٣٠ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ١٨:١٧
ماوەی چوار ڕۆژە باڵیۆزی یۆنان دیارنەماوە

(کیریاکۆس ئەمیریدیس) باڵیۆزی یۆنان لە بەرازیل لە ڕۆژی دوو شەممە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦وە دیارنییە، ئەمڕۆش تەرمێک لەناو ئوتومبێلێکی سوتاودا دۆزراوەتەوە کە پێدەچێت ئەو بێت.

ماوەی چوار ڕۆژە باڵیۆزی یۆنان لە بەرازیل دیارنەماوە

به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا: (کیریاکۆس ئەمیریدیس) باڵیۆزی یۆنان لە بەرازیل لە ڕۆژی دوو شەممە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦وە دیارنییە، ئەمڕۆش تەرمێک لەناو ئوتومبێلێکی سوتاودا دۆزراوەتەوە کە پێدەچێت ئەو بێت.

بەگویرەی زانیاری سەرچاوە هەواڵییەکان، ئوتومبێلە سوتاوەکە لە ناوچەی (ڕیۆ) دۆزراوەتەوە و پۆلیسی بەرازیلیش گومانی هەیە، کە تەرمە دۆزراوەکە باڵیۆزی یۆنان بێت.

پۆلیس پێشتر ڕایگەیاندبوو، باڵیۆزەکەی یۆنان دواجار ئێوارەی ڕۆژی دوو شەممە ٢٦ی کانوونی یەکەم بووە کە بینراوە، هەروەها پۆلیس ڕایگەیاندووە، هاوسەری باڵیۆزەکە ڕۆژی چوار شەممە ٢٨ی کانوونی یەکەم وتوویەتی "هاوسەرەکەی ونبووە".ڕۆژی دوو شەممەش کۆتا جار بووە، کە پەیوەندی بە هاوسەرەکەیەوە کردووە.

بەرپرسێکی باڵیۆزخانەی یۆنان لە برازیلیا، پشتڕاستی ئەوەی نەکردووەتەوە کە باڵیۆزی یۆنان ونبووبێت و وتوویەتی "ئەو تەنیا لە گەشتە لە ڕیۆ و پێدەچێت ڕۆژی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ بگەڕێتەوە پایتەختی بەرازیل".

هەر بەگوێرەی زانیاری سەرچاوە هەواڵییەکان شارەزایانی دادوەری، کە لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ ناسینەوەی تەرمەکە و بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەری (بی بی سی) ئوتومبێلی باڵیۆزی یۆنان لەژێر پردێکی سەرەکی ڕیۆدا دۆزراوەتەوە.

(کیریاکۆس ئەمیریدیس) وەکو کونسوڵی گشتی یۆنان لە ڕیۆ لە ساڵی ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٤ کاری کردووە، لە ساڵی ٢٠١٢ەشەوە هەتا بوون بە باڵیۆزی یۆنان لە بەرازیل، لە لیبیا باڵیۆزی وڵاتەکەی بووە.