رێورەسمی سوێندخواردنی سەرۆک لە ئەمریکا بایەخێکی زۆری پێدەدرێت و نەریتێکی سیاسیی و رووداوێکی سیاسیی و یاسایی گرنگە و چەندین کەسایەتی گرنگی نێوخۆیی و جیهانی تێدا ئامادە دەبن.
رێوڕەسمەکە رۆژی 20ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و سەتان سەرباز، کە لە رێوڕەسمەکەدا بەشداریی دەکەن، دەستیان بە مەشق و راهێنان کردووە و چاوەڕوانیش دەکرێت زیاتر لە 5 هەزار کەسایەتی سەربازی بەشداری لە رێورەسمەکەدا بکەن.
رۆژی 20ـی کانوونی دووەم، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سوێندی یاسایی دەخوات.
لە ئێستاوە ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە دەستی پێکردووە. بەشێک لە رێوڕەسمەکە جگە لە گوتاری دۆناڵد ترەمپ، بریتی دەبێت لە پێشکەشکردنی گۆرانی و میوزیک. تیمی ئامادەکاری رێوڕەسمەکە پەیوەندییان کردووە بە تیم روشلۆی هونەرمەندەوە و داوایان لێکردووە بەشداریی بکات.
تیم روشلۆ، هونەرمەندی گۆرانیبێژ لەو بارەوە گوتی: "پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم بۆ هات لەم رۆژانەدا، گوتیان حەز دەکەین بێیت و بەشداربیت لە پاڵپشتیکردنی وڵاتەکەماندا و بەشێک بیت لە رێوڕەسمی سوێندخواردنەکە لە کۆنسێرتەکەدا؟ منیش گوتم، بەڵێ. من حەز دەکەم. پێشموایە بەڕاستی ئێستا وڵاتەکەمان لە پێگەیەکی درووستدایە، من هەست دەکەم کاتی یەکگرتن هاتبێت و ئێستاش کاتەکەیە. من دەزانم میوزیک چارەسەرە بۆ من و هەروەها چارەسەرە بۆ خەڵکیش."
لەلایەکی دیکەوە سوپای ئەمریکا خۆی بۆ پێشوازی لە ترەمپ ئامادە دەکات. سەتان سەرباز، کە لە رێوڕەسمەکەدا بەشداریی دەکەن، دەستیان بە مەشق و راهێنان کردووە. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە زیاتر لە 5 هەزار کەسایەتی سەربازی بەشداری لە رێورەسمەکەدا بکەن.
بۆ پاراستنی سەرجەمی ئامادەبووان و رێوڕەسمی سوێندخواردنەکە هێزە ئەمنییەکان هەموو رێکارێکیان گرتووەتە بەر. وەزیری ئاسایشی ناوخۆ ئاماژە بەوە دەدات، کە هیچ هەڕەشەیەکی گەورە و دیار راستەوخۆ بۆ سەر رێوڕەسمەکە لە ئارادا نییە، لەوەش ئاگادارن کە نزیکەی 100 کۆمەڵە و رێکخراوی جیاجیا لە شوێنەکە بۆ دەربڕینی پاڵپشتیی یان نارەزایی بەرامبەر بە سەرۆکی نوێ گرددەبنەوە.
جێ جۆنسن، وەزیری ئاسایشی ناوخۆ دەڵێت: "ئێمە دەزانین کە هیچ هەڕەشەیەکی دیار و تایبەتی راستەوخۆ بۆ سەر سوێندخواردنەکە نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە تەنها بەشێکە لە چیرۆکەکە. ژمارەیەک ئاژانسی جیاواز مەزەندەیان کردووە، کە لە رۆژی سوێندخواردنەکەدا نزیکەی 700 هەزار تا 900 هەزار کەس کۆببنەوە. لەم کاتەدا، ئێمە دەزانین کە 99 رێکخراوی جیاواز دەیانەوێت بە جۆرێک بەشداربن لە سوێندخواردنەکەدا لەو شوێنەی پایتەخت و هەروەها لە مۆڵەکە. هەندێک لایەنگر و هەندێک دژ. ئێمە ئەم 99ـیە لە رێگەی پێشکەشکردنی داوای مۆڵەت یان لە رێگەی سۆشیاڵمیدیاوە دەناسین."
دوای رێوڕەسمی سوێندخواردنەکە، دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی وەک 45ـەمین سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت.
١٦ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ١٧:٤١
News ID: 805373
رێورەسمی سوێندخواردنی سەرۆک لە ئەمریکا بایەخێکی زۆری پێدەدرێت و نەریتێکی سیاسیی و رووداوێکی سیاسیی و یاسایی گرنگە و چەندین کەسایەتی گرنگی نێوخۆیی و جیهانی تێدا ئامادە دەبن.