بەشی نێودەوڵەتی: پڕۆفیسۆر ئیلهان ئازگول، جێگری پارتی کۆماری گەل وەک گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا، لە دیمانەگەڵ ئازەر مەهدەوان هەواڵنێری ئاژانسی مێهر، سەبارەت بە هەڵوێستی پارتەکەی هەمبەر بە پەیامی مێژوویی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ هەڵوەشانەوەی پەکەکە، ڕایگەیاند: ئێمە بڕوامان بە پرسی کورد لە تورکیایە و ڕاشکاوانە ڕامانگەیاندووە کە ئەم کێشەیە دەبێ چارەسەر بکرێت. ئەگەر پەکەکە بڕیارە لە ئەنجامی بانگەوازەکەی ئۆجەلان چەک دابنێت، ئێمە پاڵپشتی لێ دەکەین. چونکە سیاسەتی سەرەکیی ئێمە شەڕ نەکردن و سەقامگیرکردنی ئاشتی و حەوانەوە لە تورکیایە. بەلام زیاتر لەوە حەز دەکەین ئەم پڕۆسەیە بە شێوەیەکی ڕوون ئەنجام بدرێت؛ واتە پەرلەمان و پارتەکانی ناو پەرلەمان لە چوارچیوەی یاسادا بەشدار و ئاگاداری ڕەوتەکە بن. ئێمە داوا لە دەوڵەت و بەتایبەت لە ئەردۆغان دەکەین کە زانیاریی زیاتر لەوبارە بدات. بە گشتی، ئێمە پێشوازی لێ دەکەین، بەڵام ئەگەر ئەنجامی دیکەی لێ بکەوێتەوە، لە دژی دەوەستین.
ڕاشیگەیاند: لە بانگەوازەکەدا شتێکی ئەوتۆی تێدا نییە کە ئێمە دژی بین. واتە ئۆجەلان لەو بانگەوازەدا داوای ئۆتۆنۆمی، دۆزی فەرهەنگی یان فیدراسیۆنی نییە و تەنیا دەڵێت کە پەکەکە دەبێ چەک دابنێت و هەڵوەشێتەوە. بەڵام ئەگەر لە بەرامبەر ئەو بانگەوازەدا خوازیاری چاکسازیی دەستووری تورکیا بێت، ئێمە لە دژی دەبین.
ناوبراو سەبارەت بە لێکدانەوەکان لە ئامانجی هەڵبژاردنەیی بانگەوازەکەی ئۆجەلان و دەروەستی بە گۆڕانکارییەکانی سووریاوە، ڕوونی کردەوە: هەر بەو ئاسانییە نییە و ڕەنگە سیاسەتوانانی کوردی هەرێمی کوردستان و دەمپارتی لە تورکیاشدا بەدوای ئەو ئامانجەوە بن. چونکە شاندی دانوستانکار پاش دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، چوونەتە دیداری بەرپرسانی کوردی هەرێم و هاوکات پەیوەندیگەلێک لەگەڵ بەرپرسانی کوردی سووریا و پەکەکە لە ئارادایە و ئەوە نیشاندەری بەربڵاوبوون و گشتیبوونی ڕەوتەکەیە. هەڵبەت ئێمە بەدوای چارەسەریی کێشەکەین و ڕامانگەیاندووە کە ئەگەر ڕەوتەکە ئەنجامی دەستکاری و گۆڕینی دەستووری بۆ گەڕاندنەوەی ئەردۆغان بۆ گۆڕەپانی هەڵبژاردنی لێ بکەوێتەوە، ئەوا بانگەوازەکەی ئۆجەلان بە مامەڵەی سیاسی لێک دەدەینەوە و لە دژی دەوەستین.
ئیلهان ئازگول بە ئاماژە بە گوشاری ئاکەپە لە سەر پارتەکانی دیکەی تورکیا لە ڕێگەی جێگۆڕکێی شارەوانە کوردەکان و دژوازیی ڕەوتی دانوستان لەگەڵ ئۆجەلان و درێژەی سیاسەتکاریی پارتی داد و گەشە، سەبارەت بە چۆنیەتی چەکدانانی پەکەکە لە هەلومەرجێکی ئاوا نادیموکراسیانەدا جەختی کرد: دیارە پەکەکە جاری هەر ئاگربڕی ڕاگەیاندووە و چەکی دانەناوە. بەڵام دوای ئاگربڕ، دوو هەنگاوی تر واتە چەکدانان و هەڵوەشانەوە پێویستە و تا وەدیهاتنی ئەم سێ هەنگاوە، دەم پارتی و ئۆجەلان هەلی دانوستان و مشتومڕی زیاتریان هەیە لەگەڵ دەوڵەت. ئەگەرچی هیوادارم ناوەندە هەواڵگرییە بیانییەکان لەو ڕەوتەدا دەستێوەردان نەکەن و خۆی لێ ببوێرن و ئەم بابەتە لە ڕێگەی دیموکراسی گشتی و ناوخۆوە چارەسەر بکرێت.
وتیشی: هەڵبەت پەکەکە تەمەنی خۆی کردووە و لە دۆخێکدا کە توانستی سەربازی و جیهازاتی ئەرتەشی تورکیا بەهێزتر بوونە، چیتر پەکەکە وەک ڕابردووی پێ ناکرێت. لە لایەکی ترەوە کاتێک پەرلەمانتارەی کورد لە پەرلەمانی تورکیتا پەلی داکوتاوە و ڕژەیان لە ڕێژەی پەرلەمانتارانی نەتەوەپەرەست زیاترە، پەکەکە هۆکارێک بۆ مانەوەی نادۆزێتەوە. ڕاستە پرسی کورد لە تورکیادا هەیە، بەڵام چێتر ڕێگەچارەی چەک و شەڕ و پێکدادان نییە و پەککە بە چەک هیچی بەدەست نەهێنا.
جێگری جەهەپە لە کۆتاییشدا سەبارەت بە هەڵوێستی پارتەکەی هەمبەر بە بڕیاری ئازادکرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک بەشێک لە پڕۆسەکە، ڕایگەیاند: دانوستانەکان جاری بەردەوامن و ئۆجەلانیش لە ئیمرالییە و ناتوانێ لێی دەرباز بێت. گومانێک لەوەدا نییە کە دواجار کۆمەڵگای تورکیا بڕیارێکی وا قبووڵ ناکا و ئێمەش قبووڵی ناکەین.
342/
Your Comment