١٢ ئایار ٢٠٢٦ - ١٤:٠٧
Source: Mehrnews
نهێنی تۆمەتەکانی ترامپ لە کورد و پەیوەندی لەگەڵ مەسرور بارزانی

تۆمەتە دووبارەکانی دۆناڵد ترامپ لە دژی “کوردەکان” بەبۆنەی دەستبەسەرداگرتنی چەکی ئەمریکی، ئەو قسە و باسانەی بەهێزتر کردووە کە کۆشکی سپی تێچووی سیاسی شکستەکانی پڕۆژەکانی ئەم دواییەی دەخاتە ئەستۆی کوردەکان.

 چالاکانی سیاسی و میدیایی پێیان وایە کە هێرشە زارەکییەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی “کورد” و تۆمەتبارکردنی بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو چەکانەی کە لە لایەن ئەمریکاوە نێردراوە، زیاترە لە تەنیا ناکۆکییەکی تاکتیکی، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی شکستی پڕۆژەیەکی گەورەترە بۆ گوشار و ناسەقامگیرکردنی ئێران؛ پڕۆژەیەک کە ئێستا لە واشنتۆن و تەلئەبیب ڕووبەڕووی کێشەی لێپرسینەوەی جیدی و لۆمەکردن بووەتەوە.

ترامپ لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەندین جار بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەمریکا چەک و تەقەمەنی لە ڕێگەی کوردەوە ناردووە، بەڵام “کورد” ئەو وەجبانە بۆ خۆی گلداوەتەوە.

تەنانەت له دوایین لێدوانەکانیدا دەڵێت: "کورد تەنها وەردەگرن، وەردەگرن... به ڕاستی له کورد بێ هیوا بووم."

بەڵام زنجیرەیەک ڕاپۆرت و شیکاری کە لەلایەن میدیاکان و ڕۆژنامەنووسان و شارەزایانی ناوچەکەوە بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن کە چیرۆکەکە زۆر ئاڵۆزترە لە گێڕانەوەی سادەی ترامپ.

ماڵپەڕی شیکاریی "ناشناڵ کۆنتێکست" لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی "ترامپ کورد دەکاتە قوربانی بۆ شکستپێهێنانی ستراتیژییەکەی"، نووسیویەتی، پێویستە تۆمەتەکانی ترامپ لە چوارچێوەی شکستی پڕۆژەکەی ئێراندا شیبکرێنەوە؛ پڕۆژەیەک کە لەسەر بنەمای تێکەڵەیەک لە هێرشی ئاسمانی، ئۆپەراسیۆنە ئامانجدارەکان، فشاری ئابووری و چالاککردنی بەرە ناوخۆییەکان بوو.

ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە پێچەوانەی گێڕانەوەی ئێستای ترامپ، پرسی سەرەکی "دزینی چەک" نەبووە، بەڵکوو شکستی گشتیی پڕۆژەیەک بووە کە لەسەر بنەمای لێکدانەوەی نادروست بوو.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا، ڤلادیمێر ڤان ویلگنبێرگ، شارەزای هۆڵەندی لە پرسی کورد، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، سەرەڕای هێرشەکانی ئەم دواییەی ترامپ بۆ سەر گرووپە کوردییەکان، دواجار خۆی خۆی ڤیتۆی پلانی بەکارهێنانی کوردی کرد لە شەڕی ئێراندا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، فشارە دیپلۆماسییەکانی تورکیا و پەیوەندی ڕاستەوخۆی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ ترامپ ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە وەستاندنی پرۆژەکە.

هاوکات، ئەکاونتی شیکاری کوردستان وۆچ پێی وایە کە دووبارەکردنەوەی بەردەوامی ترامپ بۆ ئەم تۆمەتە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە هەندێک لە ئیدیعاکان لەسەر بنەمای زانیاری ڕاستەقینە بێت.

ئەو دەزگایە میدیاییە پاگەندەی کردووە کە ئەگەری زۆرە سیناریۆکە ئەوەیە کە ژمارەیەکی سنووردار لە چەک لە ڕێگەی هەولێرەوە گواستراونەتەوە، ئەمەش دەتوانێت گۆڕانی هەڵسوکەوتی لەناکاوی واشنتۆن لە بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوون بکاتەوە.

بەپێی ئەم ئەکاونتە شیکارییە، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، چەندین دۆسیە لەیەک کاتدا دژی فراکسیۆنی نزیک لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەستیپێکردووە؛ لەوانە زیندووکردنەوەی دۆسیەیەکی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە کە پەیوەندی بە یەکێک لە هاوکارە نزیکەکانییەوە هەیە لە ئەمریکا، کەمکردنەوەی ڕادەستکردنی چەک بۆ هێزی پێشمەرگەی سەر بە پارتی دیموکرات و فشار لەسەر سەرچاوە داراییە نزیکەکانی ئەم پارتە. ئەمە لە کاتێکدایە کە فراکسیۆنی سەربازی نزیک لە قوباد تاڵەبانی و یەکێتی تا ئێستاش بەهرەمەندن لە پشتیوانی ئەمنی ئەمریکا.

هەروەها شیکارییەکە ئاماژە بە دژایەتییەکی ڕوون لە هەڵسوکەوتی ترامپ دەکات؛ تەنها ڕۆژێک پێش هێرشکردنە سەر "کوردەکان"، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی بڵاوکردبووەوە و ڕایگەیاندبوو کە ترامپ لێهاتووە لە مامەڵەکردندا.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بەشێک لە چاودێران پێیان وایە ئامانجی سەرەکی فشارەکانی واشنتۆن هەموو کورد نییە، بەڵکوو بە تایبەتی تۆڕەکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و بازنەی نزیک لە مەسرور بارزانین.

لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمریکاش بەشێک لە کۆمارییەکان دژایەتی هەڵوێستەکانی ترامپیان کردووە. هەروەها پەیجی کۆمارییەکان دژی ترامپ لە تۆڕی ئێکس، بە ئاماژەدان بە قسەکانی نووسیویەتی: "دەبێ هاوڕێ دیکتاتۆرەکەی لە تورکیا دڵخۆش بووبێت بەم هێرشانەی بۆ سەر کورد".

هەروەها جۆ کێنت، بەرپرسی پێشووی دژەتیرۆری ئەمریکا، پڕۆژەی گەیاندنی چەک بە کوردەکان بە "فانتازیایەکی ناواقیعی کە لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بە ترامپ فرۆشراوە" وەسف دەکات.

لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە کورد وەک یەکێک لە هاوپەیمانە گرنگەکانی ئەمریکا لە شەڕی دژی تیرۆردا دەمێنێتەوە.

هاوکات بەشێک لە شارەزایان هۆشدارییان داوە لە دووبارەبوونەوەی بەردەوامی ئەم بابەتە.

جانگ سێگنیک، شارەزا لە پرسەکانی کورددا دەڵێت "شەفافیەت لەم دۆسیەیەدا نییە" و پێناچێت خودی ترامپ ڕوونکردنەوەی ڕوون بداتەوە.

بە کورتی، ئەوەی ئەمڕۆ لە شێوەی توڕەیی ترامپ لە "کورد"دا دەبینرێت، پێدەچێت زیاتر لە هەموو شتێک ڕەنگدانەوەی شکستی ستراتیژییەکی ناوچەیی بێت، کە بەشێک لە تێچووی سیاسییەکەی دەخرێتە سەر شانی ئەکتەرە کوردەکان.

Your Comment

You are replying to: .
captcha