١٩ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ٠٩:٤٤
باڵەخانەی پلاسکۆ لە تاران بەهۆی ئاگرەوە ڕووخا

پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ باڵەخانەی پلاسکۆ لە شاری تاران بەهۆی ئاگرتێبەربوونیەوە ڕووخا و تەختی زەوی بوو.

به پێی هەواڵ دەریی ئەهلی بەیت(ع) ، ابنا: پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ باڵەخانەی پلاسکۆ لە شاری تاران بەهۆی ئاگرتێبەربوونیەوە ڕووخا و تەختی زەوی بوو.

ئاگرەکە سەرەتا بەیانی ئەمڕۆ ١٩ی کانوونی دووەم کەوتووەتەوە و دوای هەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژاندنەوە تواندرا بەشێکی ئاگرەکە کۆنترۆڵبکرێت، بەڵام دواتر بەهۆی تەشەنەسەندنی ئاگرەکەوە بیناکە ڕووخا.

بە پێی هەواڵێکی تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران لەکاتی ڕووخانی بیناکەدا ژمارەیەک لە ئەندامانی تیمی ئاگرکوژاندنەوە بوون بە ژێرەوە و بەوتەی ئاژانسی هەواڵی فارس نیوزیش ٣٠ ئەندامی تیمی ئاگرکوژاندنەوە گیانیان لە دەستداوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی تەسنیمیش بەهۆی ئاگرەکەوە ٢٠٠ کەس بەرکەوتوون و ژەهراوی بون یان سوتاون.

تا ئێستا ئامارێکی فەرمی لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە لەسەر زیانە گیانییەکانی ڕووداوەکە نەخراوەتە ڕوو.

باڵەخانەی پلاسکۆ لە تاران دەکەوێتە جادەی اسلامبول یاخود ئیستەنبول و وەک ناوەندێکی بازرگانی ئاڵوگۆڕی پۆشاک و کەرەستەکانی دیکەی تێداکراوە، هەر بەهۆی ئەو کەرەسەتانەی لە باڵەخانەکەدا بوون بە ئاسانی ئاگرەکە کۆنترۆڵنەکراوە.

باڵەخانەکە ١٧ نهۆم بوو و دەکەوتە نزیک چوار ڕای ئیستەنبول کە هەردوو جادەی جموری و فیردەوسی دەبەستێتەوە بەیەکەوە، بەهۆی ڕووخانەکەشەوە ئەو دوو ڕێگایە گیراون.

باڵەخانەکە یەکێکە لە باڵەخانە بەرزەکانی ناو شاری تاران و لەساڵی ١٩٦٢ دا کراوەتەوە و دواتریش دەستکاری کراوە.

بالەخانەکە لەلایەن حەبیبوڵا ئالقانیانەوە درووستکراوە کە بازرگانێک و دەوڵەمەندێکی تاران بوو تا پێش شۆڕشی ئیسلامی، کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی یەهودیانی ئێران بوو، دوای شۆڕشی ئیسلامی لە سێدارە درا.


.............
کوتایی په یامی/ ۲۱۸