موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل، جارێکی دیکە هۆشداریدا لەوەی پرۆسەی ئاشتی ئێستا بەبێ ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان سەرکەوتوو نابێت؛ هاوکات داوای لە حکومەتی تورکیا کرد دەستبەرداری سیاسەتی نکۆڵی و سڕینەوە بێت و دان بە بوونی کورددا بنێت لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی کورد.
موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل، جەختی لەوە کردەوە کە ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئێستا و بەدیهێنانی ئاشتی نێوان کورد و حکومەتی تورکیا .
وتیشی: زۆر ڕوون و ئاشکرایە ئەگەر ئۆجالان لە زیندان بمێنێتەوە، ئەم پرۆسەیە پێشناکەوێت. هاوکات داوای کرد دان بە بوونی گەلی کورد بە یاسایی بگیرێت و گۆڕانکاری لە ڕێبازی حکومەتی تورکیا بەرامبەر بە پرسی کورد بکرێت.
قەرەیلان، جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەرکردنی پرسی کورد پێویستی بە گۆڕانکاری لە هەڵوێستی هەردوولا هەیە، وتی: ئێمە گۆڕانکاریمان بەسەردا هاتووە و گۆڕانی پارادایممان لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا دروستکردووە، بە ئاشکرا دەڵێین لە چوارچێوەی ئەم خاڵانەدا دەتوانرێت لە ڕێگەی دیالۆگەوە بە چارەسەرێک بگەین.
جەختیشی کرد: سڕینەوە هێشتا بوونی هەیە، تەواو ڕوونە کە بە عەقڵیەتی نکۆڵی و سڕینەوە ناتوانرێت چارەسەرێکی دیموکراسیانە بەدەست بێت.
بۆ ئەوەی پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکان بەرەوپێش بچێت، حکومەتی تورکیاش دەبێت عەقڵیەتی خۆی بگۆڕێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، "نابێت حکومەت گەلی کوردستان وەک هەڕەشە و دوژمن سەیر بکات، ئەگەر بیەوێت لەڕێگەی گفتوگۆوە بگاتە چارەسەر، نابێت چاوپۆشی لە گەلی کوردستان بکات، ئەگەر گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیەی تێدا ڕووبدات دەتوانرێت گفتوگۆ لەگەڵیان بکرێت، بەپێچەوانەوە ئەستەمە پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکان بەرەوپێش بچێت".
ئەگەر ئۆجەلان لە زینداندا بمێنێتەوە، ئەم پرۆسەی ئاشتییە بەرەوپێش ناچێت.
دەشڵێت: ڕەنگە یاسایەک دەربکەن تەنها بۆ دانانی چەکەکانی پەکەکە، بەڵام ئەمە بەتەنها بەس نییە، پێویستە یاسایەکی چوارچێوەیی هەموو پرسەکان بگرێتەوە.
قەرەیلان ڕوونی کردەوە: "زۆر ڕوونە کە ئەگەر ئۆجالان لە زیندان بمێنێتەوە، ئەم پرۆسەیە بەردەوام نابێت. ئەو بڕیارەی لە کۆنگرەی دوازدەهەمی پەکەکەدا دامان، لە چوارچێوەی ئەم خاڵانەدا بوو. ئێمە نەمانوت "چەک دادەنێین". وتمان "ستراتیژی شەڕی چەکداری دەوەستێنین". بۆ ئەوەی پرسی چەکداماڵین بەرەوپێش بچێت، دەبێت ئۆجالان خۆی سەرکردایەتی ئەم پرۆسەیە بکات؛ بە واتایەکی تر، دەبێت ئازاد بێت ئەمە لە بڕیارەکانماندا هەیە.
زیادیشی کرد: مەرجی یەکەم بۆ ئاشتی ئازادکردنی ئۆجەلانە و لاچوونی سیاسەتی نکۆڵی و سڕینەوەی کورد. ئەگینا پەکەکە چەک ڕادەست ناکاتەوە.
Your Comment