١٥ کانونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٣:٢٥
Source: Mehrnews
شەڕی ئەمریکا و داعش لە سووریا؛ پشت لە کورد ڕوو لە جۆلانی

گۆڤاری فۆربێزی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا دەڕوانێتە هێرشی ئەمدواییەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەربازانی ئەمریکا و کوژرانی دوو هیزی ئەمریکی و ئەم ڕووداوە دەباتەوە سەر هاوکارییە نوێیەکانی واشنتۆن و دەوڵەتی نوێی دیمەشق و بۆشاییەکی ئەمنی بە ناوی کوردی سووریا لەو هاوکێشەیەدا.

بەشی نێودەوڵەتی: کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێکی سڤیل لە سووریا لە میانەی هێرشی گرووپێکی سەر بە داعش، بۆ جارێکی تر مەترسییەکانی پاشهاتی بەپەلە ئاوێتەکردنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(هەسەدە)ی لە ئەرتەشی نوێی سووریادا بەرجستە کردەوە؛ ڕەوتێک کە واشنتۆن دوای هاتنە سەرکاری دەوڵەتی نوێی دیمەشق لە ڕاپەڕانیدا مکورە.

ئەو هێرشە ڕۆژی شەممە(22ی سەرماوەز) لە ناوچەی تەدمەر و ماوەیەک پاش تەڤڵهبوونی ڕژیمی جۆلانی بە هاوپەیمانی دژی داعش بە سەرکردایەتی ئەمریکا ڕووی دا. بەوتەی زۆربەی چاودێران، کوژرانی هێزەکانی ئەمریکا هەر لە قۆناغی سەرەتایی ئۆپەراسیۆن و گەشتی هاوبەشی لەگەڵ ئەرتەشی نوێی سووریا، نیشاندەری پەلەی ئەمریکا لە وەلانانی هاوپەیمانێکی کۆن و بەئەزموونی واتە هەسەدەیە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە چاودێری مافی مرۆڤی سووریا لە ڕاپۆرتی خۆیدا وەک هوشدارێک بۆ پێشگری لە دووپات‌بوونەوەی ئەو ڕووداوانە، داوای کە وەزارەتخانەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا کردووە کە هێزەکانی سەر بە حکوومەتی پێشوو و کەسانی خاوەن ئایدیالۆژیایی داعشی لە پێکهاتەی ئەمنیی خۆی وەلا بنێت.

دیارە ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوەدا کەمتر ئاوڕی لێ دراوەتەوە، وەک شوێنی پەلاماری هێزەکانی داعش بۆ سەر سەربازانی ئەمریکی و سووریا واتە پالمیرایە کە پێشتر شوێنی سەرەکیی چالاکیی گرووپی تیرۆریستی داعش بووە و هێزەکانی هەسەدە لە ساڵی 2019دا لە بندەستی خەلافەتی داعش‌ـیان ڕزگار کرد. بەڵام داعش نەک بە یەکجاری لەناو نەچوو، بەڵکوو وەک شانی نووستوو بە شێوەی ژێرزەوینی لەو بیابانانەدا درێژەی بە چالاکیی داوە و هێشتاش هەڕەشەیەکی پەنگراوە لەو ناوچەیەدا؛ ئەم لەسای دووربوونی ئەو ناوچەیە لە دەسەڵاتی ناوەندی دیمەشق و بەدووربوونی لە ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکانە.

لە لایەکی ترەوە، پاش ئەوەی ئەحمەد شەرع لە 10ی نوامبێردا وەک یەکەمین سەرۆک کۆماری سووریا سەردانی کۆشکی سپی کرد، سووریا بە فەرمی تەڤڵی هاوپەیمانی دژی داعش بوو؛ ڕێککەوتنێک کە لە غەیابی کوردەکان وەک سەرەکی‌ترین هاوپەیمانی پێشووی واشنتۆن لە شەڕی داعشدا ئەنجام درا.

کوردەکانی سووریا کە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش بە تایبەت لە گەمارۆدرانی کۆبانی لە ساڵی 2014 ئازایانە جووڵانەوە، سەرنجی ئەمریکایان ڕاکێشابوو، لە لە ساڵی 2015دا بوونە هاوپەیمانی سەرەکیی لە شەڕی داعش و بەو بۆنەوە ژمارێک هێزی ئەمریکی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا جێگر کران و واشنتۆن بە پشتبەستن بەو هاوپەیمانییە لە ئاکتەوبری 2017دا پایتەختی ئۆپەراسیۆنی داعش لە ڕەقەی ئازاد کرد و لە مارچی 2019دا کۆتایی بە خەلافەتی داعش هێنا.

