به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا: ئەمڕۆ سێشەمە ٦ى کانونى یەکەمى ٢٠١٦ دادگای تاوانی سعودیە حوکمی لە سێدارەدانی بۆ ١٥ کەس دەرکرد بەتاوانى ئەوەى کە ئەندامی شانەیەکی سیخوڕی ئێرانی بوون.
ماڵپەڕى ئەلعەرەبیە بڵاویکردەوە ئەوەی تا ئێستا ئاشکرابووە شانەکە لە ٣٢ ئەندام پێکهاتبوون کە ٣٠ کەسیان هاوڵاتی سعودی بوون و یەک ئێرانی و یەکێکی تریش ئەفغانی بووە.
جگە لە ١٥ کەسەکە دادگا بڕیاری زیندانیکردنی ١٥ کەسی تری بە ماوەی جیاواز دەرکردووە، دووانی تریشی ئازادکردووە.
پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو ٣٢ کەسە ١٦٠ دانیشتنی خایاند کە لە ماوەی ١٠ مانگدا ئەنجامدران و ١٠٠ پارێزەر بەشدارییان تێداکردبوو.
زۆربەی تۆمەتبارانیش لە کەرتی دیپلۆماسی و کارمەندی سەربازی بوون.
لەو تۆمەتانەى کە ئاراستەیان کرابووئەوەیە کە کاری ئەو شانەیە گەیاندنی زانیاری سەربازیی زۆر مەترسیدار و هەستیار بە لایەنی ئێرانی بووە کە ئاسایشی وڵاتیان خستبووە مەترسییەوە.
هەروەک ماڵپەڕەکە باسیکردووە، تەنانەت یەکێک لە ئەندامانی شانەکە مورشیدی ئێران عەلی خامەنەئی بینیوە.
هەندێ لە ئەندامانی ئەو شانەیە لە بواری ئابوری و دارایی و ئەکادیمی پێگەی بەرزیان هەبووە و لە ناوچەی مەکە و مەدینە و ڕیاز و ناوچەی ڕۆژهەڵات دەستگیرکرابوون.
ئەوەش لەکاتێکدایە ئەو دوو وڵاتە هەریەکەیان وەک نوێنەرى مەزهەبى شیعە و سونە پێناسەى خۆیان دەکەن و بەوهۆیەشەوە ناکۆکى قوڵى مەزهەبى و سیاسى لەنێوانیاندا هەیە، بەتایبەتى لەسەر کێشەى سوریا و یەمەن.
٦ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ١٦:٠٦
News ID: 796476
ئەمڕۆ سێشەمە ٦ى کانونى یەکەمى ٢٠١٦ دادگای تاوانی سعودیە حوکمی لە سێدارەدانی بۆ ١٥ کەس دەرکرد بەتاوانى ئەوەى کە ئەندامی شانەیەکی سیخوڕی ئێرانی بوون.