(ABNA24.com) حەزرەتی ئایەتوڵڵاعوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا بۆ زیارەتکارانی بیت اللە الحرام ، بەرائەت و ترێزکردن لە موشریکین و بە تایبەت ئەمریکای بە واتای بەرائەت و ترێزکردن لە چەوساوەکوژی و شەڕھەڵایساندن، ئیدانەکردنی مەکۆکانی تیرۆریزم لەوانە داعش و بلەک واتری ئەمریکیی، نەعرەتەی ئوممەتی ئیسلامی بەسەر ڕژێمی منداڵکوژی زایونی و پاڵپشت و یارمەتیدەرەکانی و شەرمەزار کردنی شەڕھەڵایساندنەکانی ئەمریکاو ھاوڕێکانی لە ناوچەی ھەستیاری ڕۆژئاوای ئاسیاو باکوری ئەفریقیا لێکدایەوەو وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەوبەرایەتیی کێشەی فەلەستین بە سەر تەواوی گرفتە سیاسیەکانی موسڵمانان،جەختی کرد:تەڵەکەی «سەودای سەدە» کە بە ھۆی ئەمریکای ستەمکارو ھاوڕێ خەیانەتکارەکانی بەستێنی بۆ خۆش دەکرێت، تاوانێکی دژبە کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە. ھەر بۆیە ھەمووان بۆ ئامادە بوونێکی چالاکانەو لە سەر ھەست بە مەبەستی شکست پێ ھێنانی ئەم فێڵەی دوژمن بانگێشتن دەکەین و بە حەول و قووەی ئیلاھی ، ئەمەو پیلانەکانی دیکەی بەرەی ئیستیکبار لە بەرامبەر ئازایەتی و بڕوامەندیی بەرەی خۆڕاگری ھەر لە ئێستاوە بە ھەرەس ھاتوو دەبینین.
دەقی پەیامەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما سەیید عەلی خامەنەیی کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە لایەن «حوججەتولئیسلام وەلموسلمین نەوواب نوێنەری وەلیی فەقی بۆ کاروباری حەجج و زیارەت و سەرپەرشتی حاجییانی ئێرانی» لە سارای عەرەفات دا خوێندرایەوە، بەم چەشنەیە.......
******************
بسم اللە الرحمن الرحیم
وَ الحَمدُلِلّهِ رَبِّ العالَمین وَ صَلَّی اللهُ عَلی رَسولِهِ الکَریمِ الاَمین، مُحَمَّدٍ خاتَمِ النّبییّن، وَ عَلی آلِهِ المُطَهَّرین سیَّما بَقیَّةِاللهِ فِیالاَرَضین، وَ عَلی اَصحابِهِ المُنتَجَبین وَ مَن تَبِعَهُم بِاِحسانٍ اِلی یَومِ الدّین.
ئاھەنگی حەجج لە ھەموو ساڵێکدا ژوانگەی ڕەحمەتی پەروەردگارە بۆ ئوممەتی ئیسلامی. بانگێشتنی قورئانیی « وَأَذِّن فِی النَّاسِ بِالْحَجِّ » لە ڕاستی دا بانگێشتنی ھەمووانە بە درێژایی مێژوو بۆ سەر سفرەوخوانی ڕەحمەت ھەتا ھەم دڵ و گیانی پەیجۆری خوداو ھەم ڕوانگەو ئەندێشەی گەشاوەیان لە بەرەکەتی ئەم ئاھەنگە بەھرە وەربگرێت و ھەموو ساڵێک وانەو فێرکارییەکانی حەجج بە ھۆی کۆمەڵێک لە خەڵکەوە لە سەرتاسەری جیھاندا بڵاو بێتەوە.
