بەشی نێودەوڵەتی: تورکیا پاش ڕووخانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد، هەلێکی ستراتژیکی بۆ پێشخستنی زێدەخوازییە کۆنەکانی لە سووریادا بۆ ڕەخساوە؛ بایکۆتی خۆبەڕیوەبەریی کوردەکان و پەرەدان بە ئامادەبوونی سەربازیی لە سەرتاسەری سووریا. بەلام لەم دواییەدا ئەنقەرە بۆی دەرکەوتووە کە ئەم زێدەخوازییەی لە لایەن ڕکابەرێکی نوێ بە ناوی ئیسرائیل بەرەو ئاستەنگ بۆتەوە.
ئیسرائیل بە فەرمی ئۆپەراسیۆنی خۆی لە سووریا بە ئۆپەراسیۆنێکی بەرگرانە بە تەرکیز لە سەر پاراستنی سنوورەکانی دەناسێنێت. بەڵام مۆدێلی هێرشەکان و پەیامە سیاسییەکان نیشاندەری ڕۆژەڤێکی بەربڵاوترە: پێشگری لە هێژمۆنیی هەر دەسەڵاتێکی ناوچەیی یەکە بە سەر سووریای پاش شەڕ.
چەندین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و مۆڵگەکانی تورکیا لە هاوێری دیمەشق، حەما و حومس، نیساندەری هەوڵێکی سیستماتیکە بۆ کۆنتڕۆڵی زێدەخوازییەکانی ئەنقەرە. هەروەها ڕیوایەتی ئیسرائیل لە "پاڵپشتیی لە کەمینەکان" ڕاستەوخۆ لە دژی هەوڵەکانی تورکیا بۆ لەناوبردنی ئۆیۆنۆمیی کوردەکانە.
تورکیا لە ئێستادا و بۆ خۆپاراستن لە سووکایەتی ناوخۆیی و هاوکات داڕشتنەوەی هێوری بژێرەکانی، بێدەنگی گرتۆتە بەر. بەڵام بەبێ میکانیزمێک بۆ ئیدارەی ئەم ڕکابەرییە، مەترسیی هەڵەی ستراتژیک بەرزتر دەبێتەوە. لە هەلومەرجێکدا کە سووریا لە قۆناغی تێپەڕینی شکێنەریدایە، ڕکابەریی نوێی ناوچەیی دەتوانێ بۆ جارێکی تر ئەو وڵاتە بکاتە مەیدانی شەڕێکی جێگرەوانە.
بەرژەوەندییەکانی تورکیا
بۆ تورکیا، سووریا هەم سنوورێکی ستراتژییە و هەمیش پێداویستییەکی سیاسی ناوخۆییە. لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا ئیدارەی خۆسەری کوردی سووریا بە بەشێکی دانەبڕاوەی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) دێتە ئەژمار و بۆ ئەنقەرە، سەقامگیربوونی ئۆتۆنۆمیی هێزەکانی دیموکراتیکی سووریا(هەسەدە) هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە لە دژی ئاسایشی نیشتمانیی.
لە گۆشەنیگای سەربازییەوە، تورکیا بەدوای بنکەگەلی پێشڕەو و ناوەندە هەواڵگرییەکان لە سەرتاسەری سووریایە؛ شوێنگەلێکی وەک بنکەی ئاسمانیی حەما و دامەزراوەی T4 لە پالمیرا لە لایەن تیمگەلێکی تورکیاوە وەک شوێنی لەنگر بۆ قووڵایی ستراتژیکی درێژخایەن لە سووریا لێکدراونەتەوە.
لە گۆشەنیگای سیاسییەوە، ئەنقەرە خوازیاری دەوڵەتێکی بەهێز لە سووریایە کە توانای ئیدارەی گەڕاندنەوەی پەنابەران، سەقامگیری ئابووری و پێدانی ڕۆڵی پێشڕەوانە بە تورکیای لە نۆژەنکردنوەدا هەبێت و لەو سۆنگەوە سووریایەکی پارچەپارچە بۆ ئەنقەرە ناسەقامگیریی هەمیشەیی بەدواوەیە و ئەمە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی دەبێت بۆ سنوورەکانی تورکیا.
یەکەمایەتییەکانی ئیسرائیل
بەلام یەکەمایەتییەکانی ئیسرائیل تەواو جیاوازە و ئامانجی سەرەکیی سەربازیی تلاڤیڤ، پێشگری لە جێگربوونی هەمیشەیی هێزە دژبەرەکان لە نزیکی سنوورەکانیەتی و بۆی گرینگە کە ئازادی جووڵانەوەی لە هەرێمی ئاسمانی سووریا بۆ پێشگری لە هەڕەشەکان و نمایشی بەرگریی دەستەبەر بکات.
لەو ڕوانگەوە، پارچەپارچەبوونی سووریا بۆ ئیسرائیل بەسوودترە لە تەرکیزی هێز. سووریای دابەشبوو بە ناوچە ئۆتۆنۆمییەکان، بە دامودەزگای لاواز و ئامادەبوونی هێزی بیانیی کەم، هەلی مانۆڕدانی زیاتر بە ئیسرائیل دەدات.
