، بەڵگە و ڕاپۆرتە نوێیەکان کە زانکۆی "بروان" لە ژێر ناوی "پڕۆژە تێچووەکانی شەڕ" بڵاوی کردۆتەوە، نیشان دەدەن کە ڕژیمی زایۆنی بەبێ پاڵپشتیی ماڵیی زۆری ئەمریکا، کە لە ئاکتەوبری 2023ـهوە تا ئێستا زیاتر لە 21 ملیارد دۆلار بووە، نەیدەتوانی شەڕەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین درێژە پێ بدات.
ئەو ڕاپۆرتانە نیشان دەدەن کە ڕژیمی زایۆنی بەبێ یارمەتی چەک و داراییەکانی ئەمریکا، توانای درێژەی کۆمەڵکوژییەکانی غەزە و دەسپێکی شەڕ لەگەڵ ئێران و بوردومانە بەردەوامەکانی یەمەنی نەبوو، بە چەشنێک کە شرۆڤەگران بەپێی دەرکەوتەکانی ئەو ڕاپۆرتە، بەو ئەنجامە گەیشتوون کە شەڕەکانی ئیسرائیل لە غەزە و بەگشتی لە ناوچەدا بە پاڵپشتیی ماڵی و دیپلۆماتیکی ئەمریکا ئەنجام دەدرێن.
بەمجۆرە ڕژیمی زایۆنی لە ئاکتەوبری 2023ەوە تا ئێستا تەنیا لە غەزەدا لانیکەم 67 هەزار و 160 فەلەستینی شەهید کردووە و زیاتر لە 169 هەزار کەسیش لەو کەرتەدا بریندار بوونە. هەزاران کەس هێشتا لە ژێر داروپەردووەکانی غەزەدا نەدۆزراونەتەوە و دەیان کەسیش لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر یەمەن کوژراون و لە هێرشی مانگی ژوئەنی ئەو ڕژیمە بۆ سەر ئێرانیش زیاتر لە یەک هەزار کەس شەهید کران.
ئەمانە و زۆرتری ئەنجامی ئەو ڕوو هەڵماڵراوییەن کە ڕژیمی زایۆنی لە سای پاڵپشتییە لێنەبڕاوەکانی ئەمریکا لە ناوچەدا ئەنجامی داوە و هانی داوە بۆ هێرش و دەستدرێژیی تەنانەت بۆ سەر کەرتی ڕۆژئاوایی، هێرش بۆ سەر شار و گوندەکانی لوبنان و شەهیدکردنی زیاتر لە 4 هەزار هاووڵاتی لوبنانی و شەڕی 12 ڕۆژەی لە دژی ئێران و هاوکات پەلامارە پەیتا پەیتاکانی بۆ سەر یەمەن.
هەر بۆیە توێژەران ئەو هەڵمەت و دەستدرێژییانەی ئیسرائیل دەبەنەو سەر پاڵپشتیی هەمیشەیی ئەمریکا لەو ڕژیمە و لە ڕاپۆرتی ویلیام هارتونگ، توێژەری باڵای "ڕێکخراوی وڵاتداریی بەرپرسانەی کوئینسی"دا بە ئاماژە بە یارمەتیی 31.35 تا 33.77 ملیارد دۆلاریی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە 7ی ئاکتەوبری 2023 تا ئێستا، هاتووە: بە ئاوڕدانەوە لە ئاستی تێچووەکانی ئێستا و داهاتوو، ڕوونە کە ئەرتەشی ئیسرائیل بەبێ دابینکاری ماڵی، چەک و پاڵپشتی سیاسیی ئەمریکا، ناتوانێ وێرانییەکی لەو چەەشنە لە غەزەدا بەدی بێنێت، یان چالاکییە سەربازییەکانی لە هەموو ناوچەکە پەرە پێ بدات.
ئەو ڕاپۆرتانە نیشان دەدەن کە چۆن پاڵپشتی ئەمریکا لە ئیسرائیل، بۆتە هۆی دەستدرێژی و جەنایەتەکانی ئەو ڕژیمە لە چەند بەرەدا، لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوو؛ پاڵپشتییەک کە بە گوێرەی کارناسان کە تەنیا ماڵی نەبووە، بەڵکوو چەک و جیهازاتی پێشکەوتەی جەنگیشی لەخۆ گرتووە.
سەیرتر ئەوەیە کە پاڵپشتییەکانی ئەمریکا لە ئیسرائیل تەنیا تایبەت بە پارتێکی سیاسی نەبووە و نییە و ئەو پاڵپشتییانە بۆتە پرسێکی سەرووحزبی کە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوو و سەرەڕای گۆڕانی دەوڵەتەکان، وەک خۆی بەردەوام بووە و ئیسرائیل لەمناوە گەورەترین وەرگری یارمەتییە ساڵانەکانی ئەمریکا بووە (زیاتر لە 150 ملیارد دۆلار تا ساڵی 2022).
Your Comment