ڕێباز حەملان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەك كراوە لە نووسینگەی وەزیری دارایی و تیایدا بڕیار دراوە نوێنەری ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەموو وەزارەتەكان، كە داهاتیان هەیە بابەتێك ئامادەكراوە بۆ بەغدا و سبەینێ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە.
وتیشی، “لێكنزیك بوونەوەیەكی باش هەیە لەسەر ئەوەی داهاتی ناوخۆ و ڕسومات كە بە یاساكانی هەرێمی كوردستان وەردەگیرێن ئەوانە بۆ هەرێمی كوردستان بێت و ئەوەشی بەپێی یاسای عێراق و داهاتی فیدڕاڵین 50 بە 50 بێت و لەسەر گومرگ و داهاتی باجیش هەروا ڕێككەوتن كراوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەر هەناردەی نەوت وا ڕێككەوتن كراوە گرێبەستێكی سێ قۆڵی ئامادە بكرێت لەنێوان (وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتیەكان و كۆمپانیاكانی نەوت) و ئەوەش ئامادەكراوە و هەندێك دەستكاری تێدا كراوە لە هەرێم و ڕەوانەی بەغدا كراوەتەوە و ئەگەر ئەوان ڕازی بن لەسەری ئەنێردرێ بۆ كۆمپانیاكان.
ئاشكراشی كرد، ئەو ڕێككەوتنەی لەسەر داهاتی ناوخۆی 120 ملیار كرا تەنها بۆ مانگەكانی 5 و 6 بووە و بۆ مانگی 7 و مانگەكانی داهاتوو لەسەر ڕێككەوتنە نوێیەكە دەبێت.
سەبارەت بە وادەی رێککەوتنەکە دەڵێت، “سبەینێ لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر داهاتی ناوخۆ و رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەدرێت”.
Your Comment