گرووپی نێودەوڵەتی: شەڕی ٤٠ ڕۆژە و پێشهاتەکانی دوای ئەوە جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەیان ئاشکرا کرد کە باڵادەستی سەربازی بە تەنیا گەرەنتی سەرکەوتنی سیاسی و ستراتیژی نییە. لە کاتێکدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە پشتبەستن بە هێزی سەربازی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و ئۆپەراسیۆنە ئاڵۆزەکان پێیانوابوو دەتوانن ئێران ناچار بکەن لە ماوەیەکی کورتدا داواکارییەکانیان قبووڵ بکات، ڕەوتی پێشهاتەکان دەریخست کە حیساباتەکانی واشنتۆن لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای گریمانە نادروستەکان بووە.
بلومبێرگ نیوز لە شیکارییەکی ستراتیژیدا شکستی ئەمریکای لە شەڕ لەگەڵ ئێران بە دەرئەنجامی شەش هەڵەی ستراتیژی گەورە زانیوە؛ هەڵەکان کە بوونە هۆی ئەوەی دەستکەوتە تاکتیکییەکان هەرگیز نەگۆڕدرێن بۆ سەرکەوتنی سیاسی و ستراتیژی.
ئەم شیکارییە لە ڕاستیدا دانپێدانانە بەوەی کە گرنگترین شکستی ئەمریکا نەک لە بەرەکانی شەڕدا، بەڵکوو لەسەر ئاستی ستراتیژی و بڕیاردان ڕوویداوە. ئەم شەش هەڵە ستراتیژییە بەم شێوەیەن: وەهمی کۆتایی هاتنی خێرای شەڕ و بێتوانایی لە بەڕێوەبردنی شەڕی پەرتبوون، بێتوانایی لە تێگەیشتن لە لۆژیکی بڕیاردانی ئێران و گۆڕینی تیرۆری سەرکردەکان بۆ فاکتەری چڕکردنەوەی بەرخۆدان، پشتگوێخستنی سیناریۆ ڕەشبینانەکانی وەک دەرئەنجامەکانی داخستنی گەرووی هورمز، کەلێنی نێوان زۆرترین ئامانجەکان (تەسلیمبوونی ژێئۆپۆلەتیکی ئێران) و ئامرازە سنووردارەکان (نەتوانینی بەکارهێنانی هێزی زەمینی)، لاوازی لە بنیاتنانی کۆدەنگی و دواجار پشتبەستنی ترەمپ بە غەریزە و دەسەڵاتی سەربازی لەبری داڕشتن و جێبەجێکردنی ستراتیژییەکی یەکگرتوو.
یەکەم؛ وەهمی شەڕێکی کورت
یەکەم هەڵەی واشنتۆن بیرۆکەی کۆتایی هاتنی خێرای شەڕ بوو. داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکا پێیان وابوو کە زنجیرەیەک هێرشی قورس و شۆکێکی سەرەتایی دەبێتە هۆی داڕمانی پێکهاتەی بڕیاردانی ئێران و تاران ناچار دەبێت لە ماوەیەکی کورتدا مەرجی نوێ قبووڵ بکات.
بەڵام بە پێچەوانەی ئەم گریمانەیە، ئێران نەک هەر کۆنترۆڵی پێکهاتەی فەرماندەیی خۆی لەدەست نەدا، بەڵکوو بە خێرای دووبارە بنیاتنانەوەی تۆڕی فەرماندەییەکەی و بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکان و پاراستنی یەکگرتوویی ناوخۆیی، شەڕەکەی کردە شەڕی پەرتبوون.
ئەم گۆڕانکارییە لە سروشتی شەڕەکەدا بەشێکی گرنگی حیساباتی سەرەتایی ئەمریکای تێکدا و تێچووی سیاسی و سەربازی واشنتۆنی زیاد کرد.
