجێ کاری بوونی نییە و ڕەوتەکانی ئاشتی پێشوو لە ساڵەکانی 2013 تا 2015 بە توندوتیژیەوە کۆتایی هاتوون.
لە ئاوەها دۆخێکدا چەکدانان نەک نابێتە هۆی ئاشتی، بەڵکوو دەتوانێت وەکوو ڕادەست بوونی ناڕاستەوخۆ، لێک بدرێتەوە.
ڕەوتی ئاشتی ڕاستەقینە، تەنیا کاتێک واتای دەبێت کە ئازاری مێژوویی و بێ متمانەیی قووڵی کوردەکان دانیپێدا بنرێت و قەرەبوو بکرێتەوە. ئاشتی نابێت بە نرخی کوژانەوەی تاک لایەنەی لایەنی لاواز کۆتایی بێت. پێویستە دەستەبەر کاریەکی ڕوون بۆ بەشداری سیاسی کوردەکان، پارێزەری لە ڕێکخراو و چالاکانی مەدەنی ئەوان و چاوەدێری نێودەوڵەتی لەسەر ڕەوتی ئاشتی پێک بێت.
Your Comment