١٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٤ - ١٧:٤٣
پزشکیان: ئەگەر هاوڕیز بین، ڕژیمی زایۆنی ناتوانێ تاوان بکات

سەرۆک کۆماری ئێران و سوڵتانی عەمان سەبارەت بە پرسەکانی ناوچە بە تایبەت درێژەی جەنایەتەکانی ڕژیمی زایۆنی لە غەزە و لوبنان و پێوەندییە دووقۆڵییەکان گفتوگۆی تەلەفونیان کرد.

 مەسعوود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران دوانیوەڕۆی ئەوڕۆ چوارشەممە لە گفتوگۆیەکی تەلەفونی لەگەڵ "هەسیەم بێن تاریق" سوڵتانی عەمان جەختی لە پێوەندیی باش و تۆکمەی نێوان دوو وڵات و هەوڵ بۆ پەرەدان بە پێوەندییە دۆستانەکانی تاران-مەسقەت کرد.

پزشکیان لە درێژەی ئەو گفتوگۆیەدا جەختی لە زەروورەتی هاوڕیزیی وڵاتانی ئیسلامی لە قۆناغی ئێستاکە کرد و وتی: ئەگەر ئێمە وڵاتانی ئیسلامی پێکەوە هاوڕیز بین، ڕژیمی زایۆنی جەسارەتی ناکا بەو ئاسانییە دەست بۆ جەنایەت ببات و ئەمریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوایی پاڵپشتی لێ بکەن.

سەرۆک کۆمار هەروەها پێزانی خۆی بۆ هەڵوێستە بنەماییەکانی عەمان دژی جەنایەتەکانی ڕژیمی زایۆنی لە غەزە و لوبنان دەربڕی و خوازیاری گوشارخستنی زیاتر لە سەر پاڵپشتانی ڕژیمی زایۆنی بۆ وەستاندنی ماشینی کۆمەڵکوژی و جەنایەتەکانی ئەو ڕژیمە بوو.

342/