٢٥ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٣:٤٧
Source: Mehrnews
بۆچی تێکەڵ بوونی هەسەدە لەگەڵ هێزی جۆلانی هاوکاتی چەکدانانی پەکەکە بوو؟

نەیشنەڵ کانتێکست لە ڕاپۆرتێکدا دەڕوانێتە دوامۆڵەتی دیاری‌کراو بۆ ئاوێتەبوونی هەسەدە لە ئەرتەشی سووریا و چەکدانانی پەکەکە تا کۆتایی ئەمساڵی زایینی و دەپرسێت، ئایا هاوکاتی ئەو دوامۆڵەتانە، بڕیارێکیان لەپشتە یان بەهەڵکەوتن؟

 بەشی نێودەوڵەتی: ئەحمەد شەرعی سەرۆک کۆماری سووریا لەم دواییە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە دەبێ ڕەوتی ئاوێتەبوونی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک تا کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی پێ بێت؛ ڕەوتێک کە ئەکتەرانێکی تری وەک تورکیا دەستێوەردانی تێدا دەکەن. هاوکات، سەرۆک پەرلەمانی تورکیا جەختی کرد کە ڕاسپاردەی کۆمیسیۆنی تایبەتیی پەرلەمانی بۆ لێکدانەوەی ڕیفۆڕمی یاسایی هاوپەیوەند بە ڕەوتی ئاشتیی پەکەکەش دەبێ لە هەمان کاتدا بگاتە ئەنجام.

پەیوندیی نێوان ئەو دوو ڕەوتە بەهەڵکەوت نییە. لە لایەکەوە هەسەدە و یەکینەکانی پاراستنی گەل دەمێکەیە کە لە لایەن تورکیاوە وەک باڵێکی پەکەکە چاو لێ‌دەکرێت؛ هەسەدەش ئەگەرچی دان بە "هاوبەشی ئایدیۆلۆژیک" لەگەڵ پەکەکەدا دەنێت، بەڵام خۆی بە ڕێکخراوێکی سەربەخۆ دەزانێت.

بەوەشەوە پاش دەسپێکی ڕەوتی ئاشتی پەکەکە لە ئاکتەوبری 2024دا، پرسیار لە شوێنی هەسەدە لەو ڕێککەوتنەدا هاتۆتە ئاراوە؟ پرسیارێک کە کاتی خۆی بووە هۆی هەڵوەشانەوەی ئاشتەوایی تورکیا و پەکەکە لە 2015 و ئەوەی کە چۆن لەو ساڵەدا مژاری یەپەگە سەرەکی‌ترین هۆی تێکچوونی ڕەوتی دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان کورد و تورکیا بوو.

ئەگەرچی لە ڕەوتی ئاشتیی 2024 و دانوستانە نهێنییەکان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەست دەکرێت، تورکیا تا ڕادەیەک لەو هەڵوێستانەی کشاوەتەوە و دۆسیەی پەکەکەی لە هەسەدە جودا کردۆتەوە. ڕەنگە تورکیا لەو هەڵویستە نوێیەدا بەدوای تۆکمەی بەرەی ناوخۆییە بۆ ئەوەی لە گۆڕانکاریگەلی گەورەی ناوچەیی زۆرترین بەهرە ببات.

لەمناوە بەڵام لێدوانی ئەمدواییەی شەرع سەبارەت بە "ڕێککەوتنی پشت‌پەردەی لەگەڵ ڕووسیا" کە بۆتە هۆی ڕووخانی خێراتری حکوومەتی ئەسەد، نیشان دەدا کە هەنگاوە سەرەتاییەکانی گۆڕینی ڕژیمی سووریا پێشتر دابین کراوە و هەر ڕێککەوتنێک لە نێوان شەرع و مسکۆ لەو کاتەدا، بە ئەگەری زۆرەوە لە ئاراستەی تورکیادا تێپەڕیوە؛ هۆکارێک کە بۆ جارێکی تر پەیوەندیی ڕاستەوخۆی ڕەوتی ئاشتیی پەکەکە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سووریا بەرجەستەتر دەکات.

