گەرووی باب ئەلمەندەب یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییە ئابووری و گرینگەکانە لە جیهاندا و کاریگەرییەکانی لەسەر ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە هێزی سەربازی کەمتر نییە.
ئەم گەروەیە کە پانییەکەی نزیکەی ٣٠ کیلۆمەترە لە تەسکترین خاڵدا، یەمەن لە ئاسیا بە جیبۆتی و ئێریتریا لە ئەفریقا دەبەستێتەوە و وەک پەیوەندییەکی سەرەکی دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن و دەریای عەرەبی و لە کۆتاییدا بە کەناڵی سوێس و دەریای ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە.
ڕۆژانە لەنێوان 7 بۆ 10 ملیۆن بەرمیل نەوت بەم گەروەدا تێدەپەڕێت. هەروەها باب ئەلمەندەب ڕێگای سەرەکی نزیکەی لەسەدا ١٢ بۆ ١٥ی بازرگانی جیهانییە بۆ ئەوروپا و ئەمریکا و بازاڕەکانی ئاسیا و نزیکەی لەسەدا ٢٥ی پێویستی گازی سروشتی شل (LNG)ی ئەوروپا دابین دەکات.
هاتوچۆی کەشتیەکان لە گەرووەکەدا بە نزیکەی ٢١ هەزار کەشتی لە ساڵێکدا مەزەندە دەکرێت کە یەکسانە بە ٥٧ کەشتی لە ڕۆژێکدا و بەهای ئەو بارانەی کە تێیدا تێدەپەڕن ساڵانە نزیکەی ٧٠٠ ملیار دۆلارە.
ئەلجەزیرە دەشڵێت، هەر پەککەوتنێک لە گەرووی هورمزدا، بەتایبەتی ئەگەر هاوکات بێت لەگەڵ وەستانی هاتوچۆ لە گەرووی باب مەندەب، دەکرێت ببێتە هۆی قەیرانی کەشتیوانی جیهانی کە ماوەی گەشتەکە لە نێوان ئاسیا و ئەوروپا لە ٣١ ڕۆژەوە بۆ ٤١ ڕۆژ زیاد دەکات و تێچووی گەشتەکە بۆ کەشتییەکی کۆنتێنەری تێکڕا لە یەک ملیۆن دۆلارەوە بۆ نزیکەی یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار زیاد دەکات، بەدەر لە تێچووی زیادە.
دەرئەنجامەکانی داخستنی گەرووی باب مەندەب
عامر ئەلشوبەکی، شارەزای بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی نەوت و وزە، بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاند، ئەنساروڵا سەلماندوویەتی کە دەتوانێت گەرووەکە لە ڕووی بازرگانییەوە "ناپارێزراو" بکات، ئەمەش زۆر نزیکە لە داخستنی بەتەواوی.
هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠ هێرشیان بۆ سەر کەشتیەکان ئەنجامداوە و کۆمپانیا گەورەکانی ناچارکردووە لە ڕێڕەوی ئاوەکە لاببرێن و ڕۆیشتنی نەوت بەناو گەرووەکەدا لە نزیکەی ٩ ملیۆن بەرمیل لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ٤ ملیۆن بەرمیل لە ساڵی ٢٠٢٤ دابەزیوە.
هەروەها دۆخی گەرووی باب ئەلمەندەب ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەناڵی سوئێز هەبووە، داهاتەکەی لە 10.2 ملیار دۆلارەوە لە ساڵی 2023 بۆ نزیکەی 4 ملیار دۆلار لە ساڵی 2024 دابەزیوە زیادبوونی فشار لەسەر بودجە و نرخی پاوەند.
گەمارۆدانی ڕێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی نەوت
ئەو شارەزایە لە بواری نەوتدا پێی وایە گەورەترین مەترسی لەو کاتەدا ڕوودەدات کە هەردوو هەڕەشەکە (گەمارۆدانی گەرووی هورمز و باب المنداب) کۆبکرێنەوە؛ چونکە دوای پچڕانی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دوای دەستپێکردنی دەستدرێژیی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئێران، سعودیە بۆری “ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا”ی بەکارهێنا بۆ گواستنەوەی نەوت لە ناوچە بەرهەمهێنانەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵات بۆ بەندەری یانبو لە ڕۆژئاوا (لە کەنارەکانی دەریای سوور) بۆ ئەوەی بەشێک لە نەوتەکەی بگەیەنێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی بازاڕەکانی ئاسیا.
