٢١ شوبات ٢٠٢٦ - ١٣:٥٧
Source: Mehrnews
بۆ توانای مووشەکیی ئێران هێڵی سووری هەمیشەییە؟

پرسی توانای مووشەکیی ئێران و پێداگریی تاران لە "دانوستان‌نەکردن لەبارەیەوە" لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو، دەبێ لە چوارچیوەی لۆژیکی مانەوە لە سیستەمێکی نێودەوڵەتیی پاشاگەردانانەدا لێک بدرێتەوە.

بەشی نێودەوڵەتی: لە جیهانی شەڕئاژووی سیاسەتی نێودەوڵەتی کە دەسەڵات ڕۆڵی دیاریکەری هەیە و دامودەزگا جیهانییەکان لە زۆر جێدا لە ژێر سێبەری زلهێزان ئیش دەکەن، ئاسایشی نیشتمانی کاڵایەک نییە بۆ مامەڵەکردن. پرسی توانای مووشەکیی ئێران و پێداگریی تاران لە "دانوستان‌نەکردن لەبارەیەوە" لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو، بۆتە یەکێک لە گرینگترین تەورەکانی ناکۆکیی ئێران و ڕۆژئاوا؛ لە گوشارەکانی دەوڵەتی ترامپەوە بگرە تا هەڵوێستی هاوئاهەنگی ترۆئیکای ئەورووپی. پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە، بۆ ئێران ئاوا لێبڕاوانە خۆ دەبوێتێت لە چوونە دانوستانی توانای مووشەکیی؟ وەڵامی ئەو پرسیارە لە خود چیەتیی سیستەمی نێودەوڵەتی، ئەزموونە مێژووییەکانی ئێران و لۆژیکی مانەوە لە بەستینی ناسەقامگیردایە.
1. جیهانی بێ‌پشت‌وپەنا و پرێنسیپی خۆیاریدان
لە ڕوانگەی واقیع‌گەرانەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، سیستەمی جیهانی "ئانارشیک"ـه؛ واتە هیچ سەرچاوەیەکی بێ‌لایەن و بەهێز بوونی نییە کە لە ئەگەری دەستدرێژی بۆع سەر وڵاتێک، ئاسایشی دەستەبەر بکات. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشیش لە زۆربەی قەیرانەکاندا نیشانی داوە کە بڕیارەکانیان بەپێرەوی لە ئیرادەی زلهێزانی خاوەن مافی ڤێتۆیە. لە ئاوەها کەشیکدا، هەر وڵاتێک ناچارە خۆی بەرپرسی ئاسایش و مانەوەی خۆی بێت.
بەپێی ئەم لۆژیکە، متمانەی تەنیا بە بەڵێنی ئەمنیی دیتران دەتوانێ پڕتێچو و تەنانەت مەرگهێنەر بێت. ئەزموونی وڵاتانێک بە گەڕەنتیی سیاسیی زلهێزان دڵخۆش بوون، بەڵام لە هەڵدێری مێژوودا تەنیا مانەوە، بۆ زۆربەی دەوڵەتان بۆتە وانەیەک. لەو گۆشەنیگایەوە، دابەزینی توانای سەربازی لە بەستێنێکدا کە هەڕەشەکان ڕاستەقینە و بەردەوامن، نەک هێمای ئاشتەوایی، بەڵکوو جۆرێک ساویلکەیی ستراتژیکییە.
2. ئەزموونی شەڕ و بیچم‌گرتنی دوکتەریەنی مووشەکی
پێداگریی ئعێران بۆ پاراستنی توانای مووشەکیی، پەلی لە ئەزموونێکی بەرپەست و مێژووییدا هەیە: شەڕی 8 ساڵەی لەگەڵ عێراق. لەو سەردەمەدا، ئێران بەرەوڕووی قورسترین تەنگەژەی چەکەمەنی ببوو، لە کاتێکدا کە ڕژیمی سەدام پاڵپشتیی بەربڵاوترین چەکەمەنیی هەبوو. مووشەکبارانی شارەکان، هێرشی کیمیای و بێدەنگیی کۆمەڵگای جیهانی، بۆ ئێران ئەزموونێکی تاڵ و هەرمانی بەدواوە بووە.