دووەم؛ بێتوانایی لە تێگەیشتن لە لۆژیکی بڕیاردانی ئێران
ئەمریکا وەک پێویست لە لۆژیکی بڕیاردانی کۆماری ئیسلامی تێنەگەیشت. واشنتۆن پێی وابوو کە سڕینەوەی فەرماندە باڵاکان و تیرۆرکردنی سەرکردەکان دەبێتە هۆی داڕمانی پێکهاتەی سیاسی و سەربازی ئێران. بەڵام ئەنجامەکە تەواو پێچەوانە بوو. ئەم ڕێوشوێنانە نەک هەر نەبوونە هۆی پاشەکشەی ئێران، بەڵکو یەکگرتوویی ناوخۆیی و پاڵنەری خۆڕاگری و ئیرادەی درێژەدان بە شەڕەکەی زیاتر کرد. ئەزمونی شەڕەکە دەریخست کە پێکهاتەی بڕیاردانی ئێران پەیوەست نییە بە تاکەکانەوە، بەڵکوو لەسەر بنەمای تۆڕێک لە دامەزراوەکان و ئەزموونە کەڵەکەبووەکان و میکانیزمی ئەڵتەرناتیڤ دامەزراوە.
سێیەم؛ پشتگوێخستنی سیناریۆ ڕەشبینانەکان
هەڵەیەکی دیکە کە ئەمریکا ئەنجامیدا، پشتگوێخستنی سیناریۆی تێچووی زۆر بوو. واشنتۆن زۆر پشتی بە باشترین سیناریۆی مومکین بەستبوو و وەک پێویست ئامادە نەبوو بۆ دەرئەنجامە ئەگەرییەکانی شەڕەکە، لەوانە قەیرانی گەرووی هورمز، بەرزبوونەوەی تێچووی وزە، پەککەوتنی بازرگانی جیهانی و فراوانبوونی بازنەی ململانێکان.
لەڕاستیدا لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕەکەدا، ئەوە ڕوون بووەوە کە تێچووی ئابووری و جیۆپۆلەتیکی قەیرانەکە تەنیا لەسەر ئێران نەبووە، بەڵکوو لەسەر ئابووری جیهانی و هاوپەیمانەکانی ئەمریکاش بووە. ئەمەش ئازادیی کارکردنی واشنتۆنی بە توندی سنووردار کرد.
چوارەم؛ کەلێنی نێوان ئامانج و ئامرازەکان
بلومبێرگ پێی وایە ئەمەریکا ئامانجی زۆر گەورەتر لە تواناکانی دیاری کردبوو. ئامانجی واشنتۆن گۆڕینی ڕەفتاری ستراتیژی ئێران و تەنانەت ناچارکردنی تاران بوو بۆ جۆرێک لە تەسلیمبوونی ژێئۆپۆلەتیکی؛ بەڵام بە کردەوە ئەمریکا ئامادە نەبوو بچێتە ناو شەڕێکی زەوینی بەرفراوانەوە و تێچوونەکانی لە ئەستۆ بگرێت.
ئەم بۆشاییەی نێوان ئامانج و ئامرازەکان بووە هۆی ئەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا توانای پێویستی بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی نەمێنێت. هەروەها ئەزموونەکانی عێراق و ئەفغانستان نیشانیان دابوو کە چوونە ناو شەڕێکی زەمینی تێچووی زۆر قورسی بۆ واشنتۆن دەبێت؛ پرسێک کە دەسەڵاتی بڕیاردانی ئەمریکای سنووردار کرد.
پێنجەم؛ شکستهێنان لە دروستکردنی کۆدەنگی
میحوەرێکی تری گرنگی شیکارییەکانی بلومبێرگ، لاوازی ئەمریکایە لە پرۆسەی بڕیاردان. بڕیاردان لە بازنەیەکی سنووردار لە ڕاوێژکاراندا، بەبێ ئەوەی بە وردی گریمانەکان تاقیبکرێتەوە و بەبێ گوێگرتن لە ڕوانگە جیاوازەکان، بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی واشنتۆن دوور بن لە واقیعەکانی سەر زەوی.
لەم جۆرە بارودۆخانەدا، داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکی پشتیان بە گەشبینی و خەمڵاندنە لەبارەکانی خۆیان بەستبوو نەک پشت بە شیکاری فرە چین ببەستن؛ ڕێبازێک کە لە کۆتاییدا بووە هۆی حیساباتی هەڵەی گەورە.
