کەناڵەکانی ئەلعەرەبی و ئەلحەدەس بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە حکومەتی سووریا بیر لە پلانێک دەکاتەوە بۆ دروستکردنی بۆرییەکی نوێ بە توانای گواستنەوەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لە ناوچە کوردنشینەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە بۆ کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست.
پلانێک کە بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ڕێگە بە گواستنەوەی نەوتی هاوکات لە هەرێمی کوردستانی عێراقیش دەدات و دەکرێت دیمەشق بکاتە ناوەندی هەناردەکردنی نەوت لە ناوچە کوردستانییەکانی عێراق و سووریاوە.
کەناڵەکانی ئەلعەرەبیە و ئەلحەدەس بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویان کردەوە کە پرسی هەناردەکردنی نەوت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە ١٧ی حوزەیران لە نێوان تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و مەزلوم عەبدی (کۆبانی) فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات تاوتوێ کراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، کۆمپانیای ناسراو بە "کۆمپانیای نەوتی سووریا" بەنیازە هێڵی بۆری نەوتی قورس بە توانای ڕۆژانەی 400 هەزار بەرمیل لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست دروست بکات.
هەروەها سەرچاوەکانی ئەلعەرەبیە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم بۆرییە تەنیا لە گواستنەوەی نەوتی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا سنووردار نابێت، بەڵکوو نەوتی هەرێمی کوردستانیش هەناردە دەکات.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە تەنانەت ئەگەری تێکەڵکردنی ئەو نەوتەی ئەو دوو هەرێمە بەر لە هەناردەکردن هەیە.
ڕاپۆرتەکە دەشڵێت، لە کۆبوونەوەی نێوان باراک و عەبدی، جگە لە پرسی بۆری، ڕێکخستنی گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوچە کوردستانییەکان چالاکن، تاوتوێ کراوە.
سەرچاوەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پشکی ناوچە کوردستانییەکان لە بەرهەمهێنانی کێڵگە نەوتییەکان لە قۆناغی یەکەمدا بە نزیکەی لەسەدا 10 دیاری کراوە و بڕیارە لە داهاتوودا ئەم پشکە زیاد بکات.
ئەگەر پلانێکی لەو شێوەیە جێبەجێ بکرێت، ڕێگای هەناردەکردنی نەوتی ناوچە کوردنشینەکانی عێراق و سووریا کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی سیاسی و یاسایی بووەتەوە، گۆڕانکاری بەسەردا دێت و دیمەشق ڕەنگە ببێتە ڕێگای سەرەکی گواستنەوەی نەوت لەو ناوچانە بۆ بازاڕە جیهانییەکان.
بەڵام تا ئێستا هیچ کام لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە حکومەتی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، یان حکومەتی ئەمریکا، بە فەرمی ئەم ڕاپۆرتە و ئەو وردەکارییانەی تێیدا خراوەتەڕوو پشتڕاست نەکردووەتەوە و ئەو زانیارییانەی بڵاوکراوەتەوە تەنها لەسەر بنەمای پاگەندەی سەرچاوە ئاگادارەکانە کە لەلایەن ئەلعەرەبیە و ئەلحەداسەوە وەرگیراوە.
Your Comment