سەید عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ باڵوێزەکانی دەرەوە دانیشتووی تاران، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ کۆبوونەوەکەمان سەبارەت بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکایە کە ڕۆژی یەکشەممە کۆتایی پێهات و واژۆکردنی فەرمیی بەم زووانە ئەنجام دەدرێت.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێدەچێت ڕۆژی هەینی، لە شوێنێک کە دیاری بکرێت و خولی نوێی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە هەمان ڕۆژەوە دەست پێ بکات.
وەزیری دەرەوە زیادی کرد: لە بەیانیی دووشەممەوە بە کاتی تاران، ڕێککەوتنەکە یەکلایی بووەوە، کۆتایی شەڕیش ڕاگەیەندرا، بەڵام دەستپێکی فەرمی ئەم یاداشتە ڕۆژی هەینی دەبێت.
عێراقچی زیادی کرد: بە هۆی سەختی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر ئێران، بڕیارماندا دانوستانەکان بۆ دوو قۆناغ دابەش بکەین.
لە قۆناغی یەکەمدا باس لە کۆتایی هێنان بە شەڕ، گەرووی هورمز و ئازادکردنی پارە بەستووەکانی ئێران و ئاوەدانکردنەوەی کرا. پاشان دانوستانەکان بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ بەردەوام دەبن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، کە باس لە پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان دەکرێت.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: شەڕی هەموو بەرەکان بە لوبنانیشەوە دەبێ کۆتایی پێبێت. بەهۆی ئەو پەیوەندییەی کە شەڕی لوبنان بە شەڕی ئێرانەوە هەیەتی و ئەم دوو بەرەیە وابەستەی یەکتر بوون، لە ڕۆژی یەکەمەوە ئێران کۆتایی هێنان بە شەڕی لوبنان وەک پێشمەرجێک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لەگەڵ ئێران زانیوە.
عێراقچی جەختی لەوە کردەوە: ئێستا کە کۆتاییمان بە شەڕەکە هێنا، شەڕی لوبنانیش کۆتایی دێت. بە بۆچوونی ئێمە دوو لایەنی ئەم یاداشتە، ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی لە لایەک و ئێران و حیزبوڵڵا لە لایەکی دیکە.
کۆتایی هێنان بە شەڕ کۆتایی هێنان بە داگیرکاری لوبنانیش دەگرێتەوە. شەڕەکە بەبێ کشانەوەی ڕژێمی زایۆنی لە لوبنان کۆتایی نایەت.
هەر هێرشێکی سەربازی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر لوبنان لەمەودوا و بەردەوامی داگیرکردنی خاکەکانی لوبنان بە دڵنیاییەوە بە پێشێلکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بە بۆچوونی ئێمە هەژمار دەکرێت.
وەزیری دەرەوە زیادی کرد: ئەو خاڵە گرنگەی لێرەدا دەمەوێت جەختی لەسەر بکەمەوە ئەوەیە کە لە ڕوانگەی ئێمەوە دوو لایەنی ئەم یاداشتە ئەمریکا و ئیسرائیلن لە لایەک و ئێران و حزبوڵڵا لە لایەکی ترەوە.
لە کۆتاییدا سوپاسی پاکستان و قەتەری کرد بۆ ڕۆڵی نێوەندگیرییان.
Your Comment