شەشەم؛ جێگرتنەوەی دەسەڵاتی سەربازی لەبری ستراتیژی
بە گوێرەی بلومبێرگ دواهەمین هەڵە و ڕەنگە گرنگترین هەڵە زۆر پشتبەستن بوو بە دەسەڵاتی سەربازی و غەریزەی سیاسی. بیرۆکەی ئەوەی کە باڵادەستی سەربازی دەتوانێت جێگەی ستراتیژی بگرێتەوە، بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا نەتوانێت جیاوازی بکات لە نێوان سەرکەوتنی تاکتیکی و سەرکەوتنی ستراتیژیدا. لە کاتێکدا هێرشە سەربازییەکان دەتوانن زیان بگەیەنن، بەڵام بەبێ پلانێکی سیاسی و ستراتیژی ڕوون، مەرج نییە ئەم زیانانە ببنە هۆی گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتی لایەنی بەرامبەردا. شەڕی ئێران ڕێک ئەم واقیعەی نیشان دا.
دەسەڵاتی ئێران؛ ئەو فاکتەرەی کە حیساباتی ئەمریکی تێکدەدات
ئەوەی شەڕی چل ڕۆژە ئاشکرای کرد، تەنیا شکستی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نەبوو، بەڵکوو شکستی مۆدێلێکی بڕیاردان بوو لە واشنتۆن؛ مۆدێلێک کە گریمانە دەکات کە هێزی ئاگر دەتوانێت جێگەی تێگەیشتن لە بەرامبەر بگرێتەوە.
لەم شەڕەدا ئێران نیشانی دا کە دەسەڵاتی نەتەوەیی تەنیا لە کەرەستەی سەربازیدا سنووردار نییە. پاراستنی یەکگرتوویی سیاسی، بەردەوامیی فەرماندەیی، داڕشتنەوەی خێرای پێکهاتەکان، توانای بەرزی ڕێگریکردن، بەڕێوەبردنی هاوکاتی گۆڕەپانی سەربازی و سیاسی و توانای کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان کۆمەڵێک پێکهاتە بوون کە دەستپێشخەرییان بە تاران بەخشی.
ئەم مەسەلەیە ڕێگر بوو لەوەی فشارە سەربازییەکان بگەنە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی ئەمریکا.
نە پێکهاتەی بڕیاردانی ئێران داڕما و نە ئیرادەی بەرەنگاربوونەوە کەم بووەوە، نە زۆرترین ئامانجەکانی واشنتۆن بەدیهات. لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا ڕووبەڕووی زیادبوونی تێچووی سیاسی و ئابووری و قەرز بووەوە و بەشێکی بەرچاو لە متمانەی خۆپارێزییەکەی خرایە ژێر پرسیارەوە.
شیکارییەکانی بلومبێرگ لە ڕاستیدا پوختەیەکی گرنگی ئەزموونی جەنگە؛ کە دەسەڵاتی سەربازی هەرچەندە دەتوانێت سەرکەوتنی تاکتیکی دروست بکات، بەڵام ناتوانێت سەرکەوتنی بەردەوام دروست بکات بەبێ ستراتیژی و زانیاری ورد لەسەر بەرامبەر و هاوسەنگی لە نێوان ئامانج و ئامرازەکاندا.
شەڕی ٤٠ ڕۆژە دەریخست کە گرنگترین سوودی ئێران تەنیا هێزی مووشەکی یان توانای سەربازی نییە؛ بەڵکو پەیوەندی بە هەبوونی لۆژیکێکی ستراتیژی و توانای خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخەکان و پاراستنی یەکگرتوویی نیشتمانی و توانای بەڕێوەبردنی قەیرانەکانە.
گبۆیە تا واشنتۆن واقیعە جیۆپۆلەتیکییەکان و توانا ستراتیژییەکان و لۆژیکی بڕیاردانی ئێران پشتگوێ بخات، ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان هەڵەکانی ڕابردوو لە ئارادایە؛ هەڵەکان کە نەک هەر ناتوانن ئامانجەکانی ئەمریکا بگەن، بەڵکو دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی ستراتیژی ئێران لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا.
Your Comment