٢٠ تشرینی یەکەم ٢٠١٦ - ١٦:٢٤
دەست پێکرانەوەی ئۆپێراسیۆنی مووسڵ پاش رۆژێکی کەم و زۆر ئارام و ئامادەبوونی عەبادی لە بەرەی شەڕدا

پاش رۆژێکی کەم و زۆر ئارام لە بەرەکانی شەڕ لە مووسڵ ، پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان ، ئۆپێراسیۆنی خۆیان بۆ وەرگرتنەوەی ناوچە بەجێماوەکان لە دەورووبەری مووسڵ دەست پێ کردەوە.

ئۆپێراسیۆنی رزگار کرانی موسڵ رۆژی رابردوو کەم و زۆر لە تەواوی تەوەرەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی موسڵ جگە لە هەندێ جموجۆڵ لە باشووری ئەو شارە راگیردرابوو کە ئەو هەنگاوە تاکتیکێک بوو لە ترسی هێرشە شیمانەیەکانی هێزەکانی تاقمی تیرۆریستیی داعش بە گازی ژاراویی. هێزە کوردەکان و ئەرتەشی عێراق ترسان کە شکست و پاشەکشەی خێرای داعش جۆرە تاکتیکێک بۆ راکێشانیان بۆ ناوداو بێ و بە پێشڕەویی بەرەو مووسڵ ، بخرێنە بەر ئامانجی هێرش بە گازی کیمیایی. هەر ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە لە رۆژی رابردوو دا دۆخی مەیدانی و ئەگەر جۆراوجۆرەکان شیی بکەنەوە.

لە بەیانی ئەمڕۆوە پێشمەرگەکان و هێزەکانی ئەرتەشی عێراق بە پشتیوانیی ئاسمانیی فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دەستیان کرد بە بەرەو پێش چوون بەرەو شاری بەعشیقە لە باکووری موسڵ.ئێستاکە ئەو شارە و ناوچەکانی دەورووبەری بە تەواویی لەلایەن پێشمەرگەکان و ئەرتەشی عێراقەوە گەمارۆ دراوە.

ئازاد کرانی بەعشێقە و ناوچەکانی دەورووبەری کە لە پێگە گرینگەکانی داعش دێتە ئەژمار زەبرێکی قورس بۆسەر ئەو تاقمە تیرۆریستییە پێش دەسپێکی ئۆپێراسیۆنی سەرەکییە بە ئامانجی کۆنتڕۆڵ کردنی شاری 1.5 میلیۆن کەسیی موسڵە.

لە تەوەرەی رۆژهەڵات و باشووریش را هەواڵ دەگات کە هێزە خەباتکارەکان بەدژی تیرۆریزم لە عێراق ناسراو بە " لەشکەری زێڕین " ، گەییشتوونە تەوەرەی خازر و ئامادەی وەرگرتنی فەرمان بۆ دەست پێکردنی ئۆپێراسیۆنەکەی بە مەبەستی وەرگرتنەوەی ئەو ناوچەیەن.

هاوکات فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانی نێونەتوەییش بنکەکانی داعش لە ناو شاری موسڵیان بۆ چوارەمین رۆژی لە دوای یەک بە توندیی بوردومان کرد.

لە باشووری موسڵیش کە ئۆپێراسیۆنەکە سپێردراوە بە پۆلیسی فێدراڵ و هەندێ لە یەکەکانی ئەرتەشی عێراق ، هێزە عێراقییەکان خەریکی ئامادە بوونن بۆ ئەوەی کە ئاوایی و شارۆچکەکانی دەورووبەری ئەو شارە ئازاد بکەن. شاری حمام العیل ، لە گرینگترین بنکەکانی داعش لەو تەوەرە دایە کە هێزە عێراقییەکان بەدوای وەرگرتنەوەیین.

لەگەڵ ئەوەشدا حەیدەر عیبادی ، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی یەکە جۆراوجۆرەکانی ئەرتەش لە نزیک موسڵی کردووە. عیبادی لە میانەی ئامادە بوونی لە دەورووبەری مەوسڵ کوتی : ئۆپێراسیۆن بۆ وەرگرتنەوەی ئەو شارە بە باشیی و لەسەر بنەمای ئەو پلانانەی لە پێشەوە داڕێژرون بەرەو پێش چوونە. بەڵام هەر چۆنێک بێ ئەولەویەتی ئێمە پاراستنی گیانی کەسانی مەدەنیە. ناوبراو کوتی : هەموو بەڵگەکان نیشان دەدا کە داعش لەوانە دەست بداتە شێوازی خوێناویی لەو ئۆپێراسیۆنە دا.

لەگەڵ ئەوەشدا ژنراڵ گەری ولسکی ، فەرماندەری هێزە زەمینییەکانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی لە عێراق کوتی : هەندێ لە سەرکردەکانی داعش پاش دەسپێکی ئۆپێراسیۆنی وەرگرتنەوەی موسڵ ئەو شارەیان بەجێ هێشتووە.

چوارەمین رۆژی ئۆپێراسیۆنی ئازاد کردنی موسڵ بە دەست پێکرانەوەی پێشڕەووی هێزە عێراقییەکان لە هەموو تەوەرەکانەوە دەست پێکراوە ؛ بە جۆرێک کە خودی عێراقییەکان و کارناسانی سەربازیی سەریان لە پێشڕەوییە خێراکانی هێزە عێراقییەکان سووڕ ماوە. فەرماندە عێراقییەکان دەڵێن ، ئەگەر ئۆپێراسیۆنەکە هەر بەم جۆرە بەرەو پێش بڕوا تا دوو رۆژی دیکە ئاڵای عێراق لانی کەم لە ناوچەکانی دەورووبەری شاری موسڵ بەرز دەکرێتەوە.

.............
300