کابرایەکی چەکداری ٦٩ ساڵان ڕۆژی هەینی لە ناوەندی شاری پاریس لە نزیک مەکۆیەکی ڕۆشنبیریی کوردی، وێڕای تەقە کردن لە سێ کەسی کورد ، ھەر سیانی کوشت و کەسێکی دیکەشی بریندار کرد.
ئەم تاوانە بووە هۆی توڕەیی کۆمەڵگەی کوردی فەرەنسی. کوردانی ناڕازی ڕۆژی شەممە خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان لە پاریس ئەنجامدا. ئەم خۆپیشاندانەش بووە هۆی پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران.
پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵکەکە گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێناوە. سەرۆکی پۆلیسی پاریس دەستگیرکردنی ١١ کەسی لە کاتی بشێوی و ناڕەزایەتی دەربڕینی کوردانی دانیشتووی فەڕەنسا لە ڕۆژی شەممە و برینداربوونی زیاتر لە ٣٠ ئەفسەری کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئێران پرێس، «کەنعانی» لە کاردانەوە بە تێکهەڵچوونەکانی پاریس، وێڕای هاوسۆزی دەربڕین لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان ، وتیشی:
کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر نیگەرانە لە مەترسی خستنە سەر ژیانی خەڵک بەتایبەتی موسڵمانان، کەمینەکان و کۆچبەران و هەروەها جەخت لەسەر پێویستیی دان بەخۆداگرتنی پۆلیسی فەرەنسا دەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆبوونەوەی ئاشتیانەی ناڕازییاندا.
«کەنعانی» بە سەرنجدانی پێشینەی سیاسیی حکومەتی فەرەنسا لە گرتنەبەری سیاسەتی جیاکاری بەرامبەر کەمینەکان و کۆچبەران و هەروەها مامەڵەی توندوتیژ لەگەڵ خۆپیشاندەران، وتیشی: لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە سەبارەت بە ڕووداوەکەی پاریس دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەهەندەکانی ئەم کارەساتە.
342/