هەڵمەتەکانی ئیسرائیل
لە سەرەتای 2025، بەرپرسان و شرۆڤەکارانی ئیسرائیلی بە ئاشکرا دژایەتیان لەگەڵ پەرەسەندنی ڕۆڵی تورکیا لە سووریا دەربڕی و ئەنقەرەیان بە هەوڵدان بۆ سازدانی "دەوڵەتێکی دارەدەست" لە سووریادا تۆمەتبار کرد کە دەتوانێ ڕێخۆشکەر بێت بۆ پەرەسەندنی هێزی تورکیا و سەرهەڵدانی ناوەندێکی بەهێزی ڕکابەر.
هەر بۆیە لە ئابریلی 2025دا، ئیسرائیل ئەم ڕوانگەی بە ئاراستەی کردەکیدا برد و کۆمەڵە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر بنکە ئاسمانییەکانی سووریا کە تیمەکانی تورکیا دایاننابوو بۆ جێگرکردنی پلانی داهاتووی سووریا، کردە ئامانج و لەمناوە هێرش بۆ سەر بنکەی T4 لە پالمیرا و فرۆکەخانەی سەرەکیی حەما وەک "هوشدار"ێک لێک درایەوە.
ئینجا لە ئەگێستی 2025ـیشدا هێرشی ئیسرائیل بۆ باشووری دیمەشق بووە هۆی خاپووربوونی ناوەندێکی هاوپەیوەند بە سیستەمە جاودێرییەکانی تورکیا لە کەسوە و هەر لەو مانگەدا، هێرشەکان بۆ سەر حومس، سایتگەلێکی کردە ئامانج کە وەک دەوترا پەیوەستە بە سیستەمە چەکەمەنییە دابینکراوەکان لە لایەن تورکیاوە.
ستراتژیی پارچەپارچەیی
ئەو هێرشانە هاوسەنگن لەگەڵ دوورنوێنی سیاسیی بەربڵاوتری ئیسرائیل بۆ سووریایەکی لاواز و دابەشکراوە. بەڵێنی ئیسرائیل بە پاڵپشتی و داکۆکیی لە کەمینەی درۆزی، هەوڵەکانی دیمەشق و ئەنقەرە بۆ ئاوێتەکردنی دووبارەی ناوچەگەلی دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت ئاڵۆزتر دەکات.
لەمناوە ئەگەرچی ئیسرائیل بە فەرمی بەڵێنیی پاڵپشتیی بە کوردەکانی سووریا نەداوە، بەڵام ڕاوێژ و هەڵسوکەوتەکانی، بەڕوواڵەت بۆتە هۆی بەجەربەزترەبوونیان. ڕێبەرانی ئیدارەی خۆسەری کوردی لە ڕۆژهەڵات و باکووری سووریا لەمدواییەدا هەڵوێستی توندتریان لە دانوستانەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی گرتووە و ئەحمەد شەرع لەمدواییەدا ئاماژەی بەوە داوە کە هەسەدە سازانێکی کەمتر لە خۆیان نیشان دەدەن و ئەم بابەتە هەوڵەکان بۆ ئاوێتەکردنیان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکە دژوارتر دەکات.
دیارە درێژەی ئەم بەربەستە مەترسیی سەرگرتنی سووریایەکی پارچەپارچە زیاتر دەبێت؛ سناریۆیەک کە زیاتر لە هەمووان تورکیا دەترسێنێت، چونکە سووریا تا زیاتر بە ئاراستەی ئیتنیکی و مەزهەبیدا بڕووخێت، گەڕاندنەوەی پەنابەران، سەقامگیرکردنی ئابووری و کۆنتڕۆڵی ئایدیای کوردەکان بۆ تورکیا دژوارتر دەبێت.
بێدەنگیی سیسماتیک
ئەنقەرە جارێک بێدەنگی ستراتژیکی گرتۆتە بەر و بە بەهانەدان بە هێرشەکانی ئیسرائیل، خۆ بەدووڕ دەگرێت لە قبووڵکردنی لاوازیی و ئەردۆغان لە کاردانەوە نیشاندان لە ژێر گوشار نەتەوەپەرەستانە دەپارێزێت.
بەلام ئەم دانبەخۆدا گرتنەش سنووردارە و ئەگەر هێرشی ئیسرائیلی ببێتە هۆی کوژرانی پێرسۆنێلی تورک یان لەناوچوونی جیهازاتی تورکیایی، گوشاری ناوخۆ دەتوانێ دەوڵەت ناچار لە کاردانەوە بکات. هەروەها ئەنقەرە ڕەنگە بەو ئەنجامە بگات کە بۆ بەرگری لە هێرشەکانی داهاتوو دەبێ دەستپێشخری بکات؛ هەڵمەتێک کژە مەترسیی ڕەوتی تۆڵەکردنەوە بەرزتر دەکات.
لە ئاوەها سناریۆیەکدا، دوورنوێنی دامەزرانەوەی وڵاتێکی سەقامگیر، یەکپارچە و ئاوەدان لە سووریا تا ڕادەیەکی زۆر لەناو دەچێت و بۆ جارێکی تر، ئەوە خەڵکی ئاسایی سووریان کە تێچووە قورسەکەی دەبێ بدەنەوە.
Your Comment