نووسینگەی سەرۆك كۆمار لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، هەریەک لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە كۆشكی سەلام لە بەغدا كۆبوونەوە.
روونیشیكردەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان و هەوڵەكانی تەواوكردنی كابینەی حكومەت و پێشكەشكردنی ناوی وەزیرەكان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران تاووتوێكران.
هاوكات پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجە و لەبەرچاوگرتنی چاككردنی گرفتەكانی پرۆژەكە و گرنگیدان بە پارێزگا زیانلێكەوتووەكانی دەستی تیرۆر و بایەخان بە پرۆژەكانی وەبەرهێنان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.
هەر سێ سەرۆكایەتییەكە باسیشیان لە بارودۆخی ئەمنی عێراق و بەتایبەتیش رەوشی ناوچە سنوورییەكان لەگەڵ سوریا كرد و بەپێویستیانزانی پشتیوانی هێزە ئەمنییەكان بكرێت بۆ پاراستنی ئەو سەركەوتنەی بەسەر تیرۆردا بەدەستهێندراوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك كۆمار دیارترین ئەو بابەتانەی روونكردەوە كە بە نیازە لە میانی سەردانەكەی بۆ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە ئەنجامیان بدات.