لە حەجج دا ئێکسیری زیکرو پەرەستش و بەندایەتی کە فەکتەری سەرەکییە لە گۆشکردن و گەشەو بەرزکردنەوەی ئاستی تاک و کۆمەڵ، لە پاڵ ئاپۆڕە و یەکانگیر بووندا کە ھێمای ئوممەتی واحیدەیەو ھاوتەریب لەگەڵ خولانەوە بە دەوری جەغزێکی ھاوبەش و لە ئاراستەیەک دا و بۆ ئامانجێکی ھاوبەش کە لە ڕاستی دا ڕەمزی چالاکی و تێکۆشانی ئوممەت لە سەر بنەمای تەوحیدو تاقانە پەرستییە و ، بە ھاوئاستی و یەکسانیی حەجکار و نەبوونی ھیچ چەشنە جیاوازییەک کە خۆی لە خۆی دا نیشانەی ھەڵگیرانی ھەڵاواردن و بە ھەمووانی کردنی دەرفەتەکانە، کۆمەڵێک لە بناغە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای ئیسلامی لە نوێنگەیەکی بچوک دا دەردەخات. ھەر کامە لە ئێحرام و تەواف و سەعی و وقوف و ڕەم و جوڵانەوەو وەستان لە مەناسکی حەجج ئاماژەیەکی ھێمایانەیە بۆ بەشێک لەو وێنانەی کە ئیسلام لەو کۆمەڵگا دڵخوازەی خۆی پیشانی دەدات.
گۆڕینەوەو ئاڵووێر کردنی بەرھەم و زانستەکان لە نێوان خەڵکی وڵاتان و ناوچە لێک دوورەکان و تەشەنە پێ دانی زانیاری و ئەزمون و ھەواڵپرسی کردن و ئاگادار بوونەوە لە حاڵ و ڕۆژی یەکتر و سڕینەوەی لێک نەگەییشتن و نزیک کردنەوەی دڵەکان لە یەکترو چڕکردنەوەی تواناییەکان بۆ بەرنگاربوونەوەی دوژمنانی ھاوبەش،لەودەستکەوتە گرینگ و ھەرە گەورانەی حەججە کە بە سەدان کۆبوونەوەی باووئاسایی مسۆگەر ناکرێت.
ڕێ و ڕەسمی بەرائەت کە بە واتای بێزاری دەربڕین بەرامبەر بە تەواوی دڵڕەقی و چەوساندنەوەو دزێوی و گەندەڵییەکانی تاغوتەکان لە ھەر سەردەمێک و ڕاوەستان لە بەرامبەر ملھوڕی و باجخوازیی موستەکبیرانی چاخە جۆربەجۆرەکانە، لەو بەرەکەتە گەوڕانەی حەجج و دەرفەتێکە بۆ گەلانی چەوساوەی موسڵمان.
ئەمڕۆکە بەرائەت و ترێزکردن لە بەرەی کوفرو موستەکبیرەکان و لە سەرەوەی ھەموویانەوە ئەمریکا، بە واتای بەرائەت و ترێز کردن لە چەوساوەکوژی و شەڕھەڵایساندنە، بە واتای ئیدانەکردنی مەکۆکانی تیرۆریزم لەوانە داعش و بلەک واتری ئەمریکییە،بە واتای نەعرەتەی ئوممەتی ئیسلامی بەسەر ڕژێمی منداڵکوژی زایونی و پاڵپشت و یارمەتیدەرەکانیەتی، بە واتای شەرمەزار کردنی شەڕھەڵایساندنەکانی ئەمریکاو ھاوڕێکانی لە ناوچەی ھەستیاری ڕۆژئاوای ئاسیاو باکوری ئەفریقیایە کە خەم و ژینتاڵیی گەلانی گەیاندووەتە ئەوپەڕی خۆی و ھەموو ڕۆژێکیش چورتمگەلێکی تازەیان بە سەردا دەسەپێنێ. بە واتای بێزاری دەربڕین لە ڕەگەزپەرستی و ھەڵاواردن لە سەر بنەمای جوگرافیاو ڕەنگ و ڕەگەزە، بە واتای بێزاری دەربڕین لە ھەڵس و کەوتی ئیستیکباری و خەیانەتکارانەی ھێزە سنووربەزێن و ئاژاوەگێڕەکانە لە بەرامبەر ئەو ھەڵس و کەوتە شەریفانەو نەجیبانەو دادگەرانەیەی کە ئیسلام ھەمووانی بۆ بانگێشتن دەکات.
