١٦ شوبات ٢٠١٩ - ١٣:٣١
ئەمریکا گوشاری زیاتر دەخاتە سەر ڤنزوێلا

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێگای سەپاندنی سزا بەسەر گەورە بەرسانی حکومەتەکەیدا، فشاری زیاتر دەخاتە سەر نیکۆلاس مادورۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر سێ بەرپرسی باڵای ئاسایش و سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی حکومی ڤەنزوێلادا سەپاندوە، ئامانج لەم هەنگاوەش دروستکردنی فشاری زیاترە لەسەر حکومەتەکەی مادورۆ.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکراشیکرد، لەگەڵ پێنتاگۆن لە وتوێژدان بۆ ڕەوانەکردنی بڕی 200 تۆن یارمەتی و پێداویستی مرۆیی بۆ سنورەکانی کۆڵۆمبیا تا لەو ڕێگەیەوە بگەیەنرێتە دەست هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا.

200 تۆن یارمەتی و پێداویستی مرۆیی رەوانەی ڤەنزوێلا دەکەین


لە بەرامبەردا کویڤیدیۆ بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ڤەنزوێلا کە یەکێکە لە سزادراوەکان رایگەیاند، ئەمریکا بەرپرسانی ئاسایشی ڤەنزوێلا لەبەرئەوە سزادەدات کە رێگری لە کودەتای سەربازی ئەمریکا و ئۆپۆزسیۆن دەگرن.

لای خۆشییەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندوە، یارمەتی و هاوکارییە مرۆییەکانی ئەمریکا بەهاوکاری و ئاگاداری خوان گوایدۆ، سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلایە و تەواوی هاوکارییەکان لە رێگای فڕۆکەوە دەگەیەنرێتە سنورەکانی کۆڵۆمبیا.

یارمەتی و هاوکارییە مرۆییەکانی ئەمریکا بەهاوکاری و ئاگاداری سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا رەوانە دەکرێن

ئەمریکا دەیەوێت لەلایەک فشارەکانی بۆسەر سەرۆکی ئێستای ڤەنزویلا زیادبکات و لەلایەکی دیکەش کاریگەری سزاکان لەسەر هاوڵاتی ئەو وڵاتە کەمبکاتەوە، ئامانج لەم کارەش رێگە خۆشکردنە بۆ زیاتر ناساندنی سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە و لادانی دەسەڵاتی نیکۆلاس مادورۆ کە زیاتر لە روسیاوە نزیکە.