نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ ١١ نیسانی ٢٠١٧ ڕایگەیاند، ڕێوشوێنی توند دەگرنە بۆ ڕێگریکردن لە چوونە ناوەوەی چەکدار بۆ ناو کامپی ئاوارەکانی موسڵ و ڕاسپاردنی پۆلیسی ناوخۆیی بۆ پاراستنی ئارامی کامپەکان.
بەپێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت ع ابنا: ئەو بڕیارەی عەبادی لەکاتێکدایە یەکێک لە چەکدارانی حەشدی شەعبی چووەتە ناو کامپی ئاوارەکانی موسڵ و سوکایەتی کردووە بە کارمەندێکی یەکێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لێی داوە.
لە بڕیارەکەی ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە، کە لەمەودوا ڕێگری دەکرێت لە هەموو پارچە چەکێک بۆ کامپی ئاوارەکان و ڕێگری کردن لە کەسانی چەکدار بۆ چوون بۆ ناو کامپەکان، هەروەها ڕاسپاردنی پۆلیسی فیدراڵی بۆ گرتنە ئەستۆی دۆسیەی ئەمنی کامپی ئاوارەکان، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان دەکرێت.
ئەو فەرمانەی عەبادی لە ڕێگەی نوسراوێکی فەرمی و بەپەلەوە ئاراستەی دەستەی حەشدی شەعبی کراوە، کە بەرواری ٣ ی نیسانی ٢٠١٧ لەسەرە، کە داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی کردووە، سەبارەت بە دەستدرێژی یەکێک لە کارمەندانی حەشدی شەعبی بۆسەر کارمەندێکی یەکێک لە ڕێکخراوی ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی لە ڕۆژی ٣١ی ئازاری ٢٠١٧دا، لە یەکێک لە کامپی ئاوارەکانی موسڵ.