هەر ئەو بۆشاییە بەرگرییە، ڕوانگەی ستراتژیکی وڵاتی گۆڕی. بڕیاردەران گەیشتنە ئەو ئاکامەی کە لە هەلومەرجی گەمارۆ و نامتمانەیی بە دابین‌کەرانی بیانی، دەبێ ڕوو لە خۆبەڕیوەبەریی بەرگری بکەن. ئینجا لەو سۆنگەی کە نۆژەن‌کردنەوەی بەربڵاوی هێزی ئاسمانی بە کڕینی فرۆکەی جەنگیی پێشکەوتە بە هۆی گەمارۆکان و تێچووە قورسەکەی نامومکین بوو، گەشەی توانای مووشەکی خۆجێی وەک بژێرەیەکی کردەکی، گونجاوترین هەنگاوی کردەکی و کەم‌تێچوو دەهاتە ئەژمار.
مووشەک لە باری ستراتژیکەوە چەند هەڤیازیی هەبوو: پشتبەستنی کەمتر بە بیانی، تێچووی ڕاگرتنی کەمتەر بە نیسبەتی ناوگانی ئاسمانیی مۆدێرن و هەلی بەرگریی کارا. کەواتە پلانی مووشەکیی ئێران وەڵامێک بوو بە بۆشایی ئەمنیی.
3. بەرگریی نابەرامبەر لە بەستێنێکی نایەکساندا
ئێران لە ناوچەیەکدایە کە یەکێکە لە پڕململانێ‌ترین ناوچەگەلی جیهان. ئامادەبوونی بەربڵاوی سەربازیی ئەمریکا بە هاوێری ئێرانەوە، کڕینی بەربڵاوی چەکی پێشکەوتە لە لایەن وڵاتانی عەرەبیی بەستێنی کەنداوی فارس و توانای سەربازیی پێشکەوتەی ئیسرائیل، هاوکێشەی نایەکسانی هێناوەتە ئاراوە. زۆربەی ڕکابەرانی ناوچەیی ئێران پڕ چەکن بە پێشکەوتەترین فرۆکە جەنگییەکان، سیستەمگەلی بەرگری و جیهازاتی مۆدێرن.
دیارە لە دۆخێکی ئاوادا، ڕکابەریی بەرامبەر بەو دەڤرایەتییە لە چەک پێویستی بە بوودجەیەکی یەگجار زۆر و دەستڕاگەیشتنی ئازاد بە بازاڕی جیهانی چەکە؛ پرسێک کە بۆ ئێران بە هۆی گەمارۆکان مومکین نەبوو. لە ئەنجامدا، ئێران ڕووی لە ستراتژیی "بەرگریی نابەرامبەر" کرد؛ واتە کەڵک‌وەرگرتن لە ئامرازگەلێک کە بتوانێ بە تێچووی کەمتر، توانای بەرگریی خۆی بە شێوەیەکی بەرچاو بباتە سەرێ. لێرەدایە کە توانای مووشەکی مانامەند دەبێت؛ توانستێک کە جۆرێک داڕێژراوە کە لە ئەگەری هەر جۆرە هێرشێک، هەلی وەڵامدانەوەی بەرامبەری هەیە و تێچووی هەر جۆرە هێرشێک لە دژی ئێران بەرزتر دەکاتەوە.
کەواتە لە ڕوانگەی تارانەوە، دانوستان لەبارەی سنووردارکردنی ئەم توانایە، سەرەڕای گەمارۆکان و سەرتربوونی چەک‌وچۆڵی لایەنی بەرامبەر، بە واتای تێکدانی هاوکێشەکان بە زیانی ئێرانە.
4. پرسی سەروەری و ستانداردی دووفاقە
ئێران جەخت لەو خاڵە دەکات کە مووشەکەکانی چەکی باوی بەرگرین، نەک چەکی کۆمەڵکوژ. لە گۆشەنیگای یاسای نێودە وڵەتییەوە، وڵاتانی مافی ئەوەیان هەیە کە بۆ بەرگری لە خۆیان پڕ چەک بن بە چەکی باو. لە کاتێکدا کە زلهێزان و هەندێک وڵاتی ناوچەیی، خاوەن هێزێکی چەکەمەنیی بەربڵاوی مووشەکی و تەنانەت ئەتۆمین، داواکاری بۆ سنووردارکردنی توانای مووشەکیی ئێران لە ڕوانگەی تارانەوە نیشاندەری ستانداری دووفاقەیە.
ئەم هەستی هەڵاواردنە، پەیوەستە بە پرسی سەروەریی نیشتمانی. ئێران خۆی بە وڵاتێکی سەربەخۆ دەزانێت کە مافی ئەوەی هەیە لەبارەی پێکهاتەی بەرگریی خۆی بڕیار بدات. قبووڵ‌کردنی سنووردارێتیی داسەپاوە لە بواری بەرگری بە مانای دابەزینی پێگەی وڵات و قبووڵ‌کردنی جۆرێک نایەکسانیی پێکهاتەیی لە سیستەمی نێودەوڵەتییە. کەواتە باسەکە تەنیا تەکنیکی و سەربازی نییە و توانای مووشەکی لە ئەدەبیاتی فەرمیی ئێران نەک ئامرازێکی سەربازی، بەڵکوو هێمای خۆبەڕیوەبەری و سەربەخۆییە.
