بەرپرسی لیژنەی زانستی خەڵاتی قەڵەمی هەژار، وتی: خەڵاتی قەڵەمی هەژار کە کۆڕێکی جیهانی ئەدەبی کوردییە لە ڕۆژانی ٧ و ٨ی جۆزەردان لە کوردستان بەڕێوە دەچێت.
یادگار کریمی ڕۆژی یەکشەممە لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی لە سنە ڕاگەیاند: یەکەم خولی خەڵاتی گەورە و گرینگی ئەدەبی "قەڵەمی هەژار" دوای دە ساڵ هەوڵ و ماندوو بوونی بەرپرسانی زانکۆی کوردستان، بەڕێوەدەچێت.
ناوبراو زیادی کرد: ئەم چالاکییە کە بە هاوکاری توێژینگەی کوردستانناسی و بە پاڵپشتی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی پارێزگای کوردستان بەڕێوە دەچێت، یەکەم و گرنگترین خەڵاتی جیهانی تایبەت بە کتێبی کوردی دەبێت .
ڕاشیگەیاند: زانکۆی کوردستان میوانداری نووسەران و توێژەرانی سەرتاسەری ئێران و چەندین وڵاتی جیهان دەکات.
لای خۆیەوە نەجمەدین جەباری، بەرپرسی بەشی زانستی خەڵاتی قەڵەمی هەژار ڕایگەیاند: لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا 941 بەرهەم لە 15 بابەتدا لە سەرانسەری جیهان نێردراوە بۆ نووسینگەی زانستی خەڵاتی قەڵەمی هەژار.
جەباری وتی: ئەمە نیشانەی گەورەیی و دەوڵەمەندیی زمانی کوردیە ، کە توانیویەتی ژمارەیەکی زۆر کتێبی بەناوبانگ بۆ خۆی ڕابکێشێت.
وتیشی: بە گشتی 38 کتێب وەک براوە ڕادەگەیەنرێن کە 6 نازناوی خەڵاتی تایبەت و 32 ناونیشانی شایستەی دەستخۆشیان تێدایە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە تاکە مەرج بۆ هەڵبژاردنی کتێبەکان بریتییە لە "زیندوویی نووسەر" و دەشڵێت: "تەنها بۆ قۆناغی یەکەم ژمارەی خەڵاتەکان ئەوەندە زۆر و نائاساییە".
جەباری ڕایگەیاند: زۆربەی بەرهەمە پێشکەشکراوەکان لە بواری وەرگێڕاندا بوون" و هەموو بەرهەمەکان بە 84 داوەر لێکدراونەتەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە.
Your Comment