ڕۆژنامەی تۆکیۆ مۆدێرن تایمز لە ڕاپۆرتێک بە ناوی "کوردەکانی سووریا دەبێ بەهێز بمێننەوە، چونکە کەوتوونەتە تەنگەتاوی گوشاری ئیسلامخوازان، ئەمریکا، تورکیا و دەستێوەردانی وڵاتانی عەرەبی" بە ئاماژە بە گوشارە پەرەئەستێنە ناوخۆیی و دەرەوەییەکان لە دژی کوردەکانی سووریا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی دیمەشق، ڕایگەیاند: عەلەوی، درۆزی، مەسیحی، سکۆلار و کەمینەکانی تری سووریا بەرەوڕووی هەڕشەگەلی جیدی لە لایەن پێکهاتەی دەسەڵاتی ئیسلامخوازانەی سوننەی زاڵ بە سەر ئەو وڵاتەدان.
ئەو ڕۆژنامەیە بە ئاماژە بە هێرشە توندئاژۆکان لە دژی عەلەوی و درۆزی وەک هوشدارێکی جیدی بۆ کوردەکان لە پێناو دەستكێشانەوە لە ئامانجی خۆسەری و فیدرالیزم و ئیدارەی ناوچەکانی خۆی، ئاشکرای کرد: گرووپگەلی ئیسلامخوازی سوننەی زاڵ بە سەر سووریا بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان پاڵپشتی سیاسی ئەمریکا، تورکیا و چەند وڵاتی پەراوێزی کەنداوی فارسیان لە پشتە و ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتگەلێکی زۆر لەبارەی جەنایەتە بەربڵاوەکانی دیمەشق لە دژی کەمینەکان بڵاو بۆتەوە؛ بە تایبەت پاش سەقامگیربوونی ملیشیا ئیسلامخوازە سوننەکان لە هاوێری پارێزگای سوەیدا و پەلاماریان بۆ سەر درۆزییەکان.
ڕۆژنامەی تۆکیۆ مۆدێرن تایمز لە درێژەدا بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتە بڕواپێکراوەکان لەبارەی کۆمەڵکوژیی درۆزییەکان بەدەستی هێزەکانی سەر بە ڕژیمی جۆلانی، زیادی کرد: چاودێری مافی مرۆڤی سووریا(SOHR) پشتڕاستی کردۆتەوە کە لانیکەم 718 کەس لە ناوچەی سوەیدا کوژراون کە لانیزۆریان خەڵکی درۆزی بوون کە بەدەستی هێزە ئیسلامخوازە سوننەکان قوربانی کراون و تا ڕوونتربوونەوەی ڕەهەندەکانی ئەو کارەساتە، ڕێزەی کوژراوان گەیشتۆتە زیاتر لە هەزار کەس.
ئەو ڕۆژنامە ژاپۆنییە هەروەها ئاماژەی بە کوژرانی نزیکەی 1700 عەلەوی بەدەستی هێزەکانی سوننەی دیمەشق کردووە و ئەمەی وەک "بێپەنابوونی کەمینە و خەڵکی سووریا لە بەردەم هەڕەشە سەرهەڵداوەکانی داعش، ئەلقاعیدە و ڕەوتە ڕادیکاڵەکانی تر" وەسف کردووە و دەڵێ: ئەمریکا، ئەورووپا، وڵاتانی عەرەبی، تورکیا و بەریتانیا بەکردەوە کەمینە ئایینی و جڤاتە سکۆلارەکانی سووریایان لە بەرامبەر تەشەنەی مەترسیداری هێزە ئیسلامخوازەکاندا بێ بەرگری هێشتۆتەوە و لە هەلومەرجێکی ئاوادا کوردەکان بە نیگەرانییەوە دەڕواننە گۆڕانکارییەکان و ترسی ئەوەیان هەیە کە قوربانیی دواتری ئەو ڕەوتە ئەوان بن. کەواتە بۆ کوردانێک کە چاوەروانی خۆسەری، فیدراڵیزم و ئیدارەی ناوچەکانی خۆیانن، پاراستنی هێزی سەربازی نەک بژێرە، بەڵکوو زەروورەتێکە بۆ مانەوە و کەرامەتیان.
ڕۆژنامەکە لە درێژەدا دەڕوانێتە کاردانەوەی ئەمریکا و سەرکردە نێودەوڵەتییەکان هەمبەر بە کۆمەڵکوژی و جەنایەتەکانی دیمەشق لە دژی کەمینەکانی سووریا و دەشڵێ: ترامپ و سەرکردەکانی تر بەردەوامن لە گوشارخستنە سەر ئیسرائیل بۆ قبووڵکردنی ڕەوتی ئێستاکەی سووریا. بەڵام کۆمەڵگای درۆزی لە ئیسرائیل چاوەروانی ئەوەن کە تلاڤیڤ گوشار بخاتە سەر ئەکتەرانی ئیسلامخوازی دیمەشق بۆ ڕۆڵیان لە ناسەقامگیرکردنی ناوچە و بایکۆتی کەمینەکان.
بە گوێرەی تۆکیۆ مۆدێرن تایمز، کوردەکان بەڵام لەمناوە وەک ئاستەنگێکی گەورە لە بەردەم ڕەوتە ڕادیکاڵە ئیسلامخوازە سوننەکان، بە نیگەرانییەکی قوولەوە دەڕواننە گۆڕانکارییەکان و سەرکردە کوردەکانی سووریا کە لە لایەن زۆربەی هاوپەیمانانی پێشووەوە پشتیان بەردراوە و ترسی ئەوەیان هەیە کە خەڵکەکانیان ببنە ئامانجی شەپۆلی دواتری توندوتیژییەکان، پێداگرن لە درێژەی ئامادەبوونی سەربازییان لە سووریادا و پاراستنی چەکەکانیان بە زەروورەتێکی ستراتژیک بۆ مانەوە دەبینن.
Your Comment