5. ئەزموونی ڕێککەوتنی ناڤۆکی و نیگەرانییەکان لە سەراولێژی
یەکێک لە هۆکارە گرینگەکان لە دژایەتی لەگەڵ دانوستانی مووشەکی، ئەزموونی ڕێککەوتنی ناڤۆکییە. ئێران لەو ڕێککەوتنەدا سنووردارێتیی بەربڵاوی قبووڵ کرد، بەڵام بە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتن و گەڕانەوەی گەمارۆکان، نامتمانەییەکی قووڵ هاتە ئاراوە. ئینجا ئەم ئەزموونە بۆ زۆربەی بڕیاردەرانی ئێران ئەو پەیامەیە هەبوو کە تەنانەت هەڤیازیی گەورەش ناتوانێ گەڕەنتی بۆ پابەندبوونی لایەنی بەرامبەر وەدی بێنێت.
لەو ڕووەوە، نیگەرانی لە "سەراولێژیی خلیسک" هاتە ئاراوە؛ واتە ئەگەر ئێران ئەوڕۆ لەبارەی بڕەو یان ژمارەی مووشەکەکانی دانوستان بکات، سبەی داواکاریی نوێ دێتە گۆڕێ: وەک کەمکردنەوەی زیاتری توانای بەرگری، سنووردارکردنی پێگەی ناوچەیی یان گۆرانی ئاکاری سیاسیی ئێران. کەواتە دانانی هێڵێکی سووری ڕوون، وەک ئاستەنگێک دەچێت لە بەرامبەر گوشارە ڕوو لە زیادبوونەکان کە دەتوانێ بە شێوەی پەیتایی توانای بەرگریی وڵات لاواز بکات.
6. هێزی سەخت وەک پاڵپشتیی دیپلۆماسی و ئابووری
لە ڕوانگەیەکی واقیع‌گەرانەوە، دیپلۆماسی بەبێ پاڵپشتیی هێزی سەخت ناکارامەیە. دانوستان کاتێک کارایە کە لایەنی بەرامبەر بزانێت کە ئامرازگەلی گوشار و وەڵامتان بەدەستەوەیە. توەانای مووشەکی، لە ڕوانگەی ئێران، پێگەی چەنەلێدانی وڵات تۆکمەتر دەکات و دەبێتە ئاستەنگێک لە بەردەم بە چەواشەداچوونی دانوستانەکان و دابەزینی پێگەی ئێران لەو دانوستانانەدا.
جگە لەوە، ئاسایش پێش‌مەرجی گەشەی ئابوورییە. لە ناوچەیەکی پڕ لە ململانێ، ئەگەر ژێرخانە گرینگەکانی وەک پاڵاوگە، بەندەرەکان و وزەخانەکان بکەونە بەر هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و بێ‌وەڵامدەرانە، سەرمایەدانەری و گەشەی ئابووری بە ڕادەیەکی زۆر زیان دەبینێت. بەلام بەرگریی کارا دەتوانێ ئەگەری هێرشی پڕتێچو کەم بکاتەوە و سەقامگیریی ڕێژەیی وەدی بێنێت. لەو سۆنگەوە توانای مووشەکی جۆرێک بیمەی مانەوە و ئابووریی وڵاتە.
ئاکام
پێداگریی ئێران بۆ دانوستان نەکردن لەبارەی توانای موشەکی دەبێ لە چوارچیوەی لۆژیکی مانەوە لە سیستەمێکی نێودەوڵەتیی پاشاگەردانانەدا لێک بدرێتەوە. ئەزموونی شەڕ، گەمارۆی درێژخایەن، نامتمانەیی بە گەڕەنتی بیانی و هاوکێشەی نایەکسانی ناوچەیی، هەر هەموویان لە سەرهەڵدانی ئاوەها هەڵوێستێکدا دەستی باڵایان هەیە. بەو هۆیە توانای مووشەکی تەنیا ئامرازێکی سەربازی نییە، بەڵکوو کۆڵەکەی بەرگری و گەڕەنتیی پێشگری لە سەربزێویی شیمانەیی لە دژی وڵاتە.

Your Comment

You are replying to: .
captcha