بێ‌گومان هەسەدە لەو بوارەدا تێچووی قورسی داوە و بە گوێرەی لێکدانەوەکان، نزیکەی 11 هەزار شەڕڤانی ژن و پیاوی لەو ڕێگەیەدا بەخت کردووە. هەروەها هێزەکانی هەسەدە لەو ماوەیەدا سەرەڕای شەڕ دژی داعش، ئەرکی پاراستنی هێزەکانی ئەمریکیشیان لە کاتی گەشت و ئۆپەراسیۆنەکاندا لەئەستۆ بووە و ئەمەش بۆتە بەختێک بۆ ئەمریکاییەکان کە کەمترین هێزیان ڕەوانەی سووریا بکەن؛ ئەوە لە کاتێکدا کە هەر لە عێراقدا لە ماوەی ساڵانی 2003 و 2011دا هەزاران ئەمریکایی کوژراون.

کەچی ئەمریکا بەتایبەت لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ترامپ، چ لە خولی یەکەم و چ لەم خولەدا، کەمترین پێزانینی بەو هاوکاری و هاوپەیمانییە نیشان داوە و بەردەوام هەوڵی کشانەوەی لە ناوچەگەلی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکانی سووریای داوە و لەمدواییەشدا زۆربەی هێزەکانی گواستۆتەوە بۆ بنکەی تەنەف لە باشووری ڕۆژئاوای سووریا و بۆ نزیکی سنوورەکانی عێراق و ئۆردۆن.

هاوکات پاش ڕووخانی بەشار ئەسەد، ئەمریکا بۆ یەکەمجار و پاش یەک دەیەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دیمەشق دەست پێکردەوە و لەو ساوە مکورە لە ئاوێتەکردنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە ئەرتەشی نوێی سووریا. هەوڵێک کە ئەگەرچی سەرەتا بە ڕەزامەندی کوردەکان و لە ڕێککەوتنی 10 مارچدا داکۆکی لێکرا، بەڵام پاش کۆمەڵکوژیی درۆزییەکان لە باشووری سووریا، لەمناوە هەسەدە بە گومانەوە دەڕوانێتە مەبەستی شەرع و ئامادەبوونی بەربڵاوی هێزەکانی ئیسلامخواز لە دەزگای ئەمنیی سووریای نوێدا. بەڵام واشنتۆن لە ڕێگەی تام باراک و تەنانەت تورکیا جەختیان لەسەر پێشخستنی ئاوێتەکارییەکە و بگرە تورکیا هەڕەشەی لە کوردەکان کردووە کە ئەو کارە بەزووترین کات و بەر لە ساڵی نوێی زایینی ئەنجام بدرێت.

کەچی هێرشی ئەمدواییەی داعش نیشانی دا کە پەلەکردن لەو کارە، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە سووریادا، چونکە وەک دەرکەوت، هێزەکانی ئاسایشی نوێی سووریا، لانی‌کەم تا ئێستا، دەریانخست کە ئەزموونی پێویستیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش نییە و لە بەرامبەردا هێزەکانی هەسەدە زیاتر لە یەک دەیەی ئەزموونی پراتیگی و ڕاهێنانی بەربڵاویان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان هەیە و هەڵوەشانەوەی یەکینەکانی ئەو هێزە پاش ئاوێتەبوون لە ئەرتەشی سووریا، بۆشاییەکی ئەمنی وەدی دێنێت کە بێ‌گومان داعش وەک هەلێک بۆ خۆی دەقۆزێتەوە.

یان هەر هیچ نەبێ واشنتۆن دەتوانێ ڕەوتی ئاوێتەبوون بۆ چەند مانگێک دوابخات و لە بری ئەوە یەکینەگەلێک پسپۆڕی هەسەدە بەشێوەی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکایی و سووریا لە ناوچەگەلێکی وەک ناوەندی سووریا جێگر بکرێن تا وێڕای متمانەسازی و هاوئاهەنگی ئۆپەراسیۆنی، میکانیزمگەلی هاوکاریی بەر لە ئاوێتەبوونی کۆتایی وەدی بێت.

Your Comment

You are replying to: .
captcha