ئەمانە تۆسقاڵێکن لە بەرەکەتەکانی حەججی ئیبراھیمی کە ئیسلامی ڕەسەن ئێمەی بۆ بانگێشتن کردووە. دیارە ئەمەش ھێمای ئاشکرای بەشێکی گرینگی ئارمانجەکانی کۆمەڵگای ئیسلامییە کە ھەموو ساڵێک بە ھۆی تاک بە تاکی جەماوەری موسڵمان و لە سەردەستی حەجج و بە دەرھێنانی حەجج، شانۆیەکی مەزن و پڕکاکڵ بەدی دێنێ و بە زمانێکی پاڕاوەوە تەواوی خەڵک بۆ ھەوڵدان لە ئاراستەی پێکھاتنی ئاوا کۆمەڵگایەک بانگێشتن دەکات.
بلیمەتانی جیھانی ئیسلام کە کۆمەڵێکیان لە وڵاتانی جۆربەجۆرەوە لە ئێستادا بەشداری ئاھەنگ و مەناسکی حەججن، ئەرکێکی قورس و گرینگیان لە سەر شانە. ئەم وانەگەلە دەبێ بە ھەوڵ و داھێنانی ئەوانە بگوازرێتەوە بۆ تێکڕای گەلان و بیروباوەڕی گشتی و، ئاڵو وێری مەعنەویی ھزرو ئەندێشە و ئامانج و ئەزمون و وریا بوونەوەکان لە سەر دەستی ئەوان مسۆگەر بکرێت.
ئەمڕۆکە یەکێک لە گرینگترین کێشەکانی جیھانی ئیسلام کێشەی فەلەستینە کە لە سەرەوەی تەواوی پرسە سیاسییەکانی موسڵمانانە بە ھەر ئایینزاو زمان و ڕەگەزێکەوە. گەورەترین ستەم لە ماوەی سەدەکانی ئەم دواییە لە فەلەستین دا کراوە. لەم بەسەرھاتە بەژان و برکەدا، تەواوی ھەست و نەستی نەتەوەیەک، بە سامان و نیشتیمان و ماڵ و مەزراو حورمەت و شوناسیەوە دابڕ کراوە. ھەڵبەت دیارە ئەم نەتەوەیە بە لوتفی ئیلاھی پێملی شکست نەبووەو بێ دەنگ دانەنیشتووە، بەڵکو ئەمڕۆ لە چاو دوێنێ لە سەرھەست ترو وریاترو بوێرانەتر لە مەیداندایە، کە ھەڵبەت دەرەنجامی ئەو بەرخۆدانەی پێویستی بە یارمەتیی تەواوی موسڵمانانە.
تەڵەکەی «سەودای سەدە» کە بە ھۆی ئەمریکای ستەمکارو ھاوڕێ خەیانەتکارەکانی بەستێنی بۆ خۆش دەکرێت، تاوانێکی دژبە کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە نەک ھەر گەلی فەلەستین. ئینجا ئێمەش ھەمووان بۆ ئامادە بوونێکی چالاکانەو لە سەر ھەست بە مەبەستی شکست پێ ھێنانی ئەم فێڵەی دوژمن بانگێشتن دەکەین و بە حەول و قووەی ئیلاھی ، ئەمەو پیلانەکانی دیکەی بەرەی ئیستیکبار لە بەرامبەر ئازایەتی و بڕوامەندیی بەرەی خۆڕاگری ھەر لە ئێستاوە بە ھەرەس ھاتوو دەبینین . قالَ اللهُ العَزیز: « أَمْ یُرِیدُونَ کَیْدًا فَالَّذِینَ کَفَرُوا هُمُ الْمَکِیدُونَ» صَدَقَاللهُ العَلیُّ العَظیم .
سەرکەوتن و ڕەحمەت و عافییەت و قەبووڵ بوونی تاعەت بۆ ھەموو حاجییە بەڕێزەکان لە خوداوەندی تاقانە دەخوازم.
سەیید عەلی خامەنەیی
١٤ی گەلاێژی ١٣٩٨ ی کۆچیی ھەتاوی
ڕێککەوت لەگەڵ سێھەمی زیلحەججەی ١٤٤٠ ی کۆچیی مانگی
/129