ئەمڕۆ چوارشەمە 7ی جۆزەردان لە زانکۆی کوردستان ڕێوڕەسمی کرانەوەی خەڵاتی قەڵەمی هەژار بەڕێوەدەچێت.
بەرپرسی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی "خەڵاتی قەڵەم هەژار" سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە مەراسیمەکەدا ڕایگەیاند: "ئەم فێستیڤاڵە پرۆگرامێکە کە لەلایەن زانکۆی کوردستانەوە ڕێکخراوە و پردێکە بۆ دامەزراندنی پەیوەندی نێوان ڕۆشنبیری و هونەر و ئەدەب".
یادگار کەریمی ئاماژەی بەوەدا: "ڕێکخەرانی ئەم خەڵاتە هەوڵدەدەن ڕێگایەک بۆ دیالۆگ و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان نووسەراندا بکەنەوە".
ناوبراو ڕایگەیاند: هەوڵ درا ئەم مەراسیمە نەک هەر وەک ڕێزگرتن لە خزمەتە بێشومارەکانی مامۆستا هەژار وەک کەسایەتییەکی دیاری ئەدەبی کوردی بەڕێوەبچێت، بەڵکوو ئاسۆی نوێ بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی و پەرەپێدانی توێژینەوە لەو بوارەدا دەکاتەوە.
ناوبراو زیادی کرد: خەڵاتی قەڵەمی هەژار نەک هەر یەکەم و گەورەترین خەڵاتی جیهانی کتێبی کوردییە، بەڵکوو گۆڕەپانێکە بۆ پێشکەشکردنی توێژینەوە و بەرهەمی نایاب لە هەموو بوارەکانی زانستە مرۆییەکاندا.
هەروەها میوانانی پارێزگا جیاجیاکانی وڵات و هەرێمی کوردستانیش لەوانە "هەڤاڵ ئەبوبەکر" پارێزگاری سلێمانی لە مەراسیمەکەدا ئامادەبوون.
Your Comment