٤ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ٢١:٤٣
ھێرۆ ئیبراھیم پێشوازی كرد لە وەفدی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە شاری سلێمانی پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا : ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە وەفدێکی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی برێت ماکگۆرک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و وەفدێکی ھاوڕێی، لەدیدارەکەدا رەوشی سیاسیی و ئەمنیی ناوچەکە و پەیوەندی نێوان ھەرێم و بەغداد، تاووتوێکرا. لەو دیدارەدا کەھەریەک لە مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی لێپرسراوی کاروباری دژایەتی تیرۆر ئامادەی بوون، گفتوگۆکرا لەبارەی شەڕی تیرۆر و گۆڕانکارییەکانی شەڕ لەدژی تیرۆر و تێیدا جەخت لە گرنگی ھەماھەنگی زیاتر لەنێوان ھاوپەیمانان و ھێزە بەشدارەکانی بۆ لەناوبردنی داعش کرایەوە و رۆڵی ھێزەکانی پێشمەرگەش لەو ڕووەوە بەرزنرخێندرا. لەبەشێکی تری دیدارەکەدا، سەبارەت بەسەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی موسڵ و تەواوی ناوچە ئازادکراوەکانی دیکەی ژێر چنگی چەکدارانی داعش گفتوگۆ ئاڵوگۆڕکرا و ماکگۆرک بەردەوامبونی پشتگیرییەکانی وڵاتەکەیشی بۆ عیراق و ھەرێمی کوردستان لەھەموو ئاستەکاندا دووپاتکردەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا، ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد داوایکرد کە ھاوپەیمانان‌و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پشتیوانی زیاتری ھێزی پێشمەرگە بکەن، لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی زیاتری مەترسییەکانی داعش و بەرقەرارکردنی ئارامیی بۆ ناوچەکە. ھێرۆ ئیبرھیم ئەحمەد، ھەر لەمیانەی دیدارەکەدا، لەبارەی ھەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و یاساییەکان رایگەیاند یەکێتی بەپێویستی دەزانێت کەچارەسەری کێشەکان بکرێت و لەپێناو ئاسایبونەوەی زیاتری رەوشەکە و چەسپاندنی ژیانی دیموکراسیی. لایخۆیەوە برێت ماکگۆرک پشتگیری وڵاتەکەی بۆ چارەسەری ئاشتییانە و سیاسییانەی کێشەکان دەربڕی و داواشیکرد لایەنەکان زیاتر لەیەک نزیکببنەوە و بەدیالۆگ چارەسەری کێشەکان بکەن. لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد، وەفدی ئەمریکا باسیان لەوەکرد کە گرنگە پەیوەندییەکانی ھەردوولا زیاتر بەرەوپێش بچێت و لەڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە چارەسەری کێشەکانی نێوانیان بکەن. ھاوکات لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان روونیکردەوە کەقۆناغەکە گەیشتۆتە ئاستێک پێویستە کێشە دەستوری، سیاسی و ئابورییەکان چارەسەر بکرێت و لەوپێناوەدا دەبێت بەغداد زیاتر بێتەپێشەوە.