ئەمریکا دوایین بنکەی خۆی ڕادەستی سوپای سووریا کرد، ئەمەش کۆتایی بە نزیکەی دە ساڵ ئامادە بوونی سەربازی لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا هێنا، ئەمەش بە واتای کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دێت.
گۆڤاری ڕیزون نووسی، بۆ یەکەمجار لە ماوەی نزیکەی دە ساڵدا، ئەمریکا سەرجەم بنکە سەربازییەکانی لە سووریا چۆڵ کردووە و کۆتایی بە ئامادەبوونی مەیدانی خۆی هێناوە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئەو وڵاتە.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا و فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایانگەیاند، دوایین بنکەی ئەمریکا له ڕۆژی پێنج شەممه ڕادەستی سوپای سووریا کراوەتەوە .
بەم شێوەیە ئەو ئەرکە کە لە ساڵی ٢٠١٥ بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی هێزە کوردییەکانی سووریا لە شەڕی دژ بە گرووپی داعش دەستیپێکرد، بە فەرمی کۆتایی هات.
لە ساڵانی ڕابردوودا ئەمریکا بوونی سەربازی بە شێوەیەکی سەرەکی لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و لەو ناوچانەدا هەبووە کە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە کۆنترۆڵکراون.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە واشنتۆن بەردەوام بێت لە هاوکارییە ئەمنییەکان و ڕاوێژکارییە سەربازییەکانی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بەبێ ئەوەی بنکەیەکی هەمیشەیی دابمەزرێنێت، بەڵام چیتر هێزی شەڕکەری هەمیشەیی لەسەر خاکی سووریا نابێت.
بوونی ئەمریکا لە سووریا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بووەتە مایەی ناکۆکی لە ناو ئیدارە جۆربەجۆرەکانی ئەمریکا. دۆناڵد ترامپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا چەند فەرمانێکی بۆ کشانەوەی هێزەکانی دەرکرد، بەڵام ئەو بڕیارانە بە تەواوی جێبەجێ نەکران.
پێشهاتە سیاسییەکانی سووریا لە دوای ڕووخانی حکوومەتی پێشوو و هاتنە سەرکاری حکوومەتی نوێ لە ساڵی ٢٠٢٤، بنەمای پێداچوونەوەی بە بوونی ئەمریکای ڕەخساند. بەڵام نائەمنی لەسەر زەوی و گرژی نێوان حکومەتی ناوەندی و هێزە کوردییەکان و زیادبوونی مەترسی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا، پرۆسەی کشانەوەی ئەمریکای خێراتر کرد.
لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٦، دوای پێکدادان لە نێوان هێزە کوردییەکان و سوپای سوریا، ئەمریکا بەشێک لە دیلەکانی داعشی لە باکوری سوریاوە گواستەوە بۆ عێراق. شرۆڤەکاران ئەم کارەیان وەک نیشانەیەک بۆ کۆتایی هاتنی بە کردەیی هاوپەیمانی واشنتۆن لەگەڵ هێزە کوردییەکانی سووریا هەڵسەنگاند.
شارەزایان دەڵێن، کشانەوەی تەواوەتی ئەمریکا لە سووریا لە دۆخێکدا ئەنجامدراوە کە حکومەتی نوێی دیمەشق پەیوەندییەکی تاڕادەیەک ئەرێنی لەگەڵ واشنتۆن هەیە و ئاستی توندوتیژیەکانیش بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی شەڕی ناوخۆ کەمیکردووە.
بەم پێشهاتە، ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی سەربازی ئەمریکا لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریا کە نزیکەی دە ساڵ بەردەوام بوو، بە فەرمی کۆتایی هات.
Your Comment