ئەلشوباکی دەشڵێت توانای بۆری "ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا" نزیکەی 4.7 ملیۆن بەرمیل لە ترانزێتدا بووە لە لوتکەی قەیرانەکەدا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، کە نیوەی ئەو بۆرییە بۆ چین بووە. نەوت لە یانبوەوە بۆ ئاسیا پێویستی بە تێپەڕبوونی باب ئەلمەندەب هەیە، بۆیە کارتی یەمەنییەکان لە داخستنی باب ئەلمەندەبدا دەتوانێت هەڕەشە لە یەکێک لە گرنگترین بەدیلەکانی سعودیە بکات بۆ تێپەڕاندنی گەرووی هورمز. بەمجۆرە، عەرەبستانی سعودیە، دوای چین و میسر، گەورەترین زیانی داخستنی گەرووی هورمزیان هەیە.
ئەلشوباکی لە کۆتاییدا دەگات کە داخستنی هاوکاتی گەرووی هورمز و باب ئەلمەندەب بازنەی شەڕ فراوانتر دەکات و بەرژەوەندییەکانی میسر، سعودیە، ئەوروپا، چین، هیندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور ڕاستەوخۆ دەخاتە ناو دڵی ئەم قەیرانە.
زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی کە کاریگەری گەرووی هورمز و باب ئەلمەندەبیان لەسەرە
بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆنفرانسی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNCTAD)، گۆڕینی ڕێڕەوی کەشتییەکان لە گەرووی باب ئەلمەندەبەوە بۆ “دەماغەی ئومید نیک” بووەتە هۆی زیادبوونی خواستی جیهانی بۆ کەشتیەکان بە ڕێژەی 3% و بۆ کەشتییە کۆنتێنەرەکان بە ڕێژەی 12% تا ناوەڕاستی ساڵی 2024؛ ئەمەش نوێنەرایەتی گەشەسەندنی فشار لەسەر توانای بەندەری جیهانی و بەرزبوونەوەی تێچووی کەشتیوانی دەکات.
لۆری هیتایان پسپۆڕی بواری وزە ئاماژەی بەوەدا کە کاریگەرییە سەرەکییەکانی داخستنی گەرووەکە تەنیا لە نەوت و گازدا سنووردار نییە، بەڵکوو درێژدەبێتەوە بۆ زنجیرەکانی دیکەی دابینکردنیش، بەو پێیەی سنووردارکردنی باب ئەلمەندەب ئەو کاتەی پێویستە بۆ گەیشتن بە کەلوپەل لە ئاسیا بۆ ئەوروپا بە تێکڕا 15 بۆ 20 ڕۆژ زیاد دەکات، ئەمەش تێچووی گواستنەوە بەرز دەکاتەوە و فشار دەخاتە سەر ئابووری وڵاتانی دراوسێ.
لەمبارەیەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز هۆشداریدا لەوەی تەنها "هەڕەشەی بەردەوام"ی داخستنی گەرووی باب ئەلمەندەب دەتوانێت بازرگانی جیهانی ئیفلیج بکات، چونکە بەرزبوونەوەی پارەی بیمە و گۆڕینی هەڵسەنگاندنی مەترسی لەلایەن کۆمپانیاکانی کەشتیوانییەوە، کەشتیەکان ناچار دەکات ڕێگەی درێژتر بگرنەبەر، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و کاریگەری لەسەر کاڵا و پێداویستییە سەرەتاییەکان دەبێت پێش ئەوەی هەر هێرشێکی ڕاستەقینە بۆ سەر گەرووەکە ڕووبدات.
بۆیە گەرووی باب ئەلمەندەب تەنها خاڵێکی جوگرافی نییە، بەڵکو خوێنبەرێکی گرینگە بۆ وزە و بازرگانی جیهانی و هەر هەڕەشەیەک بۆ داخستنی دەبێتە هۆی شۆکی ڕاستەوخۆ بۆ ئابووری جیهانی، کە هەموو کەرتەکانی گواستنەوە و لۆجستی و بازرگانی نێودەوڵەتی لە دەرەوەی نەوت دەگرێتەوە.
Your Comment