١٥ ئەیلوول ٢٠١٩ - ٠٩:٣٧
ترەمپ لە پێوەندیی تەلەفوونی لەگەڵ بن سەلمان: ئامادەی بەرگری لە عەرەبستانین

"دعۆناڵد ترەمپ"ـی سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەوی ڕابردوو لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ "محەممەد بن سەلمان"ـی شالیاری سەعوودی رایگەیاند واشینگتۆن ئامادەی بەرگری لە ئاسایشی عەرەبستانە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ ترەمپ لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا بە ئاماژە بە ئۆپەراسیۆنی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی هێزەکانی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن دژ بە دام و دەزگەکانی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عەرەبستان "ئارامکۆ" ڕایگەیاند ئەو پەلامارە کاریگەریی نگەتیڤ دادەنێتە سەر ئابووریی ئەمریکا و جیهان.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا پێشتر سەرانی سەعوودی بە مانگای شیردەر وەسف کردبوو کە دەبێ یەکسەر بیاندۆشێ و لە وتاردانێکی هەڵبژاردەییشدا جەختی کردبوو "سیستەمی پاشایەتی عەرەبستان بە بێ داکۆکی و پشتیوانییەکانی ئەمریکا تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا  هەڵدەوەشێتەوە."

یەکەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕۆژی شەممە لە وەڵامدانەوەی جەنایەتەکانی هاوپەیمانی سەعودی لە یەمەن، بە ١٠ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی خۆجێی، پاڵاوتگەکانی "بوقەیق" و خورەیس"ی سەر بە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عەرەبستان "ئارامکۆ"ـیان دایە بەر پە لامار.

عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا ، ئیمارات و چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە  شازدە هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە  و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.

شەڕنانەوەکانی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.

ڕژێمی سەعوودی و هاوپەیمانەکانی تا ئێستا لەبەر خۆڕاگریی خەڵکی یەمەن نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا کە هەمان دەسەڵات گرتنە دەستی کەسانی دەسنیا و دارەدەستە.

......
340