(ABNA24.com) وەزیری دەرەوەی ئێران بە بڵاو کردنەوەی تویتێکی تژی لە وێنە و بەڵگەی سەلمێنەری بەزێندرانی سنووری ئاسمانیی ئێران لە لایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیی سیخوڕی ئەمریکاییەوە، دیسان پێی داگرت لە سەر ئەوەی کە ئەمریکا یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بنپێ دەکات.
"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە لە لاپەڕەی شەخسیی خۆیدا لە تویتەر سەبارەت بە شوێنی پێکرانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیی سیخوڕی ئەمریکایی نووسی: بۆ ئەوەی وردیاتێکی ڕوون و ئاشکرای زیاتر ببینن سەبارەت بە ڕێگا، پێگە و ئەو شوێنەی کە ئێران فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیی سیخوڕی ئەمریکای پێکاوە، سەرنجی ئەم نەخشانە بدەن.
زەریف بە ئاماژە بەوەی کە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیی سیخوڕی ئەمریکایی کاتێک وەبەر پە لامار کەوت کە درووست لە سەر ئاسمانی سەر ئاوەکانی وڵاتی ئێران بووە، وتیشی: بە سەرنج دانی ئەو نەخشەیە، هیچ شک و گومانێک لە شوێنی پێکرانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیی سیخوڕی ئەمریکایی نامێنێ.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها وێنەیەکی سەبارەت بە نەخشەی ئێران و ئەمریکا لە تویتەکەی خۆیدا داناوە کە مەودای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە سنووری ئەمریکا و نزیک بوون بە سنووری ئێران بە ڕوونی نیشان دەدات.
هەروەها سەرۆکی دەزگەی نەخشەداڕێژی ئێران وتی: فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیی سیخوڕی ئەمریکایی کە لە لایەن ئێرانەوە خرایە خوار، هاتبووە نێو چوار مایلیی سنووری ئاسمانیی ئێرانەوە. "مەسعوود شەفیعی چافی" سەرۆکی دەزگەی نەخشەداڕێژی ئێران وتیشی: فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیی سیخوڕی ئەمریکایی کە لە ئیماراتەوە هەستابوویەوە، هاتۆتە نێو سنووری ئاسمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. شەفیعی چافی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئەگەر ئەو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیی سیخوڕی ئەمریکایە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بکەوتایەتە خوارەوە، ئەمریکاییەکان خێرا هەموو پارچەکانیان کۆ دەکردەوە بۆ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک نەکەوێتە بەردەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە یەکەم کاژێرەکانی سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە (٢٠ی ژوەن) فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی سیخوڕیی مۆدیلی «گلۆباڵ هاوک» Global Hawkی ئەمریکا پاش هاتنە نێو سنووری ئاسمانیی وڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەوتەبەر هێرشی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هێزی هەوافەزای سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و کەوتە خوارەوە. کاربەدەستانی ئەمریکایی بانگەشەیان کردبوو کە ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە نەچۆتە نێو سنووری ئاسمانیی ئێرانەوە و لە ئاسمانی ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا وەبەر پەلامار کەوتووە لە کاتێکدا کە راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە ئەمریکاییە هاتۆتە نێو سنووری ئاسمانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ناوچەی بەرامبەر بە چیای موبارەک لە پارێزگای باشووریی هورموزگاندا.
/129