٣ تشرینی دووەم ٢٠١٧ - ١٤:٥٤
ئایەتوڵڵە مودەرسی داوا لە هەوڵێر و بەغداد دەکات دور بکەونەوە لە لێدوانی توند

قۆناغی دوای داعش قورستر دەبێـت لە سەر گەلانی عێراق

ئایەتوڵڵە محەمەد تەقی مودەڕیسی کە یەکێکە لە مەرجەعە باڵاکانى شیعە ئەمڕۆ لە وتاری هەینیدا ڕایگەیاندووە، داواکارم لە هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا لە بەر بەرژەوەندى باڵای وڵات وازبهێنن لە لێدوانى توند دژ بە یەکتر چونکە مەترسی بۆ سەر ئاشتى کۆمەڵایەتی هەیە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، "قۆناغی دوای داعش قورستر دەبێـت لە سەر گەلانی عێراق ئەگەر فیتنە و ئاژاوەکان بمێنن و هەر بۆیە دەبێت خۆشەوییستى و یەکتر قبوڵکردن ببێتە بنەمای پەیوەندییەکان".

محەمەد تەقی مودەڕیسی وتووشیەتی "داوا لە برایانمان لە هەرێمى کوردستان دەکەین وانە لە ڕووداوەکانى دواى ڕیفراندۆم وەربگرن و هەرگیز پشت بە بیانى و خەڵکى دەرەوەی عێراق نەبەستن"

ڕاشیگەیاندووە "برایانى کورد سەیرى باشورى سودان بکەن کە دواى جیابوونەوەشیان دەردەسەرییەکانیان زیاتر بووە و هەروەها جیابوونەوەى کەتەلۆنیاش سەرى نەگرت".

ئەمەش لە کاتێکدایە هەر چەندە ئەوە چەند جارێکە حکومەتى هەرێم داوایکردووە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا دەستپێبکەن، بەڵام بەغدا ڕایگەیاندووە تا ئەنجامەکانى ڕیفراندۆم هەڵنەوەشێتەوە و خاڵە سنوریەکان و فڕۆکەخانەکان ڕادەست نەکرێت دانوستان ناکەن.