خشتەی ڕەوتی ئاشتی پەکەکە و گۆڕانی هاوکێشەی هێزی ڕۆژهەڵاتی ناوین

ـ ئاکتەوبر 2024: بڕیاری ئاشتی لەگەڵ کوردەکان لە لایەن دەوڵەت باخچەلی

ـ نوامبێر 2024: سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا

ـ دیسامبێر 2024: ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد

ـ 27ی فێڤرییە 2025: بانگەوازی ئۆجەلان بۆ چەکدانانی پەکەکە

ـ 10ی مارچ 2025: ڕێککەوتنی ئاوێتەبوونیهەسەدە لە ئەرتەشی سووریا

ـ 5ی مەی 2025: کۆنگرەی پەکەکەک بۆ پەسندکردنی بڕیاری چەکدانان

ـ 13ی جوونی 2025: دەسپێکی شەڕی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل دژی ئێران

ـ 11ی جووڵای 2025: بەڕیوەچوونی ڕیوڕەسمی هێمایینی چەکدانانی پەکەکە

ـ 13ی جووڵای 2025: دەسپێکی شەڕەکانی سوەیدا

ـ 5ی ئەگێست 2025: پێکهاتنی کۆمیسیۆنی چەکدانان لە تورکیا

ـ کۆتایی 2025: دوامۆڵەتی دیاری‌کراو بۆ ئاوێتەبوونی هەسەدە و ڕیفۆڕمی یاسایی شایانی باسە کە ڕێککەوتنی مارچی 2025ی نێوان مەزلووم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع تەنیا سێ حەوتە پاش بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ چەکدانان بووە؛ ڕێککەوتنێک کە بە ناوبژیگەریی ئەمریکا ئەنجام درا. لە کاتێکدا کە شەرع پاش کۆمەڵکوژیی سەدان عەلەوی لە کەنارئاوەکانی سووریا بە ڕادەیەکی زۆر لاواز ببوو. دیارە گوشاری واشنتۆن لەو ڕێککەوتنەدا ئاشکرا بوو، بە ڕادەیەک کە کۆبانی بە کۆپتەری ئەمریکایی چووە شوێنی واژۆی ڕێککەوتنەکە.

ئێستاش کە دوامۆڵەت بۆ ئاوێتەبوونی هەسەدە و هەروەها دوامۆڵەتی کۆمیسیۆنی ڕیفۆڕمی پەرلەمانی تورکیا، کۆتایی ئەمسالی زایینی (2025) دیاری کراوە، دەردەکەوێت کە ئەم دوو ڕەوتە بەکردەوە لە یەک چوارچێوی هاوئاهەنگیدان و ئەمە دەتوانێ ببێتە هۆی زیانگەیشتن بە هەر دوو ڕەوتەکە.

بە چەشنێک کە سەرەڕای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چەکدانانی هێمایین لە لایەن پەکەکە و سووتاندنی چەندین چەک لە لایەن شەڕڤانانی ئەو ڕێکخراوە، ڕاستییە مەیدانییەکان پێمان دەڵێن کە ئەو گرووپە هێشتاش لە کوێستانەکانی کوردستاندان و تەنانەت ڕاپۆرتگەلێک لە پەرەسەندنی تۆڕی تۆنێلەکانیان بڵاو بۆتەوە و ئەمەش نیشان دەدا کە ڕەوتی ئاشتی هێشتاش لە قۆناغێکی شکێنەر دایە.

بێ گومان بوونی ئەو دۆخە بە مانای شکستی یەکجاری نییە، بەڵام دەسەلمێنێت کە ئاڵۆزی و تێکچرژانی ئەم ڕەوتانە، سەرکەوتنیان دەستەبەر ناکات و هەمیسان ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئەگەر ئاوێتەبوونی هەسەدە لە ئەرتەشی سووریادا سەر نەگرێت، ئایا ڕەوتی ئاشتیش لە ناوخۆی تورکیا بەردەوام دەمێنێت، یان بەپێچەوانەی، ئەگەر تورکیا دەستێوەردانی سەربازی لە سووریادا بکات، ئایا پەکەکە بە کردەوە لە ڕەوتی چەکدانانی دەکێشێتەوە؟

کەواتە، هاوکاتی و هاوئاهەنگی نێوان ئەو دوامۆڵەتەکان بۆ هەر دوو ڕەوتەکە نیشاندەری پەیوەندیی نەپچڕاوەی نێوان ڕەوتە هاوپەیوەندەکان بە هەسەدە و پەکەکەیە و دەبێ چاوەروان بین بزانین تا کۆتایی ئەمساڵی زایینی شایەدی چ ئەنجامێک لە سووریا یان تورکیا دەبین.

Your Comment

You are replying to: .
captcha