بەشی نێودەوڵەتی: حزبوڵڵای لوبنان لە یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی ژیانی سیاسی و سەربازیی خۆیدایە؛ هەلومەرجێک کە تێیدا ناوچە لە ژێر کاریگەریی ڕکابەرەییە ژێئۆپۆلیتیکییەکان و داڕشتنەوەی تەکوزیی ئاسایشی ڕۆژئاوای ئاسیا لە لایەن ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنییە. لە کەشێکی ئاوادا، هەر جۆرە کاردانەوە یان بڕیارێکی ناژیرانە دەتوانێ نە تەنیا پێگەی بەرخۆدان، بەڵکوو سەقامگیریی ناوخۆی لوبنان بخاتە مەترسییەوە. یاریی حزبوڵڵا لەو دۆخە ئاڵۆزەدا نیشاندری هەڵسوکەوتی بەپێی ئاوەز و ژیرییە و هاوکات توانیویەتی هەر دوو گۆڕەپانی بەرگری لە خۆی هەمبەر بە دوژمنان و خۆبواردنی لە شەڕ، بپارێزێت.
تیۆری بڕیاردان لە سیاسەتی دەرەوەیی و پێگەی مۆدێلی ئەکتەری ژیر
بۆ تێگەیشتنی زیاتری ئاکاری حزبوڵڵا، دەکرێت لە گۆشەنیگای تیۆرییەکانی بڕیاردان لە سیاسەتی دەرەوەیی لێی بڕوانین. یەکێک لە گرینگترینی ئەو تیۆرییانە، مۆدێلی ئەکتەری ژیره کە یەکەمجار لە لایەن گراهام ئالیسۆن بۆ لێکدانەوەی قەیەرانی مووشکیی کووبا بەکاری هێنا و بەپێی ئەو تیۆرییە، دەوڵەت یان ڕێکخراوی سیاسیی وەک "ئەکتەرێکی یەکە" وێنا دەکرێت کە بە لێکدانەوەی ئامانج، بژێرەکان و پاشهاتەکان، بڕیارێکی دابێ کە زۆرترین قازانجی بەدواوە بێت.
بژێرە سەرەکییەکانی مۆدێلی ئەکتەری ژیر
1. پێناسەی پرسەکە: ئەکتەر دەبێ چیەتی دروستی قەیرانەکە لێک بداتەوە.
2. دیاریکردنی ئامانج: ڕوون بکرێتەوە کە بڕیاردان بۆ چ دەستەبەرکردنی چ بەرژەوەندییەکە (مانەوە، ئاسایش، شەرعییەت و ...)
3. ئاراستەکردنی بژێرەکان: ناسینی هەموو رێگە مومکینەکان بۆ بەرەنگارەبوونەوەی پرسەکە.
4. هەڵسەنگانی پاشهاتەکان: لێکدانەوەی تێچوو و قازانجی هەر بژێرەیەک لە کورتخایەن و درێژخایەندا.
5. هەڵبژاردنی ژیرانە: هەڵبژاردنی بژێرەیەک کە زۆرترین دەسکەوت و کەمترین تێچووی بەدواوەیە.
حزبوڵڵا وەک ئەکتەرێکی ژیر
هاوسەنگ لەگەڵ بژێرەکانی سەرەوە، دەکرێ ئاکار و هەڵسوکەوتەکانی حزبوڵڵا ئاوا هەڵسەنگێنین:
1. پێناسەی پرسەکە: حزبوڵڵا قەیرانی ئێستا نەک تەنیا بە کۆمەڵێک تێهەڵچوونی سنووری، بەڵکوو بە هەوڵێکی هاوئاهەنگ بۆ لاوازکردنی بەرخۆدان و ناسەقامگیری لە لوبنان دەزانێت.
2. دیاریکردنی ئامانج: ئامانجی سەرەکی بەرگری لە بەرامبەر دوژمنی بیانی لە پەنای پاراستنی سەقامگیری نیشتمانی و شەرعییەتی ناوخۆییە.
3. ئاراستەکردنی بژێرەکان: لە نێوان بژێرە جۆراوجۆرەکان کاردانەوەی توند، بێدەنگیی تەواو یان هەڵسوکەوتی ستراتژیکی، حزبوڵلا هەڵسوکەوتی ستراتژیکی هەڵبژاردووە.
4. هەڵسەنگانی پاشهاتەکان: ئەم بژێرە کەمترین ئەگەری پەرەسەندنی شەڕ و زۆرترین ئاستی پاراستنی پێگەی نیشتمانیی بەدواوەیە.
5. هەڵبژاردنی کۆتایی و ژیرانە: لە ئەنجامدا سیاسەتی خۆڕاگری، تاکتیکێکە کە بەرگریی بەخۆبواردن لە پێکدادانی بەربڵاوی ئاوێتەی یەک کردووە.
هاوسەنگیی دژوار
یەکێک لە دژوارترین لایەنەکانی بڕیاردان بۆ هەر ئەکتەرێکی ئایدیۆلۆژیک، پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان باوڕی ئارمانجی و پێداویستیگەلی ژیرانەیە. حزبوڵڵا وەک بزووتنەوەیەکی بنچینەدار لە گوتاری بەرخۆدان، ناچارە لە نێوان پرەنسیپەکانی ئایدیۆلۆژیکی (بەرگری لە قودس و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران) و پێداویستییە ڕاستەقینەکانی خەڵکی لوبنان (ئاسایش، سەقامگیریی ئابووری و پێشگری لە شەڕ) هاوسەنگی بەدی بێنێت و مۆدێلی ئەکتەری ژیری حزبوڵڵا نیشان دەدا کە ئەو ڕێکخراوە لە دۆخی ئێستادا لە لۆژکی "لانیزۆری قازانجە مومکینەکان" پێڕەوی دەکات؛ واتە نە دەستەوەستانی و نە سەربزێوی، بەڵکوو هەنگاوێکی ئامانجدار و سنووردار لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.
حزبوڵڵا و ئیدارەی چەند توێژیی قەیران
بڕیاردان لە ئاوەها بازنەیەکدا تەنیا کاردانەوەیی نییە؛ بەڵکوو جۆرێک ئیدارەی چەندتوێژیی قەیرانە و حزبوڵڵا هاوکات لە چەند ئاستدا بڕیار دەدات:
ـ ئاستی سەربازی: وەڵامی دەستدرێژییەکان بەبێ پەرەدان بە شەڕ.
ـ ئاستی سیاسیی ناوخۆیی: پێشگری لەتەشەنەی جەمسەربەندیی ناوخۆیی.
ـ ئاستی دیپلۆماتیکی ناوچەیی: پاراستنی پێگەی لوبنان لە هاوکێشە ناوچییەکان بەبێ بوون بە هۆکاری ناسەقامگیری.
حزبوڵلا لە هەر سێ ئاستەکەدا بڕیاری ژیرانەی داوە و بەپێی لێکدانەوەی مۆدێلی یاریی دەکرێ بڵێین، حزبوڵڵا لە پێگەیەکی هاوشێوەی ئەکتەرانی "لۆژیکی بە کەمایەسیی زانیاری" دەجووڵێتەوە و هەڵسوکەوتەکانی نەک بەپێی هەست و سۆز، بەڵکوو بەپێی پێشبینی ئاکاری لایەنی بەرامبەر و لێکدانەوەی مەترسییەکان، ڕێک دەخات.
Your Comment