١٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٦ - ١٢:٣٩
Source: Mehrnews
ئەمریکا چی دیکە نێوبژیڤانیی هەرێمی کوردستان ناکات ؟

لێدوانەکانی ئەم دواییەی تۆم باراک سەبارەت بە شەڕ و ناکۆکی نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشانەی ئەوەیە ئەمریکا چی دیکە دەستوەردان لە شەڕی هەرێم ناکات.

 لێدوانەکانی ئەم دواییەی تۆم باراک سەبارەت بە شەڕ و ناکۆکی نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتی، بە بەراورد بەو ڕۆڵەی حکوومەتەکانی پێشووی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە سیاسییەکان لە کوردستاندا بینیویانە، ئاماژەن بۆ گۆڕانکاری لە ڕوانگەی واشنتۆن. شرۆڤەکاران بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی مێژوویی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی هەولێر و سلێمانی لە ساڵی 1998 و کۆتایی هاتنی شەڕی براکوژیی نێوان هەردوولا، پێیان وایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترمپ کەمتر ئامادەیە تێچووی دیپلۆماسی خەرج بکات بۆ ئەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا کۆنتڕۆڵ بکات.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترامپ بۆ عێراق و سووریا لە لێدوانێکی دەگمەندا سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی ، داوای لە سەرکردەکانی ئەو دوو لایەنە کرد کۆتایی بە ململانێیە درێژخایەنەکانیان بهێنن و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا بەنیازی ئەوە نییە ڕاستەوخۆ دەستوەردان لەو ناکۆکییانە بکات.

تۆم باراک وێڕای وەسفکردنی قەیرانی سیاسی هەرێمی کوردستان بە زنجیرەیەک ناکۆکی بنەماڵەیی و تایفی، هۆشداریدا لەوەی بەردەوامی ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر چالاکیی کۆمپانیا ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان و سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم دەبێت. ئەم قسانە کە لە کۆبوونەوەی ئینستیتیوتی چاتام هاوس لە لەندەن کراون، بە شێوەیەکی بەرفراوان لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەنگدانەوە و لێکدانەوەیان بۆ کراوە، بە تایبەت کە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی کێشەکانی هەولێر-سلێمانی و ئەگەری گەڕانەوە بۆ پێکهاتەیەکی دوو ئیدارەیی.
گرنگی ئەم لێدوانانە تەنها لە ڕەخنەی ناکۆکی نێوان هەردوو لایەنی سەرەکی کوردستانی عێراقدا نییە، بەڵکوو لە بەشێکی وەڵامەکەی باراکیشدایە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پرسی گەرەنتیەکانی ئەمریکاوە هەیە بۆ پاراستنی مافەکانی کورد و پێکهاتەی فیدراڵی عێراق. باراک، لە ڕاستیدا ڕەتیکردەوە هیچ گەرەنتییەکی تایبەت لە بەرامبەر ئەگەری ناوەندگەرایی لەلایەن بەغداوە دابین بکات و بەرپرسیارێتی پاراستنی پێگەی یاسایی هەرێمی بۆ لایەنە عێراقییەکان جێهێشت.

لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین قسەکانی وەک نیشانەی دابەزینی ئیدارەی ترامپ لە ڕۆڵی تەقلیدی واشنتۆن لە ناوبژیوانی ناکۆکییەکانی ناوخۆی هەرێم و پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ڕێکخستنە سیاسییەکانی ببینین.

Your Comment

You are replying to: .
captcha