شێخ نەعیم قاسم ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان لە لێدوانێک بۆ ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی سەید عەباس عەلی مووسەوی، وتی: هەموو ئەو کێشانەی هەمانە بە هۆی دوژمنایەتی و داگیرکاریی ئیسرائیل و ئەمریکای پاڵپشتیەتی. دەوڵەت بەرپرسە لە تۆمارکردنی پلانێک بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری بۆ لوبنان و بەبێ سەروەریی، سەقامگیری نابێت. بۆیە داوا لە دەوڵەت دەکەم کە لە ڕێگەی دیپلۆماسی و پڕچەککردنی ئەرتەش و ستراتژیی بەرگرانە دانیشتنی چڕوپڕ بۆ ئەو مەبەستە بەڕیوە ببات و داوا لە حزب و بلیمەتانیش دەکەم یارمەتیی دەوڵەت بدەن.
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا بە ئاماژە بەوەی کە "بەرخۆدان بۆ بەرگری و ڕزگاری و خاڵی بەرامبەر سووکایەتی و سەردانەواندن بۆ بیانییەکانە، وتیشی: ئەرتەش دەبێ پڕچەک و بەهێز بێت و بەرخۆدان هۆکارێکی گرینگە بۆ گەیشتن بەو مەبەستە. چونکە بەرخۆدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمن دامەزراوە و دوژمن تێک دەشکێنێت و ئاستەنێکە لەبەردەم ئامانجەکانی دوژمن و پێش بە دەستدرێژیی دەگرێت و بۆ ماوەی 17 ساڵ ئەم کارەی لە دژی ئیسرائیل کردووە و ئەمە دەسکەوتێکی بێ وێنەیە.
نەعیم قاسم بە ورووژاندنی ئەم پرسیارە کە ئەگەر بەرخۆدان درێژەی نەبێ و تەسلیمی ئیسرائیل بکرێت، چ جێگرەوەیەک دەبێت؟، جەختی کرد: ئیسرائیل نابێ لە لوبناندا بمێنێتەوە و پڕۆژەی داگیرکارانەی لە ڕێگەی لوبنانەوە وەدی بێنێت. چونکە بڕیاری دەوڵەت لە ژێر گوشاری ئیسرائیلی و ئەمریکی دەرکراوە لە کاتێکدا کە ئێمە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیلمان هەیە و ئەم بابەتە درێژەی دەبێت.
ناوبراو سەبارەت بە چەکداماڵین لە حزبوڵڵا وێڕای جەخت لەوەی کە "چەک ڕۆح و شەڕەف و نیشتمان و کەرامەتی ئێمەیە"، هوشداریشی دا: ئێمە لایەنگرانێکی زۆرمان هەیە و نیوەی زیاتری خەڵکی لوبنان پاڵپشت و لایەنگری ئێمەن و ئەوی بەدوای چەکدانانی حزبوڵڵایە، بەدوای گرتنی ڕۆح و گیانی ئەو خەڵکەیە. کەواتە نەک هەنگاو بە هەنگاو و نە ڕێگەیەک بۆ باجدان قبووڵ ناکەین. ئەوان دەبێ سەرەتا ڕێککەوتنەکە ڕاپەڕێنن، پاشان سەبارەت بە ستراتژیی بەرگری گفتوگۆ دەکەین و پێویستە دەوڵەتیش پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکان و ئێمەش بەوەی بەڵێنیمان داوە، پابەند دەبین.
Your Comment